لەنێوان "شەریكی‌و تەریكی".. گۆڕان بۆ بەشداری حكومەت كەوتووەتە نێوان دوو بژاردە

کوردستان

10/12/2018‌ 11945 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریكردنی لەپێكهێنانی حكومەتی نوێ، كەوتووەتە نێوان دوو بژاردە، كە ئەوانیش بریتین لە "شەریكی‌و تەریكی".

گۆڕان، كە خولی رابردووی پەرلەمان بە 24 كورسی پەرلەمانەوە بەشداری كابینەی هەشتەم كرد، لەخولی نوێ-ش 12 كورسی پەرلەمانی هەیەو تائێستا بەفەرمی بڕیاری بەشداریكردنی لەحكومەت رانەگەیاندووە.

بەشداریكردن‌و بەشدارینەكردنی بزووتنەوەی گۆڕان لەحكومەتی داهاتوو بەرپرسان و جەماوەری ئەو بزووتنەوەیەی دابەشكردووە، بەشێوەیەك بەشێكیان پێیانوایە، ئەگەر بەشداری حكومەت بكەن، ئەوە " دەبنە شەریك و هاوبەش لەو گەندەڵییەی، كە حیزبەكانی دەسەڵات (پارتی‌و یەكێتی) لەحكومەت كردویانەو دەیكەن". چونكە ئەم رێككەوتنە تانها بەوەوە ناوەستێك  رێككەوتن بێت لەسەر پێكهێنانی كابینەی حكومەت، بەڵكو درێژدەبێتەوە بۆ رێككەوتنێكی سیاسی و حیزبی قوڵتر لەنێوان پارتی و گۆران.

بەشەكەی تریش پێیانوایە، ئەگەر بەشداری حكومەتی هەرێم نەكەن، ئەوە وەك بزووتنەوەیەكی جەماوەری لەهەرێم "تەریك دەكرێت‌و پارتی‌و یەكێتی خۆیان هەرێمی كوردستان بەو شێوەی خۆیان دەیانەوێت بەڕێوەی دەبەن". بۆیە ترسی ئەوەیان لادروست بووە، لەدەرەوەی حكومەت چیتر توانای بەردەوامیان نامێنێت و پارتی و یەكێتی بەتەواوەتی پێگەیان لاواز دەكەن، بەتایبەتی كە ئێستا جگە لەگۆران لایەنی تریش لە ساحەكە دروست بووە.

 ناڕازییەكان لەبەشداری گۆڕان لەحكومەت پێیانوایە ئەو گروپەی لەگەڵ بەشداری گۆڕانن لەحكومەت پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردوو، پرسی بەشداری بزووتنەوەكەیان لەحكومەت، بەدەر لەخواستی جەماوەرەكەی یەكلا كردۆتەوەو لەوبارەوە بریاری خۆیان داوە، بۆ ئەوەش رێككەوتنی پێشوەختەیان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموكرات كردووە.

هەندێك لە ئەندامانی جڤاتەكانیش لەو بارەوە نیگەرانن لایان وایە، ئێستا كار بەپرنسیپەكانی دەركردنی بریار ناكرێت و لە دەرەوەی ئەوان بریار دەدرێت، بۆ ئەوەش نموونەی رێككەوتن لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و دژەتیرۆر دەهێننەوە، كە بەرێككەوتنی پارتی‌و گۆڕان ئەو یاسایانە لەخولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕیون، ئەوەش هەرچەندە ناڕازایی دروستكرد لەناوخۆی گۆڕان، لەهەمانكاتیشدا  لەدەرەوەی گۆڕانیش جێگەی سەرنج بوو، بەتایبەتی بۆ شەریكە هەمیشەییەكەیان كۆمەڵی ئیسلامی.

 لەناو گۆران ئێستا بۆ چوونێك  سەری هەڵداوەو دروست بووە، ئەویش ئەوەیە، كە دەڵێن، هەوڵێك هەیە گۆران لە بزووتنەوەیەكی رەخنەگرەوە بكاتە حزبێكی بێدەنگ و رازی بەو دۆخەی كەهەیە، نمونەی ئەمەش بەوە دەهێننەوە، كە راگەیاندنی گۆران بەتەواوەتی خۆی خاڵی كردۆتەوە لە رەخنەگرتن لەهەرەمی دەسەڵات و دەیەوێت نیەت پاكی بۆ بەشداریكردن و شەراكەت لەدەسەڵات نیشان بدات، بەقسەی ئەوان لەبەرامبەر ئەمەشدا پارتی بەڵێنی داوە دۆستایەتی گۆران بكات و لەبەشداری حكومەتدا حسابێكی زیاتریان بۆ بكات، هەر بۆیە دەنگە نارازییەكان گومانی ئەوەشیان هەیە، هەندێك لەسەركردەكانی گۆران بەڵێنیان لەبەرپرسانی پارتی وەرگرتووە، بەوەی لەپێكهێنانی حكومەت هاوكارییان دەكەن‌و زیاتر لەو رێژەی دەنگەی ، كە 12% پۆستی زیاتر بە گۆڕان دەدەن.


لایەنگرانی بەشدارینەكردن لەحكومەت گومانیان لە جوڵەكانی پارتی هەیە، ئەوان لایان وایە پارتی پلانی ئەوەی هەیە لە زۆنی سەوز و مۆر كێشە بۆ گۆران و یەكێتی دروست بكات، ئەوەش بەوەی بەنزیكایەتی گۆران ئیستفزازی پێگەی یەكێتی بكان لەپارێزگای سلێمانی و ناوچەكە، كە ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان یەكێتی گۆران.

لەبەرانبەر ئەو بۆچوونەی دەنگە ناڕازییەكان، بۆچوونێكی تر هەیە لەناو گۆڕان، كە لەگەڵ بەشداری لەحكومەتن‌و ئەوەش رەتدەكەنەوە، رێككەوتنی پێشوەختەیان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی هەبێت‌و نموونەی ئەوەش دەهێننەوە، كە هێشتا بڕیاری یەكلاكەرەوەیان لەبارەی بەشداری لەحكومەت نەداوە و ئەوەی كە دەوترێت و بڵاو دەكرێتەوە سیاسەتی یەكێتییە و بۆ رێگریكردنە لەبەشداریكردنی گۆران لەحكومەت.

هەروەها جەخت لەوەش دەكەنەوە، كە ئەوان پرۆژەیان بۆ بەشداری لەحكومەت هەیەو لەسەر بنەمای ئەو پرۆژەیەش گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دەكەن‌و ئەگەر پرۆژەكەیان قبووڵنەكرێت، ئەوە هەڵوێستی تریان لەبارەی بەشداری لەحكومەت دەبێت، هەر بۆ ئەو مەبەستەش وەرەقەی گفتوگۆیان بەچەند خاڵێكەوە لەبەردەستدایە تا لەسەری رێكەوتن بكەن.


لەو بارەوە عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ شارپرێس پشتراستیكردەوە، كە پرۆژەیەكیان بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت ئامادەكردووەو لەسەر بنەمای ئەو پرۆژەیەش بەشداری لەحكومەتی داهاتووی هەرێم دەكەن.

عەلی حەمەساڵح وتیشی: پرۆژەكە پرۆژەیەكی هەمەلایەنەو دەبێت لایەنەكان گفتوگۆی لەسەر بكەن‌و ئەگەر پرۆژەكە قبووڵبكرێت، ئەوە بەشداری لەحكومەت دەكەین‌و ئەگەریش رەتبكرێتەوە، ئەوە جڤاتی نیشتمانی بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی بوونەوە بەئۆپۆزسیۆن دەدات.

گۆڕان لەخولی رابردوو 24 كورسی  هەبوو، كە بەشداری كابینەی هەشتی حكومەتی كرد، بەڵام بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ پارتی دیموكرات لەدوو ساڵی یەكەمی كابینەكە كشانەوە، هەندێك لایان وایە جارێكی تر بزووتنەوەی گۆران ئەو كێشانەی رابردووی بەرەو روو نابێتەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی، پارتی خۆی بریاریداوە كە لەپەرلەمانەوە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرێت، لەهەمان كاتیشدا گۆران وەك جاران بەهێز نییە تا كێشەو گرفت دروست بكات، بۆیە ئێستا نایانەوێت ئەو كێشانە دروست ببێتەوە.

بەشێك لەبەرپرسانی گۆڕان بۆ ئەو مەبەستە داوای گرەنتیان كردووەو جەختیان كردووەتەوە، چۆن پارتی داوای ئەوە لەبەرپرسانی گۆڕان دەكات، كە تا نیوەی رێگە لەگەڵیان نەبن، ئەوانیش داوا دەكەن نابێت پارتی هەمان سیناریۆكانی كابینەی پێشوو دووبارە بكاتەوەو بە بریاری تاكلایەنە پەرلەمان دابخات‌و وەزیرەكان بنێرێتە ماڵەوە.

ئەم بۆچوونەش ترسی لای دەنگی  ناڕازی گۆڕان، دروستكردوە، ئەوان كە لەگەڵ بەشداری لەحكومەت نین بەو جۆرە، لایان وایە پارتی هەركاتێك بیەوێت لەگەڵ گۆڕان رێكدەكەوێت‌و هەركاتێكیش نەیەوێت ئەوە رێككەوتنەكەی لەگەڵ تێكدەدات، كە ئەوەش بۆ هەیبەتی گۆران بە شایستە نازانن و لایان وایە پێچەوانەی ئەو بنەماو پرەنسیپانەیە كە گۆرانی لەسەر دروست بووە. 

دەنگە نارازییەكانی ناو گۆران باس لەوەش دەكەن،  پارتی مەرجی قورسی بۆ بەشداری گۆران و لاینەكانی تر هەیە و دەیانەوێت هاوشێوەی یەكێتی بەشداربن، بۆیە پارتی مەرجی ئەوەی داناوە، كە هەرلایەنێك بەشداری لەحكومەت بكات نابێت لەپەرلەمان ناڕەزایی دەربڕێت، یان ناكرێت لەمیدیاكانیانەوە رەخنە بەرەو رووی حكومەت بكەنەوە.  نارازییەكان ئەوەش بەمەترسی بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان دەبینن، چونكە پارتی دەیەوێت ئازادی رادەربرین و رۆڵی چاودێری لە پەرلەمان بسەنێتەوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی كە لەم خولە پارتی لەپەرلەمان زۆرینەیەو هەر یاسایەك بیەوێت بە 45 كورسییەكەی خۆی‌و 11 كورسییەكەی كۆتاكان تێیدەپەڕێنێت و بەبێدەنگكردنی لایەنەكانی تر، ئەوەندەی تر هەیبەتی پەرلەمان دەشكێت و ئەوانیش دەكاتە پاشكۆی سیاسەتەكانی خۆی.

جگە لەرێككەوتن لەگەڵ پارتی، لەناو گۆران بۆچوونێكی تریش هەیە بۆ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی، كە ئەمەش هاوشێوەی رێككەوتن لەگەڵ پارتی بۆچوونی جیاوازی دروستكردووە، بەوەی بەشێكی لەگەڵ رێككەوتنە لەگەڵ یەكێتی‌و دواتر گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بكەن، ئەم بۆچوونە زیاتر پێشنیاری یەكێتیە بۆ گۆران تا بتوانن بەهێزەوە بچنە پای پێكهێنانی حكومەت، بەڵام بەهۆی پێشینەی رێككەوتنە سەرنەكەوتوەكەی نێوانیان، گۆران كەمتر متمانە بە یەكێتی ئەكات. بۆیە ئەوانەی لەگەڵ رێككەوتنن لەگەڵ پارتی پێیانوایە، كە پێویست بەوە ناكات ئەوان لەگەڵ یەكێتی رێككەوتن بكەن‌و دواتر گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بكەن، چونكە یەكێتی ئەو هێزە نییە ئەوان لەگەڵی رێكبكەون، چونكە پێشتر رێككەوتنی سیاسی لەنێوانیان هەبووەو رێككەوتنەكەش لەلایەن بەرپرسانی ئەو حیزبەوە جێبەجێنەكراوە، بۆیە باشترە وەك لایەنێكی سەرەكی هەرێم راستەوخۆ لەگەڵ پارتی گفتوگۆ بكەن‌و لەسەر پێكهێنانی حكومەت رێككەوتن بكەن و لەسەر یەكێتی هیچ شتیكی خۆیان پەكنەخەن.

بەپەلە