ساڵی 2019 بۆ دۆناڵد ترامپ ساڵێكی قورس دەبێت

جیهان

13/12/2018‌ 1189 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان حاجی قادر
لەدەستدانی زۆرینەی كۆمارییەكان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكی گورزێك بوو بۆ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، كە دەبێتە گۆرانێكی جەوهەری لەهاوكێشەكانی هاوسەنگی فەرمانڕەوایان لە نێوان دامەزراوەی سەرۆكایەتی‌و دەسەڵاتی یاساكاریدا. 

سەرباری پێگەی ناوەندی سەرۆكی ئەمریكا لە كردەی بڕیاڕسازی و جێبەجێكردنی سیاسەتی دەرەوەدا، كەچی هێشتا زۆرینەی دیموكراتەكانی لەئەنجو‌ومەنی نوێنەران بایی ئەوە میكانیزمی یاساكاری‌و چاودێرییان بەدەستەوەیە قاڵبێك بۆ سیاسەتە دەرەكییە و رژێنەرە‌ دەمەتەقێكارەكانی ترامپ دابنێن، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵكشانی كێشكردنە سیاسییەكان‌و دابەشبوونە ناوخۆییەكان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكای ساڵی 2019 دا.

ئاراستەكانی گۆڕانكاری و بەردەوامی
هەندێك جەخت لەوە دەكەنەوە، كە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ساڵی 2019  گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی بەخۆیەوە دەبینێت ، ئەمەش‌ بەهۆی گۆڕانی هاوسەنگی نێو كۆنگرێس. 

كەچی هەندێكی دیكە جەخت لەوە دەكەنەوە، كە سرووشتی سیستەمی سیاسی ئەمریكا یارمەتیدەرە بۆ برەوودان بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە دۆسییەكانی سیاسەتی ناوخۆ ‌، لەولاشەوە سەرۆك و ڕاوێژكارەكانی زاڵن بەسەر سیاسەتی دەرەوەدا،  ئەمەش واتای ئەوەیە دیموكراتەكان ڕەنگە مەیلیان بەلای چڕكردنەوەی كۆششەكان بێت لەسەر دۆسییەكانی سیاسییەكانی ناوخۆی وەك: یاساكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی كە ترەمپ هەڵیوەشاندنەوە، هەروەها باجەكان، ئەمەش وەك خۆئامادەكردنێك بۆ هەڵبژاردنەكانی 2020. 

لاگیرانی ئەو بۆچوونە پێێان وایە كە تڕەمپ مەیلی بەلای قۆزتنەوەی دەسەڵاتە فراوانەكانیدایە لە بواری سیاسەتی دەرەوە و بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە گفتوگۆكانی لەگەڵ كۆریای باشوور بە مەبەستی گەیشتن بە سەوداو مامەڵەیەك لەگەڵیدا ، هەروەها بۆ خۆپارستن لە گلانە ناو سیاسەتە ناوخۆییەكانی ووڵاتەكەی كە كۆششەكانی پەكدەخەن؛ چونكە جێبەجێكردنیان پێویستی بە سازان هەیە لەگەڵ دیموكراتەكاندا و دەبێت سازشی زۆریشیان بۆ بكات ، ئەمەش ئەو كارە بوو كە ترەمپ بە درێژایی دوو ساڵ تیایدا سەركەوتوو نەبوو، بەڵام رەنگە ئەو دۆخە تازە ناچاری بكات هاریكار بێت لەگەڵیان تاكو بتوانێت سیاسەتە ناوخۆییەكانی تایبەت بە ئابووری و دەستخستنی هەلی تازەی كار جێبەجێ بكات ، ئەمەش بە مەبەستی هێنانەكایەی وەزیفەی تازە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی چیینە لادێیەكان كە بۆ هەڵبژاردنی 2020 پشتیان پێدەبەستێت. سەرباری ڕاستی ئەو بۆچوونەش لە هەندێك لایەنیەوە، بەڵام هەلومەجی ئێستا رەنگە توانستی ئەوە بداتە دیموكراتەكان هەندێك كاریگەری لەسەر ڕەووتی سیاسەتی دەرەوە دروست بكەن، ئەمەش ئەوەیە كە ترەمپ لێی دەترسێت، بۆ نموونە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان تڕەمپ ((جیف سشینز)) ی وەزیری دادی لەكارخست كە داواكارییەكی پێشووی تڕەمپی ڕەتكردبۆووە بە وەستاندنی لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە پرسی تێوەگلانی لە ((هەڵمەتەكەی تڕەمپ و ڕوسیا، دواتریش ((ماسیۆ ویساكەر)) ی بریكاری وەزیری دادی لەو پۆستەدا دانا كە سەر بەخۆیەتی و دژ بە لێكۆلینەوەكانی لیژنەی مۆلەر)) ە.

هەرچەندە تڕەمپ بە هۆی بەدەستهێنانی زۆرینە لە ئەنجو‌مەنی پیران بێخەمە كە ئەنجومەنەكە دژ بە هەر هەوڵێكی ئەنجومەنی نوێنەران دەوەستێتەوە بۆ لادانی ترەمپ، بەڵام هێشتا ترسەكانی تڕەمپ نەڕەویوونەوە سەبارەت بەوەی لێكۆلینەوەكانی مۆلەر پێگەیشتووه، ئەمەش‌ بە ڕوون و ئاشكرای لە لەسەركارلابردنی وەزیری دادی پێشوودا دەركەوت. لەوانەشە دیموكراتەكان پرسی كارتی دەستتێوەردانەكانی ڕوسیا بە ڕووی تڕەمپدا بەرزبكەنەوە بۆ فشارخستنەسەر ئیدراەكەی تڕەمپ.

ئامرازەكانی لەقاڵبدان
رەنگە زۆرینەی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران پەنابەرنە بەر بەكارهێنانی دەسەڵاتە پەرلەمانییەكەیان ، وەك: ئامرازی یاساكاری، لێپرسینەوە و چاودێری، دانیشتنەكانی گوێلێگرتن؛ بۆ پیادەكردنی فشار لەسەر ئیدارەكەی تڕەمپ بە ئامانجی ناچاركردنی كە هەماهەنگی و سازانیان لەگەڵدا بكات‌ سەبارەت بە پرسەكانی سیاسەتی دەرەوە كە لەسەری  ناكۆكن، دەكرێت ئاماژە بەو ئامرازانە بدەین بەم شێوەیەی خوارەوە:

1.پاڵپشتە داراییەكان: كۆنگرسی ئەمریكا دەتوانی فشار بخاتەسەر سەرۆكی ئەمریكا لە ڕێگەی وەستاندنی پشتیوانییە داراییەكان‌ بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وەك:  بنیاتنانی دیواری سەر سنووری مەكسیك، پەرپێدانی جبەخانەی چەكی ئەتۆمی ئەمریكی، سەرباری ئەوەی دەتوانێت ئەو كۆمەكە داراییانەش كەمكاتەوە كە ئەمریكا دەیداتە هەندێك دەوڵەت، یان هەندێك مەرجی سەرباری بۆ زیادكات. 

2.ڕێوشوێنی لەكارخستن: دیمو‌كراتەكان چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی مۆلەر دەكەن  سەبارەت بە هاریكاری نێوان هەڵمەتە هەڵبژاردنەكەی ترەمپ و روسیا ، بە تایبەتیش دوای ئەوەی لەم دواییانەدا ((بول مەنەفۆڕت)) ی بەڕێوەبەری هەڵمەتەكەی ترەمپ تاوانبار كرا لەو پرسەدا، سەرباری ئەوەش كە ((نانسی بیلوسی)) پاڵێوراوی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لەوە كردووە كە ئارەزووی بەركاربوونی یاسای لێپرسینەوە ناكات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی لادانی سەرۆك، بەڵام ئەو ڕێوشوێنە هێشتا شیمانەی گرتنەبەری هەیە و لەئاردایه، بە تایبەتیش لەژێر سایەی ئەو ئەنجامەی لیژنەكەی مۆلەر پێی دەگات، ئەمە جگە لە دۆخی هەڵكشانی دژایەتی  دیموكراتەكان بۆ تڕەمپ. ئەو زۆرینەی دیموكراتەكانیش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستەبەریان كردووه، ‌ ڕێگەی ئەوەیان پێدەدات ڕێوشوێنی ‌لەكارخستنی تڕەمپ دەسپێبكەن كە زۆرینەی سادەی(50+1) ی پێویستە. هەر چەندە ئەو ڕێوشوێنە سوود و كەڵكێكی ئەوتۆی نییە بەهۆی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران ، بەڵام دەكرێت لەپێناو فشارخستنەر تڕەمپ بگیرێتەبەر بە مەبەستی بەزاندنی لە هەڵبژادنەكانی 2020.

3.دانیشتنی گوێلێگرتن: دەكرێت زۆرینەی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران پەنا بۆ كاراكردنی ئامرازی بانگهێشتی گوێلێگرتن ببات بۆ گوێبیستبوون لە گەواهیدانی بەرپرسانی ئیدارەی حكومەت لە پرسەكانی خۆدزینەوەی سەرۆك تڕەمپ لە باجەكان، دەستتێوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژادنەكان، سەرباری مەیل و ئارەزوویان بۆ گەیشتن بەو زانیارییانەی كە لە كۆبوونەوەكەی نێوان تڕمپ و سەرۆك پۆتین لە یۆلیۆی 2018 لە هلسنكی پایتەختی فنلەندا گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، هەروەها ئەو دانوستانەش كە ئیدارەكەی تڕەمپ لەگەڵ كۆریای باكور سەبارەت بە پڕۆژە ئەتۆمییەكەی ئەنجامیان دەدات.

پرسەكانی سیاسەتی دەرەوه:
وا چاوەڕوان دەكرێت كۆنگرێس گرنگی بە پرسگەلێكی ساڵی 2019 بدات كە دەكرێت لەم خالانە كورتییان كەینەوە:

1.‌‌جەنگە بازرگانییەكان: واچاوەڕوان دەكرێت دۆسیەی جەنگە بازرگانی و سیاسەتەكانی خۆپارێزی ناكۆكییەكی گەورە لە نێوان كۆماری و دیموكراتەكان دروست نەكات لە ئەنجومەنی نوێنەران، بە تایبەتیش كە دابەشبوونێك لەنێو دیموكراتەكان هەیە سەبارەت بەو دۆسییە. سەرباری ئەوەش، زۆرینەی دیموكراتەكان كار بۆ پارێزگاریكردن لە پەیوەندییەكی هاوسەنگ دەكەن لەگەڵ چیندا بەو پێیەی هاوبەشێكی ستراتیژییە لە گفتۆكردن لەگەڵ كۆریای باكوردا، ئەمە جگە لەوەی پشتیوانی ئەو یاسایانە دەكەن كە بواریان بۆ دەڕەخسێنێت پەیوەندییەكاینان لەگەڵ یابان و یەكیەتی ئەوروپا پەرەپێبدەن.

2.سزاكانی سەر ڕووسیا: دیموكراتەكان توندن بەرامبەر پەیوەندییەكان لەگەڵ ڕوسیا، بۆیە ((لیۆت ئەنجڵ) نوێنەری دیموكراتەكان - كە وا چاوەڕوان دەكرێت سەرۆكایەتی لیژنەی كاروباری دەرەوە بكات لە ئەنجومەنی نوێنەران – پێی وایە دەستتێوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا نابێت بێ سزا تێپەرێت. دیموكراتەكانیش كار لەسەر توندكردنی سزاكانی سەر ڕوسیا دەكەن، بە تایبەتیش لەژێر سایەی ئەو هەڵكشانەی دوایی كە لەسەر سنوری ئۆكڕانیا و ڕوسیادا ڕوودەدەن، هەروەها هەڵكشانی چوونەناوەوەی ڕوسیا بۆ سوریا. سەرباری ئەوەی تڕەمپ ئەو سزایانەی پەسەندكرد كە بەسەر ڕوسیادا سەپێنران، كەچی دیموكراتەكان هێشتا گومانیان لە پەیوەندی تڕەمپ لەگەڵ ڕوسیادا هەیە.

3.كۆریای باكور: سەرباری جەختكردنەوەی دیموكراتەكان لەسەر پێویستی گفتوگۆ لەگەڵ كۆریای باكور، بەڵام گومانیان لە توانستی ئیدارەكەی تڕەمپ هەیە سەبارەت بەو دانستانانە ، لەوەش‌ دەترسن تڕەمپ بەرەوپیری ڕێككەوتننامەیەكی ئەتۆمی بچێت كە بێویژدانانە بێت دەرهەق بە ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانە ئاسیاییەكانی، مەترسییەكانیش لە پەرەسەندندان، چونكە ئەندامانی گۆنگرێس ئاگایان لە ووردەكاری تەواوی ئەو دۆسیە نییە، واش چاوەڕوان دەكرێت كە سالی 2019 چەندەها دانیشتنی گوێلێگرتن لە ئەنجومەنی نوێنەران سازبكرێن بۆ زانینی ئەوەی كە تڕەمپ گەیشتۆتە كوێ لەگەڵ كۆریای باكوردا.

4.سیاسەتەكانی كۆچكردن: واچاوەڕوان دەكرێت دیموكراتەكان كار لەسەر جڵەوگیری تڕەمپ بكەن و ڕێشمەی بگرن سەبارەت بە سیاسەتەكانی كۆچكردن لە ساڵی 2109، بە تایبەتیش دوای زیادبوونی ڕەخنەكانیان لە سیاسەتی سەرۆكی ئەمریكا لە مامەڵەكردن لەگەڵ كاروانی كۆچبەرانی ئەمریكای ناوەراست لەسەر سنوری ئەمریكا و مەكسیك. تڕەمپ لە ساڵی 2019 كار لەسەر وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات سەبارەت بەو تەر‌خانكراوە داراییانەی‌ پێویستن بۆ بنیانانی ئەو دیوارە كە ئارەزوویەتی بە درێژایی سنوری ئەمریكا و مەكسیك بونیادی بنێت، ئەمەش‌ ئەوەیە كە لەوانەیە زۆرینەی دیموكراتەكان ڕەتیبكەنەوە، چونكە واپێدەچێت ‌ ئەوەندە توندنەبن لەمەڕ دۆسییەكانی كۆچبەر و پەنابەران.

5.ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی ئێران: سەرباری دژایەتی دیموكراتەكان بۆ میتۆدە توندڕەووەكەی تڕەمپ سەبارەت بە ئێران، كەچی هیشتا ناتوانن سزا سەپێندراوەكانی سەر ئێران هەڵوەشێننەوە. لەوانەیە لە ئایندەدا دیموكراتەكان دەستتێوەردان بكەن بۆ ڕێگریكردن لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر تاراندا، بەڵام ئەو سزایانەی واشنتۆن بەسەر تاراندا سەپاندوونی كارا و كاریگەرنین بەو پێیەی ئەمریكا هەندێك دەوڵەتی ئەوروپی و ئاسیایی لێ بەدەر كردووە كە نەوتی ئێران هاوردە دەكەن.

لە كۆتایشدا واپێشبینی دەكرێت كە كیشمەكێشمی نێوان دیموكرات و كۆمارییەكان بەردەوام بێت بەشێوەیەك كە دیموكراتەكان هەوڵی پەكخستنی زۆرینەی ئەو یاساكارییانە بدەن كە تڕەمپ پشتیوانیان لێدەكات، لە بەرامبەریشدا تڕەمپ ووتارە دوژمنكارییەكەی لەبەرامبەر دیموكراتەكان درێژە پێدەدات و بەوشە تۆمەتباریان دەكات كە ڕێگری لێدەكەن لەوەی بەڵێنەكانی بۆ دەنگدەرانی جێبەجێ بكات، واشپێدەچێت "سەوداو مامەڵەكانی دواساتی گەمەكە" ئەو ڕێڕەوە حوكمڕانییە دیاری بكات كە كارلێكردنەكانی نێوان ئەو دوولایەنەی لە ساڵی 2019 پێ بەڕێوەدەچێت.