عادل عەبدولمەهدی بەرادەستكردنی نەوتی كەركوك بە بارزانی تۆمەتبار دەكرێت

عیراق

10/12/2018‌ 2716 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەمزە جەواهیری شارەزا لەبواری نەوتی عێراق، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بەوە تۆمەتباركرد، كە نەوتی كەركوكی رادەستی مەسعود بارزانی كردووە.

حەمزە جەواهیری لەمیانی لێدوانێكی دەڵێت: لەسەرەتاكانی ئەمساڵ توانای هەناردەی نەوتی هەرێم تەنیا 150 بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەڵام لەناوەڕاستی ئەمساڵەوە ئەو رێژەیە بۆ 400 بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەتەوە.

ئەو شارەزایە گومانی لەو رێژە زیادبوونە دەربڕیوەو راشیگەیاندووە، هەرێمی كوردستان لەو ماوەیە دەیتوانی لە نێوان 50 بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوت زیاد بكات لەهەناردە، نەك 250 هەزار بەرمیل.

حەمزە لەو بارەوە گومانێكی خستووەتەڕوو، بەوەی لەدوای دەستبەكاربوونی عادل عەبدولمەهدی‌و رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێژەكە بۆ 400 هەزار بەرمیل بەرز بووەتەوە، كە ئەوەش نەوتی كەركوكەو هەناردە دەكرێت.

ئەو شارەزایە باسی لەوەش كردووە، كە عادل عەبدولمەهدی ژێر بەژێر لەگەڵ هەرێم رێككەوتووەو نەوتی كەركوكی رادەستی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كردووە، كە لەو بارەشەوە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.

ماوەی رابدروو هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەسەر هەناردەی نەوتی كەركوك گەیشتنە رێككەوتن، كە وا راگەیەنرا، لەهەنگاوی یەكەمدا رۆژانە 50 بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك لەرێگەی بۆری هەرێمەوە هەناردە دەكرێت.

هـ ـ ح