كۆمەڵ بۆ بەشداری لەحكومەت داوای بەرچاو روونی دەكات

کوردستان

13/12/2018‌ 2279 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ بەشداری لەحكومەتی نوێی هەرێم داوای بەرچاو روونی دەكات.

قومرییە شێخ محەمەد بەرزنجی ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، باسی لەوە كرد، كە دوای گرژی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكرات (براوەی یەكەمی هەڵبژاردن)و كۆمەڵی ئیسلامی، چەندین جار سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی كۆمەڵی ئیسلامیی كردووە، بەڵام تا ئێستا نەتواندراوە گفتوگۆكان ببەنە نێو بازنەیەكی بەرفراوان‌و رایگەیاند، بۆ بەشداریكردنیان لەحكومەت، بەرچاوڕوونییان دەوێت.

قومرییە شێخ محەمەد بەرزنجی سەبارەت بەبڕیاری كۆمەڵی ئیسلامی بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ راشیگەیاند "ئێمە تا ئێستا هیچ بڕیارێكمان نەداوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو بنەمایەی، كە كۆمەڵی ئیسلامی كاری لەسەر دەكات، ئێمە رامانگەیاندووە هەر كاتێك كارنامەی حكومەت لە لامان روون بووەوە، ئەوكاتە بزانین ئەو كارنامەیە چەندە لەخزمەتی هاووڵاتییاندایە، چەندە چارەسەری ئەو تەنگەژە سیاسی‌و ئابوورییە دەكات، كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئێمە لەلامان وایە كە بارودۆخی كوردستان زۆر هەستیارە، بۆیە بە پێویستی دەزانین، كە ئەو هەڵە و كەموكوڕییانەی پێشتر لە حكومەتدا هەبووە، ئەو گلەیی‌و ناڕەزایەتییانەی، كە خەڵكی هەرێمی كوردستانی نیگەران كردووە نەمێنن، ئەوكات دەتوانین بە راوێژ لەگەڵ ئەندامان و لایەنگرانی كۆمەڵی ئیسلامیی، بڕیاری خۆمان بدەین".

لەبارەی پڕۆژەی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەگەری بەشداریكردنیان، قومریە بەرزنجی رایگەیاند "تا ئێستا پڕۆژەیەكی ئامادەكراومان نییە و بەردەوام جەختمان لەوە كردووەتەوە كە پێویستە لە هەرێمی كوردستان خاوەنی دامەزراوەكان بین و هەر دامەزراوەیەك رێزی لێ بگیرێت و پێگەكەی دیاری بكرێت، رێز لە سەروەری یاسا بگیرێت و لەسەر ئەو بنەمایانە ئێمە بڕیاری خۆمان دەدەین".

سەبارەت بە هۆكاری سەردان نەكردنی پارتی دیموكرات وەك گەورەترین فراكسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆكردن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، قومریە شێخ محەمەد بەرزنجی ئەوەی راگەیاند "دەبێت ئەو پرسیارە لە بەرپرسانی پارتی بكرێت و لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بەپێی پڕەنسیپ و بنەماكانی خۆی كاریكردووە نەك ئەوانەی كە پارتی بۆی دادەنێت، ئەمەش رەنگە نیگەرانی لای پارتی دروست كردبێت".

هەروەها سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكرات و كۆمەڵی ئیسلامی لەئێستادا، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی كۆمەڵ رایگەیاند "چەندین گفتوگۆ هەبووە لەنێوانماندا، چەند جارێك سەرۆكوەزیران سەردانی كۆمەڵی كردووە، بەڵام تا ئیستا نەتواندراوە گفتوگۆكان ببەینە بازنەیەكی بەرفراوانەوە بۆ ئەوەی بتوانن لێكتێگەیشتنمان هەبێت بۆ داهاتووی كوردستان بۆیە بە پێویستی دەزانم گرژی و ئاڵۆزییەكان وەلابندرێت".

لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی رابردوودا، كۆمەڵی ئیسلامی حەوت كورسی بەدەست هێناو تائێستا لەبارەی بەشداری لەحكومەت هیچ بڕیارێكی نەداوەو بڕیارەكەشی دەكەوێتە سەر ئەنجامی گفتوگۆی نێوان ئەو لایەنەو پارتی وەك براوەی هەڵبژاردن.

هـ ـ ح