پشكی پارتی و یەكێتی و گۆڕان لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم

کوردستان

10/12/2018‌ 7183 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ئەو خشتەیەی شاندی پارتی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەكان دایناوە، دەیەوێت پێش كۆتایی 2018 دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت‌و دوای كۆتایی پشووی سەری ساڵیش، كۆبوونەوەكان بۆ قسەكردن لەسەر وردەكاری پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكەن. 

رۆژی سێی ئەم مانگە ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بەربژێرانی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستنیشان كرد، ئەوەش هیچ بیانوویەكی نەهێشتەوە بۆ دواكەوتنی گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، كە ئێستا رۆژەڤێكی گەرمە لە باشووری كوردستان. 

بەپێی زانیارییەكان، كە هەفتەنامەی (رووداو) ئەمڕۆ سێ‌ دوو شەممە بڵاویكردووەتەوە، رۆژی سێشەممە شاندێكی پارتی بەسەرۆكایەتی ئازاد بەرواری سەردانی سلێمانی دەكەن‌و لەگەڵ یەكێتی كۆدەبنەوە و پاشتریش دەچنە گردی زەرگەتە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان.

ئەندامێكی شاندی دانوستاندنكاری پارتی دەڵێت: ئەمڕۆ دووشەممە 10/12/2018 كۆبوونەوەیەكی نێوخۆیی دەكەن و دواتر دەست بەسەردانەكانیان دەكەن بۆ لای هێزە براوەكانی هەڵبژاردن، "ئەو وردەكارییەی لەنێو خەڵك باس دەكرێت، هێشتا دەنگۆ و زانیاریی ناڕاستن و لەدوای دەستپێكردنی گفتوگۆكانەوە روون دەبێتەوە حكومەتی نوێ چۆن پێكدەهێنرێت".

بەڵام ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت: پارتی شاندی دانوستاندن لەسەر بنەمای 50 بە 50 رەوانەی لای لایەنەكان ناكات و كۆبوونەوەكان كراونەتە دوو پاكێج، "سەرەتا كار بۆ ئەوە دەكرێت پێش كۆتایی ئەمساڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت یەكلا بكرێتەوە، دواتر وردەكارییەكانی پێكهێنانی حكومەت دەبێتە پاكێجی دووەمی دانوستاندنەكان كە ئەویش لە دوای پشووی سەری ساڵەوە دەستپێدەكات".

هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی، نەرمبڕیی پارتی لە دانوستاندنەكان بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، كە پارتی نایەوێت 23ـی حوزەیران دووبارە ببێتەوەو هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی بەرێككەوتن سەرۆكایەتییەكان و پۆستەكان دیاری بكرێن، "بەڵام لەنێو پارتی رایەك هەیە، كە حەزی لە بەشداری كۆمەڵی ئیسلامی نییە، بەڵام ئەوە بڕیاری كۆتایی و فەرمی نییە و شاندی دانوستاندكار بە گفتوگۆ ئەوە یەكلایی دەكاتەوە".

پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان حیزبەكان لەماوەی رابردوودا، بەشێكی بۆ جەختكردنەوە بووە لەسەر ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی دیاری بكرێت‌و دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی‌و لیژنەكانی پەرلەمان، سەرۆكایەتی پەرلەمان بەربژێری پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت راسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتەكەی، بەڵام پارتی دەیەوێت لەگەڵ پرسی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا، پۆستەكانی حكومەتیش لە گرێ و گۆڵی ناكۆكی نێوان حیزبەكانیش دەربهێنێ، بۆ ئەوەی كاتێك بەربژێرەكەی رادەسپێدرێت، نیوەی رێگاكەی بڕیبێت.

زیاد جەبار، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان،  پێیوایە، پێكهاتن لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پێكهاتن لەسەر وردەكارییەكانی حكومەتیش ئاسان  دەكات. 

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، بە دروستی نازانێ پارتی بە سیستمی خاڵ و ژمارەی كورسییەوە دەست بە گفتوگۆ بكات و پێیوایە ئەو كوردستانە بەهێزەی پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاندبوو، بە حكومەتێكی بەهێز دێتەدی "حكومەتی بەهێزیش ئەوەیە، كە بەشداربووەكانی بەراستی تێیدا بن و پێیەكیان لە نێو ئۆپۆزسیۆن نەبێت، بۆیە پارتی و یەكێتی پێكەوە دەتوانن ئەو حكومەتە بەهێزە دروستبكەن".

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە، كە بەلای پارتییەوە هێزێكی داواكراوە بۆ بەشداری لە حكومەت، دەیەوێ لە زمانی شاندی پارتییەوە ئەو دڵنیاییەی دەستبكەوێت،ـ كە ئەوەی مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی كابینەی نوێ‌ پێینەكرا، لەو كابینەیەدا دەكرێ؟ ئایا هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێنەوە یەك و كێشەی دارایی چارەسەر دەكرێ؟ 

بەرپرسێكی بزووتنەوەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، نایشارێتەوە ئەگەر لەسەر ئەوە پێكبێن، ئەوكات گۆڕان پرسیاری ئەوە دەكات ، كە لەو حكومەتەدا كام پۆستانەی پێدەدرێ "دواتر بەڵێنەكانی شاندی پارتی دەبرێنە كۆبوونەوەی جڤات و لەوێ بڕیاری كۆتایی دەدرێ كە ئاخۆ گۆڕان بەشداریی حكومەت دەكات یان نا".

پارتی دیموكراتی كوردستان، پێویستی بە چوار ساڵی ئارامە بۆ ئەو حكومەت و كوردستانە بەهێزەی بەڵێنی لەسەر داوە، دڵنیابووە لەوەی ئەو ئارامییەشی بۆ دەستەبەر نابێت، ئەگەر بەژمارە 21 و 12 یەكێتی و گۆڕان بخوێنێتەوە، كەواتە پۆستی وەزارەتەكان چۆن دابەشدەكرێن؟ 

هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمنتاری فراكسیۆنی پارتی، بە پشتبەستن بەزانیارییەكانی دەڵێت "دابەشكاریی وەزارەتەكان بەشێوەیەكە "پارتی 9 وەزارەت و یەكێتی 5 وەزارەت و بزووتنەوەی گۆڕان 3 وەزارەت و توركمانە و كریستیانەكانیش هەریەكە و وەزارەتێكیان بەردەكەوێ، بەڵام هێشتا ئەوە روون نییە كە كام وەزارەتانەیە".

بەڵام ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت: دابەشكردنی پۆستەكان لەسەر بنەمای خاڵ لای ئەوان رەتكراوەیە، "ئێمە لەرێگای جوگرافیا و واقیعی دەسەڵاتی دوو پارێزگا كە رووبەری 625 كیلۆمەترە و زیاترە لەو رووبەرەی بەدەست پارتییەوە گفتوگۆ دەكەین، نەك ئەوەی چەند كورسیمان هەیە". 

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی وتیشی: "لەشەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا لە پارتی قوربانی و شەهیدمان زۆرتر داوە و ئیدارەی ئەم ناوچەیە لای ئێمەیە و ناكرێ باسی ئەو جۆرە دابەشكارییانە لای ئێمە بكرێ، بەڵام بەهەر حاڵ ئێمە چاوەڕوانی  شاندی دانوستاندنكاری پارتین".

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێیوایە  ئەگەر لایەنەكان بتوانن لەسەر دابەشكردنی سەرۆكایەتییەكان رێكبكەون، "رێككەوتن لەسەر  وەزارەتە سیاسییەكانیش قورس نابێت، ئەو وەزارەتانەی كە زۆرتر چاویان لەسەرە، وەزارەتی دارایی، سامانە سرووشتییەكان، ناوخۆ، پێشمەرگەن، ئەوانیش بەپێی رێككەوتن لەسەر سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان دابەش دەكرێن".

هـ ـ ح