گۆڕان پرۆژەكەی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەخاتە بەردەم پارتی

کوردستان

12/12/2018‌ 1788 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان بەپرۆژەیەكەوە، گفتوگۆی پێكهێنانی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردسنان دەكات ‌و پرۆژەكەش بۆ چۆنییەتی ئیدارەدانی هەرێمە لەچوار ساڵی داهاتوو.

شاندی پارتی دیموكرات‌و بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ چوار شەممە لەشاری هەولێر كۆبوونەوە ئەنجامدەدەن، كە شاندی گۆڕان ئەو پرۆژەیەی ئامادەیكردووە، دەیخاتە بەردەم شاندی پارتی دیموكرات.

بەپێی زانیارییەكان بزووتنەوەی گۆڕان، كە 12 كورسی پەرلەمانی هەیەو براوەی سێیەمی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردووە، پرۆژەكەی گۆڕان چەند بوارێك لەخۆدەگرێت، لەوانەش سیستەمی داهاتووی هەرێمی كوردستان‌و چۆنییەتی یەكخستنەوەی پێشمەرگەو رێككەوتن لەگەڵ بەغداو چارەسەركردنی قەیرانی دارایی‌و نەهێشتنی پاشەكەوتی موچە.

لەو بارەوە عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ شارپرێس پشتراستیكردەوە، كە پرۆژەیەكیان بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت ئامادەكردووەو لەسەر بنەمای ئەو پرۆژەیەش بەشداری لەحكومەتی داهاتووی هەرێم دەكەن.

عەلی حەمەساڵح وتیشی: پرۆژەكە پرۆژەیەكی هەمەلایەنەو دەبێت لایەنەكان گفتوگۆی لەسەر بكەن‌و ئەگەر پرۆژەكە قبووڵبكرێت، ئەوە بەشداری لەحكومەت دەكەین‌و ئەگەریش رەتبكرێتەوە، ئەوە جڤاتی نیشتمانی بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی بوونەوە بەئۆپۆزسیۆن دەدات.

گۆڕان لەخولی رابردوو 24 كورسی  هەبوو، كە بەشداری كابینەی هەشتی حكومەتی كرد، بەڵام بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ پارتی دیموكرات لەدوو ساڵی یەكەمی كابینەكە كشانەوە.

هـ ـ ح