ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق جەخت لەجێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ دەکاتەوە

عیراق

11/12/2018‌ 593 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق نووسراوی بۆ دادگاکانی کەرکووک کردووە و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی مادەی 140 دەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێ‌شەممە نوسراوێک بڵاوکراوەتەوە کە واژۆی دادوەر فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رۆژی 9-12-2018 نووسراوی بۆ سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک کردووە و تێیدا جەختی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی مادەی 140ی دەستووری عێراق دەکاتەوە.

محەممەد وەیس، بەڕێوەبەری شارۆچکەی لەیلانی راگەیاندوە "ئەو نووسراوە زۆر گرنگە. دووپاتکردنەوەیە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی  گرێبەستەکانی ئەو زەویانەی کە پێشتر لە سەردەمی رژێمی بەعس بۆ عەرەبی هاوردە کراون و، دەبێت دادگاکانی کەرکووک جێبەجێیان بکەن".

محەممەد وەیس ئاماژەی بەوەشداوە "بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە زەوییەکان لەڕووی یاساییەوە دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان کە کورد و تورکمانن و، عەرەبە هاوردەکانیش ناتوانن بەپاساوی بوونی گرێبەستی هەڵوەشاوە داوای گەڕانەوە بۆ سەر ئەو زەوییانە بکەن".

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، بەشێک لە عەرەبە هاوردەکان بە بڕیاری راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت گەڕاونەتەوە سنووری پارێزگای کەرکووک، بە پاساوی بوونی گرێبەستی سەردەمی رژێمی بەعس دەستیان بەسەر زەوی و زاری جووتیارانی کورددا گرتووە.
هـ ـ ر