عێراق.. یەکێتی ئەوروپا 72 ملیۆن یۆرۆی بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە وێرانەکانی شەڕی داعش تەرخانکرد

عیراق

09/12/2018‌ 447 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حکومەتی عێراق و یەکێتیی ئەوروپا، سێ رێککەوتنیان پەیوەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان لەدەستی داعش، واژۆکرد.

یەکێتیی ئەوروپا بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی ناوچە وێرانبووەکان، بڕی 72 ملیۆن و 500 ھەزار یۆرۆ قەرز بە حکومەتی عێراق دەدات. شاندێکی یەکێتیی ئەوروپاش بەسەردانێک لە عێراقە و ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان بەسەردەکاتەوە.

رێککەوتنەکان لە بەغدا بە ئامادەبوونی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و پییەر ئەمیلات، بەڕێوەبەری گەشەپێدان و ھاوکاری بۆ ناوچەکانی ئاسیا و رۆژھەڵاتی نێوەڕاست لە یەکێتیی ئەوروپا، واژۆکران.

فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە "سێ رێککەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوازارییە سەرەکییەکان، چالاککردنی ئابووری، پشتیوانیکردنی زیاتر لە چاکسازیی کەرتی وزە، واژۆکردوە و رێککەوتنەکان پەیوەستن بە جێبەجێکردنی لامەرکەزیەت و پشتیوانیکردنی کەرتی نەوت، ھەروەھا گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان".

پییەر ئەمیلات، بەڕێوەبەری گەشەپێدان و ھاوکاری بۆ ناوچەکانی ئاسیا و رۆژھەڵاتی نێوەڕاست لە یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، گرێبەستەکان وردەکاریی و جێبەجێکردنی ژمارەیەک رێککەوتنە کە لەمیانی کۆنگرەی کوێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی عێراق واژۆیانکردبوو".


پییەر ئەمیلات ڕونیکردەوە "لە قۆناخی یەکەمدا یەکێتیی ئەوروپا 10 ملیۆن یۆرۆ بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێکردن لە ئەنبار، نەینەوا، کەرکووک، سەلاحەدین و دیالە خەرجدەکات بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بە ئارامی و بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و لە قۆناخی دووەمدا، 48 ملیۆن و 500 ھەزار یۆرۆ بۆ بەدیھێنانی بوژاندنەوە و سەقامگیری زیاتر لە میانی گەشەپێدانی خۆجێی لە پارێزگاکانی ئەنبار، بەسرە، دھۆک، ھەولێر، میسان، نەینەوا، سەلاحەدین، سلێمانی و زیقار تەرخاندەکرێت  هەروەها لە قۆناخی سێیەمی رێککەوتنەکەدا،  14 ملیۆن یۆرۆ  بە ئامانجی پشتیوانیکردن لەو ھەوڵانە کە حکومەتی عێراق بۆ چاکسازی لە کەرتی وزە خستوویەتەگەڕ، تەرخاندەکرێت".
هـ ـ ر