عەبادی: هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانم لەلایەن سەرۆک وەزیرانی نوێوە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی لە عێراقدا

عیراق

12/12/2018‌ 384 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق هێرش دەکاتە سەر حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی نوێ.

ڕۆژی سێ‌شەممە ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم بڕیارەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری عەبادی هەڵوەشاندەوە لە ماوەی نێوان ١-٧-٢٠١٨ بۆ ٢٤-١٠-٢٠١٨.

هەر ئەمڕۆ حەیدەری سەرۆکی وەزیرانی پێشوی عێراق و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی  لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە "ئەو کارەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامیداوە پێشبینییەکی خراپە و دەبێتەهۆی ئاڵۆزی و ڕاگرتنی کارەکانی حکومەت بە تەواوی و، ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتەهۆی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی حکومەتی پێشوو، ئەوەش دەبێتەهۆی پەکخستنی بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتییان".

حەیدەرعەبادی ئاماژەی بەوە کردووە "ئەو بڕیارە دەبێتەهۆی پەکخستنی ئەو بڕیارانەی کە پێشتر دراوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دەبێتەهۆی وەستاندنی سەرجەم شایستە داراییەکانی پارێزگاکان و بەتایبەتیش پارەی پترۆ دۆلاری تایبەت بە پارێزگای بەسرە، کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و پەکخستنی ئەو بڕیارانەی کە دراون بۆ جێبەجێکردنی داخوازییەکانی هاوڵاتییانی پارێزگاکانی بەسرە و زیقار و میسان و نەجەف و کەربەلا و بابل و موسەنا و دیوانییە و بەغدا و ئەنبار و نەینەوا".

عەبادی هۆشداری ئەوەشی داوە "ئەو جۆرە بڕیارانە وەک پێویست تاوتوێ نەکراون و جۆرێک لە ڕەهەندی سیاسی و بەرژەوەندی تەسک لەخۆدەگرێت، کە لە کۆتاییدا دەبێتەهۆی نانەوەی پشێوی  لە کاری حکومەت، کە نابێت دەسەڵاتی جێبەجێکردن خۆی تێکەڵ بەو جۆرە بڕیارانە بکات، کە بە شێوەیەکی نێگەتیڤانە کاریگەری دەبێت لەسەر ئاراستەی کاری حکومەت، کە لە کۆتاییدا بە خراپ بشکێتەوە بەسەر کاروباری گشتی و خزمەتگوزارییەکان و بەرژەوەندی هاوڵاتییاندا".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا حەیدەر عەبادی وتوشیەیی "لەکاتێکدا ئەوان ئیدانەی ئەو بڕیارە دەکەن، داوای پێداچوونەوەشی دەکەن، چونکە لە کۆتاییدا دەبێت سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئۆباڵی دەرئەنجامەکانی لە ئەستۆ بگرێت، بەتایبەت کە سەرجەم چین و توێژە جیاجیاکانی عێراق جۆرێک لە هەڵوێستیان دەبێت، کە ڕەنگە کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر ئاراستەی کاری حکومەت هەر لە یەکەم هەنگاوی کارکردنییەوە".

ئەو هێرشەی حەیدەر عەبادی لەکاتێکدایە، دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا بە ڕاگرتنی کارکردن بە بڕیار و ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی وەزیران و حکومەتی پێشوو لە نێوان یەکی مانگی تەموزی ٢٠١٨ تا ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، داواشی لە وەزیرەکان کرد هەڵسەنگاندنەکان بۆ بڕیارەکانی بکەن لەو ماوەیەدا.
 هـ ـ ر