كۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان ئەنجامی نەبووە

کوردستان

13/12/2018‌ 2861 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆبوونەوەی پارتی دیموكرات لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت هیچ ئەنجامێكی نەبووەو تەنیا بڕیاری ئەوەیانداوە گفتوگۆیانیان بەردەوامبێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، لەكۆبوونەوەی رۆژی سێ‌ شەممەی نێوان مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی باس لەوە كراوە، كە رێككەوتنی نێوانیان دابڕێژنەوە، كە یەكێتی باسی لەپەنجا بەپەنجا كردووە، بەڵام پارتی رازینەبووەو جەختیانكردووەتەوە،  لەدەنگداندا دوو ئەوەندەی زیاتری دەنگیان هێناوە ئەو قۆناغە تەواو بووە، كە پەنجا بەپەنجا ئیدارەو حوكمڕانی كوردستان بكەین.

هەروەها باس لەوەش كراوە، كە هێزی تریش دروست بوون‌و ئەوانیش داوای پشكی خۆیان دەكەن، بۆ نموونە بزووتنەوەی گۆران، كە ئەوەش بەفەرمی رەتكردنەوەی داواكارییەكەی یەكێتی بووە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە هەر لەكۆبوونەوەكە پارتی پێشنیاری كردووە ٣٠ بە ٧٠ دەسەڵاتەكان دابەشبكەن، كە ئەم رێژەیە لەگەڵ بەركەوتەی هەلبژاردنیش دێتەوە، بەڵام دواتر باس لەوە كراوە ٤٠ بە ٦٠ بێت بۆ ئەمەش  بڕیار دراوە چەند لیژنەیەك دروست بكرێت تا گفتۆگۆكانیان لەسەر وردەكارییەكان بەردەوام بێت.

پارتی لەهەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان 45 كورسی بەدەستهێناوە، كە یەكێتی نیشتمانی 21 كورسی هێناوەو هێزی یەكەم‌و دووەمی هەرێمی كوردستانن، هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە بە 12 كورسی سێیەمی هەڵبژاردنەكە بوو.

ئێستا گفتوگۆ و هەوڵ لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان هەیە بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتوو بەهاوبەشی پێكهێنن‌و بۆ ئەو مەبەستەش چەند گەڕێكی گفتوگۆیان بەرێوەبردووەو بڕیارە گفتوگۆكانیش بەردەوام بێت، كە پێشتر یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم رێككەوتنی ستراتیژییان هەبوو، بەشێوەی پەنجا بەپەنجا پۆستەكانیان دابەش دەكرد.

دوای كۆبوونەوەكەی نێوان پارتی‌و یەكێتی، شاندێكی گۆڕان رۆژی چوار شەممە چوونە هەولێرو بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ پارتی دیموكرات كۆبوونەوە، بەڵام كۆبوونەوەكەی ئەوانیش هیچ ئەنجامێكی نەبووە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كۆبوونەوەكەی پارتی‌و گۆڕان تەنیا باسی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان كردووەو نەچوونەتە وردەكاری پرسی پێكهێنانی حكومەت، كە رەنگە ئەوەش ئەگەری دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی لێدەكرێت.

هەروەها زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە پارتی دەیەوێت بەپێی ئەو بەرنامەی دایناوە، حكومەتی داهاتوو پێكبێت، لەبەرانبەر ئەوەدا هەریەكە لەگۆڕان‌و یەكێتیش پرۆژەیان هەیەو پرۆژەكەشیان خستووەتە بەردەم بەرپرسانی ئەو حیزبە، بەڵام لەلایەن پارتییەوە هیچ وەڵامێكی ئەرێنیان وەرنەگرتووە.

هـ ـ ح