شارپرێس:
دانیشتنێكی دیكه‌ی دادگه‌یی كردنی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی
گشتیی پێشووی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په) له لایه‌ن نۆزده‌مین دادگه‌ی
سزا قورسه‌كانی ئه‌نقه‌ره، ئه‌مڕۆ له ڕۆژی دووه‌میدا له هۆڵی به‌ندیخانه‌ی
سینجان به‌رده‌وام بوو.
له دانیشتنه‌كه‌دا هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په سه‌زای ته‌مه‌للی و چه‌ندین
په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په بۆ چاودێری كردنی پڕۆسه‌كه ئاماده بوون. هه‌روه‌ها
ده‌یان پارێزه‌ری دۆسیه‌ی ده‌میرتاش ئاماده بوون، له شانده بیانییه‌كان ته‌نیا
ڕێ به ٥ كه‌س درا ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه بن و به بیانووی جۆراوجۆر ڕێگری له
٦ كه‌سیان كرا. هه‌روه‌ها ڕێگه به ڕۆژنامه‌وانان نه‌درا ده‌ربازی هۆڵی دانیشتنه‌كه
بن، ته‌نیا ڕێ به‌و ڕۆژنامه‌وانانه درا كه كارتی زه‌ردیان هه‌یه.
ده‌میرتاش له سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا له به‌رانبه‌ر قسه‌كانی دادوه‌ر
به‌رته‌كی پیشان دا و وتی "دادگه‌یه‌ك ناتوانێت له به‌رانبه‌ر من وه‌ها
ڕه‌فتار بكات. ئه‌گه‌ر ئێوه دان به بڕیاری دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپادا
نانێن، ده‌توانن به‌ئاشكرا بڵێن [بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا په‌یوه‌ندی
به ئێمه‌وه نییه.] هه‌ر نه‌بێ بڕیاری ئه‌وه‌تان نه‌دابوایه كه بێلایه‌نن یان
لایه‌نگر. ده‌بوایه دۆسیه‌كه‌تان ناردبا بۆ بیسته‌مین دادگه‌ی سزا قورسه‌كان.
بتانگوتبایه؛ [ئێمه لایه‌نگر نین] به‌ڵام خۆتان بڕیاره‌كه‌شتان دا. نه‌تاننارده
دادگه‌یه‌كی باڵا. ئێوه به‌ئاشكرا تاوان ده‌كه‌ن".
ده‌میرتاش له درێژه‌ی قسه‌كانیدا له چێوه‌ی خۆپاراستندا ئاماژەی
بەوەدا "ئێوه پێگه‌ی خۆتان به خراپ به‌كاردێنن. ئێوه ناتوانن گاڵته به
ئێمه بكه‌ن. من ئه‌مه قبووڵ ناكه‌م. ئێوه پێگه‌ی دادوه‌ریی خۆتان دژی ده‌نگده‌ران
و ناسنامه‌ی سیاسیی من به‌كاردێنن و ده‌تانه‌وێت به‌م شێوه‌یه هێز به ده‌سه‌ڵاتداره‌تی
ببه‌خشن. ئێوه ناڕه‌زایه‌تیی ئێمه قبووڵ ناكه‌ن. له دانیشتنی یه‌كه‌مه‌وه
داوای تۆماری ده‌نگی ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئێوه بڕیاری ناوبڕ ده‌ده‌ن. ئێوه
داواكاریی ئێمه بۆ هێنانی ئه‌و تۆماره ده‌نگییانه‌ی له دۆسیه‌كه‌دان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه.
من ده‌ڵێم ئه‌و ده‌نگه هی من نییه، ده‌ڵێم ناڕه‌زایه‌تیم هه‌یه له به‌رانبه‌ر
ئه‌م تۆماره ده‌نگییه، به‌ڵام ئێوه نایهێنن. ئێوه گاڵته به هۆشی ئێمه ده‌كه‌ن".
ده‌میرتاش له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئەوەشی وت "ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ی
دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا په‌یوه‌ندی به ئێوه نییه، بۆچی ماوه‌ی ٢ ساڵه وه‌زاره‌تی
داد له‌وێ به‌رگری له خۆی ده‌كات؟ به‌م بڕیاره ده‌ركه‌وت كه ئێوه له من
باشتر سیاسه‌تمه‌دارن. ده‌ركه‌وت كه له‌م هۆڵه‌دا ئێوه سیاسه‌تمه‌دارن. له‌م
هۆڵه‌دا ئێمه وه‌ك بێ حقووقترین كه‌س دیارین. بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی مافی
مرۆڤی ئه‌ورووپا په‌یوه‌ندی به ئێوه هه‌یه. ئێمه له‌پێناو ئه‌و بڕیاره‌دا
تێكۆشانی حقووقیمان كرد. ئێمه قبووڵ ناكه‌ین ئه‌م بڕیاره له‌به‌رچاو نه‌گرن. من
به‌رپرسم له پاراستنی ئه‌و ئیراده‌یه‌ی كه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر سه‌ری
خۆم بۆ ئه‌ردۆغان شۆڕ كردبا، ئێستا له بری زیندان له كۆشك ده‌بووم".
ده‌میرتاش ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "ئه‌و به ده‌ستی ئاكه‌په دادگه‌یی
ده‌كرێت و باسی لەوەکرد "حێوه له‌سه‌ر داوای ته‌یب ئه‌ردۆغان ئه‌م بڕیارانه
ده‌ده‌ن، به‌ڵام ناتوانن له‌سه‌ر داوای ئاكه‌په درێژه به‌و بڕیارانه بده‌ن.
من ناڵێم ڕزگارم بكه‌ن. داوای ١٤٢ ساڵ زیندانی كردنی من ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر
١٤١ ساڵیش په‌سه‌ند بكه‌ن، خاترم ده‌گرن. من گاڵته ناكه‌م. جگه له خودا له هیچ
كه‌س ناترسم. به‌ڵام من به‌های خۆم ناخه‌مه ژێر پێی ئێوه. هه‌موو ژیانم به
پاراستنی به‌هاكانم تێپه‌ڕی، ناهێڵم هیچ كه‌سێك پێ له به‌هاكانم بنێت. گه‌یشتووینه
ئاستێك كه ئێوه پێشێلی به‌هاكانی من ده‌كه‌ن".
ده‌میرتاش درێژه‌ی به ڕه‌خنه‌كانی دا له به‌رانبه‌ر دادوه‌رانی دادگه
و وتی "ئه‌گه‌ر به ڕێزه‌وه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، دادگه له‌سه‌ر ده‌ستمان
ڕاده‌گرین. به‌ڵام بێڕێزی قبووڵ ناكه‌ین. ئاكه‌په ئێمه دادگه‌یی ده‌كات یان
دادوه‌ر؟ حیساب نه‌كردن بۆ بڕیاری دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا بڕیاری ئاكه‌په‌یه.
ئێوه ناتوانن به گوێره‌ی پسته‌پستی ئاكه‌په ڕه‌فتار بكه‌ن. ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ی
دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپاش نایخوات، ئه‌دی ئایا پێویسته ئێمه له كۆبوونه‌وه‌كانی
ڕێخستنی ئاكه‌په‌دا بتانبینین؟ له‌مه واوه‌تر چۆن بتوانین دادوه‌ره‌كان ئاشكرا
بكه‌ین. ئه‌وه‌ی من ده‌یزانم ئه‌وه‌یه كه ٣ ئه‌ندامی ئاكه‌په ئه‌ندامێكی هه‌ده‌په
دادگه‌یی ده‌كه‌ن. هه‌سته‌كانی من وه‌هان. من به ڕاشكاوی پێتان ده‌ڵێم. ئه‌مه‌ش
ته‌نگه‌تاوم ناكات. نامه‌وێت خۆم بپارێزم. ئیدی چیتان پێ‌بڵێم؟".
دوای قسه‌كانی ده‌میرتاش، پارێزه‌ره‌كانیشی قسه‌یان كرد و داوایان له
ده‌سته‌ی دادگه كرد ده‌ست له هه‌ڵوێستی نادادوه‌رانه‌ی خۆی به‌ردات. پارێزه‌ران
ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كرد كه دادگه‌یی كردنه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی ناقانوونی به‌ڕێوه‌ده‌چێت
و داوایان كرد جارێكی دیكه دادگه به‌بڕیاری ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاری دادگه‌ی مافی
مرۆڤی ئه‌ورووپادا بچێته‌وه.
ده‌سته‌ی دادگه له دانیشتنی دوانیوه‌ڕۆیدا بڕیاری دا ده‌میرتاش به
زیندانی كراوی بمێنێته‌وه و دانیشتنه‌كه‌شی بۆ ٢٣-٢٤-٢٥ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٩
دواخست.
هـ ـ ر