پارتی بەفەرمی كۆتایی سەردەمی "پەنجا بەپەنجا"ی بەیەكێتی گەیاندووە

کوردستان

12/12/2018‌ 2095 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی باسیان لەوە كردووە، كە بەشێوەیەكی تر رێككەوتنی نێوانیان دابڕێژنەوە، كە لەگەڵ گۆرانكارییەكانی ئێستا بگونجێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، لەكۆبوونەوەی رۆژی سێ‌ شەممەی نێوان مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی باس لەوە كراوە، كە رێككەوتنی نێوانیان دابڕێژنەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی لەسەرەتای كۆبوونەوەكە باسی لەپەنجا بەپەنجا كردووە، بەڵام پارتی رازی نەبووە و وتویەتی لەدەنگداندا ئێمە دوو ئەوەندەی زیاتری ئێوە دەنگمان هێناوە ئەو قۆناغە تەواو بوو، كە پەنجا بەپەنجا ئیدارەو حوكمڕانی كوردستان بكەین.

هەروەها باس لەوەش كراوە، كە هێزی تریش دروست بوون‌و ئەوانیش داوای پشكی خۆیان دەكەن، بۆ نموونە بزووتنەوەی گۆران، كە ئەوەش بەفەرمی رەتكردنەوەی داواكارییەكەی یەكێتی بووە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە هەر لەكۆبوونەوەكە پارتی پێشنیاری كردووە ٣٠ بە ٧٠ دەسەڵاتەكان دابەشبكەن، كە ئەم رێژەیە لەگەڵ بەركەوتەی هەلبژاردنیش دێتەوە، بەڵام دواتر باس لەوە كراوە ٤٠ بە ٦٠ بێت بۆ ئەمەش  بڕیار دراوە چەند لیژنەیەك دروست بكرێت تا گفتۆگۆكانیان لەسەر وردەكارییەكان بەردەوام بێت.

پارتی لەهەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان 45 كورسی بەدەستهێناوە، كە یەكێتی نیشتمانی 21 كورسی هێناوەو هێزی یەكەم‌و دووەمی هەرێمی كوردستانن، هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە بە 12 كورسی سێیەمی هەڵبژاردنەكە بوو.

ئێستا گفتوگۆ و هەوڵ لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان هەیە بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتوو بەهاوبەشی پێكهێنن‌و بۆ ئەو مەبەستەش چەند گەڕێكی گفتوگۆیان بەرێوەبردووەو بڕیارە گفتوگۆكانیش بەردەوام بێت، كە پێشتر یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم رێككەوتنی ستراتیژییان هەبوو، بەشێوەی پەنجا بەپەنجا پۆستەكانیان دابەش دەكرد.

هەندێك لەچاودێران لایان وایە ئەم رێككەوتنەی نێوان یەكێتی و پارتی، ئەگەر ئەنجامبدرێت، دارشتنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیانەو بۆ ماوەیەكی تر پێكەوە كار لەسەر ئەو رێككەوتنە ئەكەن، كە هەندێك لایەنی تریش دەیانەوێت بەشداری حكومەت بكەن ئەوەش كاریگەری لەسەر رێككەوتنەكە دەبێت.

هەروەها چاودێران گومان دەكەن بەرنامەیەكی تازە لەنێوان ئەو دوو حیزبە بێتە ئاراوە، كە دوو ئیدارەیی  درێژە پێبدرێت، بۆ ئەو مەبەستە لەكۆبوونەوەكە باس لەوە كراوە، كە پێكەوە بەرەو رووی هەر ئەگەرو مەترسییەك ببنەوە، كە روویان تێدەكات. 

هـ ـ ح

بەپەلە