جۆن كیلی.. ئەو جەنڕاڵەی وەك كۆتا كەس كۆشكی سپی بەجێهێشت

جیهان

10/12/2018‌ 742 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
كاتێك سەرۆكی ئەمەریكا بۆ رۆژنامەنووسەكان رایگەیاند، گەورە فەرمانبەری كۆشكی سپی جەنەراڵ جۆن كیلی لەكۆتایی ئەمساڵدا واز لەپۆستەكەی دەهێنێت، ئەو گومانە زۆرانە دەڕەوێنێتەوە، كە ناوبراو لە ژێر فشارێكی زۆردا دەستی لەكاركێشاوەتەوە.

جەنەراڵی خانەنشین جۆن كیلی كێیە؟
كیلی لە 11ی ئازاری 1950 لەبۆستنی ویلایەتی ماساتشوستسی ئەمەریكا لە دایك بووە، ساڵی 1970 چووەتە هێزی دەریایی ئەمەریكی و پلە سەربازییەكانی ئەو هێزەی تەواو كردووە تا گەیشتووەتە پلەی جەنراڵ.

ناوبراو فەرماندەی پێشووی سەركردایەتی باشووری ویلایەتەكانی ئەمەریكا بووەو بەرپرسی پرۆسە سەربازییەكانی ئەمەریكای ناوەراست‌و لاتینی و ناوچەی كاریبی بووە. 

لەو ئەفسەرە پلە بەرزانە بووە یەكێك لە كورەكانی بەناوی "رۆبرت"، كە پلەی ملازمی یەكەم بووە لە هێزی دەریایی لە دەستداوە لەخاكی ئەفغانستان لە ساڵی 2010.

بواری سیاسەت
یەكەم كاری سیاسی جنەراڵ كیلی لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا بەوە دەستیپێكرد، كە یەكەم جار بە وەزیری ئاسایشی ناوخۆو پاشان گەورە فەرمانبەری كۆشكی سپی دامەزرێنرا.

لەكاتی دەستبەكاربوونی وەك وەزیری ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسییەتی سنوورو كۆچ و چەتەی ئینتەرنێت و ئاسایی فرۆكەخانەكان و ئیدارەی كارەساتە سروشتییەكانی لە ئەستۆ گرت.

لەكاتی دامەزراندنیدا ترەمپ لە تویتێكدا رایگەیاندبوو جەنراَل كیلی "ئەستێرەیەكی راستەقینەیە لەناو ئیدارەكەیدا"، رۆژی هەینی رابردووش وەسفی كردبوو بەوەی ئەمەریكییەكی گەورەو سەركردەیەكی مەزنە.

لەماوەكانی رابردوی ئەمساڵدا، كیلی ناچاربوو ئەوە رەتبكاتەوە بەوەی وەسفی ترەمپی بە "گێل" كردبوو، ئەمەش لە پاش وتەی رۆژنامەنووسی خاوەن ئەزمون "بۆب وودوارد"ەوە هات لە نووسینەكەیدا دەربارەی ترەمپ لە ژێر ناوی " ترس: ترەمپ لەكۆشكی سپیدا".

دەوترێت كیلی چەندین جار ئەم وەسفەی بەكارهێناوە و باسی لەوە كردووە، كە هەوڵدان هیچ سودێكی نییە بۆ ئەوەی قەناعەتی پێبكەی". 

لە قسەیەكی تریدا رایگەیاندووە "ئێمە لە شێتییەكی گشتیدا دەژین.. ئەم كارەم لە رەشترین ئەو كارانە بووە، كە لەژیانمدا گرتوومەتە ئەستۆ". 

هەروەها ناوبراو بەوە ناسرابوو خۆی لە هەڵوێستە توندەكانی ترەمپ لاداوەو لەگەڵ سەرۆكدا كۆك نەبووە سەبارەت بەپێشنیارەكانی دەربارەی قەدەغەكردنی گەشتی موسلمانەكان بۆ ئەمەریكا و ئاماژەی بەوە كردووە، كە گونجاو نییە تاكەكان بەهۆی بیروباوەرو باكگراوندی رەگەزیەوە بكرێنە ئامانج.

كیلی دەڵێت: لە میانەی خزمەتكردنماندا لە عێراق هەوڵی سەقامگیریمان دەدا، لەرێگەی پتەوكردنی پەیوەندیەكانمان لەگەل پیاوانی ئایینی و سەركردە ئیسلامییەكان.

پەیامنێری بی بی سی لە ئەمەریكای باكورد " ئەنتۆنی زۆركر" دەڵێت: بەجێهێشتنی كیلی لەو پۆستە مانای ئەوەیە ماوەی حوكمی دۆناڵد ترەمپ گۆڕینی سێ گەورە بەرپرس لەكۆشكی سپی‌و سێ راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی بەخۆیەوە بینیوە لەكاتی وەرگرتنی ئەو پۆستە لە كانونی یەكەمی 2017 ەوە.

هـ ـ ح