ئەمەریكا دژی داواكارییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەوەستێتەوە

جیهان

15/12/2018‌ 372 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ئیسرائیل لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی سەربازی قەلغانی باكوور دژی تۆنیلەكانی "حزب الله" بۆ سەر سنوورەكانی باكووری خۆی لە نزیك لوبنان، كە دەیەوێت فشاری نێودەوڵەتی بكاتە سەر لوبنان.

رۆژنامەی هائارتسی ئیسرائیلی ئاشكرایكرد، فشارە سیاسی و ئابوورییەكانی ئیسرائیل تاكو ئێستا سەركەوتنی بەدەست نەهێناوە لەناو ناوەندە جیاوازەكانی ئەمەریكادا، ئەمەش لە هەڵوێستە یەكلاكەرەوەكانی ئەمەریكادا دەردەكەوێ بەرەتكردنەوەی جێبەجێكردنی، یان سەپاندنی سزا بەسەر لوبناندا لەم قۆناغەی ئێستادا.

رۆژنامەكە لە سەرچاوەیەكی حكومەتی ئیسرائیلییەوە زانیویەتی، ئەمەریكا داواكاریەكی ئیسرائیلی سەبارەت بەسەپاندنی سزای ئابووری بەسەر لوبنان و سوپاكەیدا رەتكردووەتەوە.

ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل لەگەل دەستپێكردنی پرۆسەی سەربازییەكەیدا هات لەسنوورەكانی باكووری خۆی و تێیدا توانی چەند تۆنیێك بدۆزێتەوە، كە "حزب الله" لە لوبنانەوە بۆ ئیسرائیل هەڵی كەندبوو، بۆیە بڕیاریدا فشار بكات و داوای ئەوە بكات ئەمەریكا سزای ئابووری بەسەر لوبناندا بسەپێنێ بۆ ئەوەی حكومەتی لوبنان سەرجەم بەرپرسیاریەتییەكە بگرێتە ئەستۆی خۆی سەبارەت بە پێشلیكارییەكان لەبڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان. 

سەرچاوەكە باسی ئەوەشی كردووە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەكاتی بینینی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا مایك بۆمبیۆ لەبرۆكسیل ئەم داواكاریەی لێ كردوە.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رەزامەند بووە لەسەر داڕشتنی سزای كاریگەرو زۆر بەسەر "حزب الله" دا، بەڵام رەتیكردووەتەوە سزا بەسەر حكومەتی لوبناندا بسەپینێ‌و ئەوەی روونكردووەتەوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ لوبنان بەهێزە و تەنانەت لەسەر ئاستی سەربازییش، بە هیچ شێوەیەكیش نایەوێ زیان بە لوبنان بگەیەنێ.

هەروەها رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە لەسەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەی سەربازی قەلغانی باكوور، ئیسرائیل لەسەر دوو ئاست سیاسی و سەربازی هەولی ئەوە دەدات لوبنان و "حزب الله" وەك یەك ئەژماربكرێن. 

بەم شێوەیە لەگەڵ راگەیاندنی یەكەمدا، وتەبێژ بەناوی سوپای ئیسرائیلەوە لەسەرەتای پرۆسەكە و لە زانیارییەكانیان ئەوەیان دەردەخست، بەرپرسیارییەتی هەڵكەندی تۆنیلەكان لەلایەن "حزب الله"ەوه لە باشووری لوبنان دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی لوبنانی.

هـ ـ ح