پارتی‌ بنەمای‌ یارییەكەی‌ گۆڕی‌
دوای‌ 20 ساڵ نێچیرڤان بارزانی‌ لەحكومەت دووردەكەوێتەوە

کوردستان

15/12/2018‌ 17953 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەرەشید
وەك جوڵەیەكی‌ چاوەڕواننەكراوی‌ شەتڕەنج، پارتی‌ شوێنگۆڕكێی‌ بەكاراكتەرە دیارەكانی‌ ناو دەسەڵات كردو بەشێوەیەكی‌ تر سیمای‌ چوار ساڵی‌ داهاتووی‌ حكومڕانی‌ لەكوردستان داڕشتەوە.

هێزە سیاسییەكانی‌ كوردستان‌و خەڵكیش چاوەڕێ بوون نێچیرەڤان بارزانی‌ دەست بەجموجۆڵەكانی‌ بكات بۆ پێكهێنانی‌ حكومەتی‌ داهاتووی‌ هەرێمی‌ كوردستان، چونكە بووەتە نیمچە عورف هەموو جارێك پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان سەرۆكایەتی‌ كابینە وەزارییەكان بەنێچیرەڤان دەسپێرێت، كەچی‌ ئەنجوومەنی‌ سەركردایەتی‌ ئەو حیزبە رۆژی‌ 3ی‌ ئەم مانگە ئەركەكەی‌ بەكەسێكی‌ دیكە سپارد، هەرچەندە لەوەشدا دوور نەڕۆیشت‌و پۆستەكە هەر بۆ كەسێكی‌ دیكەی‌ ناو بنەماڵەی‌ بارزانی‌ بوو، كە ئەویش مەسرور بارزانی‌ كوڕی‌ مەسعودە بارزانییە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 1996، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرت، لەساڵی 1999 بەسەرۆك وەزیران دەستنیشان كرا، لەئازاری 2006 نێچیرڤان بارزانی بۆ جاری دووەم پۆستی سەرۆكی كابینەی پێنجەمی یەكگرتووی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرتەوەو لەساڵی 2009 بەرهەم ئەحمەد ساڵح بۆ ماوەی دوو ساڵ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرت لەكابینەی شەشەمداو دواتر و لە 2012 تا 2014 نێچیرڤان بارزانی بووەوە بەسەرۆكی حكومەت لەكابینەی حەوتەمداو چوار ساڵی‌ رابردووش لەكابینەی‌ هەشتەم سەرۆك وەزیران بوو.

لەبەرانبەر مەسرور بارزانی‌ وەك یەكێك لەكاراكتەرە ناو پارتی‌‌و حوكمڕانی‌ هەمیشە لەسێبەردا كاری‌ كردووەو شوێنپەنجەی‌ ئەو لەسەر هێزە ئەمنییەكان دیارە، بەو پێیەی‌ سەرۆكی‌ ئەنجوومەنی‌ ئاسایشی‌ هەرێمی‌ كوردستانە، ئەمە یەكەمینجارە وەك كەسی‌ یەكەمی‌ نێو دەسەڵاتی‌ جێبەجێكردن خۆی‌ نمایش دەكات.

پارتی‌، نێچیرەڤان بارزانی‌ لەكاندیدی‌ سەرۆكایەتی‌ حكومەت دورخستەوە، بەڵام بەمەش خۆری‌ برازاكەی‌ مەسعود بارزانی‌ ئاوا نەبوو، بەڵكو بۆ پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێمی‌ كوردستان پاڵێورا.

سەركردایەتی‌ پارتی‌ لەیەك كاتدا ناوی‌ هەردوو كاراكتەرەكەی‌ بۆ پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم‌و سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران بەیانكرد، ئەمەش رەنگە گرێدراوی‌ ئەو ناكۆكییە رانەگەیەندراوەی‌ نێوان هەردوو ئامۆزاكە بێت، چونكە نەدەبوو لەو ململانێیەدا هیچ كامیان بەدۆڕاو بزانرێن.

هەرچەندە بڕیارەكەی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ بۆ دیاریكردنی‌ مەسرور بارزانی‌ بۆ زۆرێك چاوەڕواننەكراو بوو، بەڵام فرسەت سۆفی‌ ئەندامی‌ خولی‌ چواری‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لەفراكسیۆنی‌ پارتی‌، ئەو بڕیارە بەئاسایی دەزانێت‌و دەڵێت: "پارتی‌ هەمیشە گۆڕانكاری‌ لەپۆستەكان دەكات، ئەم گۆڕانكارییەشی‌ لەو چوارچێوەدایە".

فرسەت سۆفی‌، كە ئەندامی‌ شاندی‌ پارتی‌ دیموكراتیشە بۆ گفتوگۆكانی‌ پێكهێنانی‌ حكومەتی‌ داهاتوو، بۆ "نیقاش" دەشڵێت: "پارتی‌ دەیەوێت لەكابینەی‌ داهاتوو دەموچاوی‌ نوێ‌ بهێنێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی‌ لەو رێگەیەوە گۆڕانكاری‌ بكات‌و ئەو بەڵێنانەشی‌ لەكاتی‌ هەڵبژاردن داویەتی‌ بەخەڵكی‌ وەك خۆی‌ جێبەجێی‌ بكات".

هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لە 30 ئەیلوولی‌ رابردوو بەرێوەچوو، پارتی‌ دیموكرات 45 كورسی‌ بەدەستهێناو بووە براوەی‌ یەكەمی‌ هەڵبژاردنەكە، بەمەش كاندیدی‌ ئەو حیزبە رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی‌ حكومەت.

پارتی‌ بەتەنیا ناتوانێت حكومەتی‌ داهاتوو پێكبهێنێت، بۆیە لەگەڵ لایەنەكانی‌ تری گفتوگۆ دەكات، بۆ ئەوەی‌ بەرێككەوتن كابینەی‌ داهاتوو دروست بكەن، ئەو لایەنانەش، كە گفتوگۆیان لەگەڵ دەكات، یەكێتی‌ نیشتمانی‌ (21 كورسی‌ دووەمی‌ هەڵبژاردن)، بزووتنەوەی‌ گۆڕان (12 كورسی‌ سێیەمی‌ هەڵبژاردن) دەبێت، كە رەنگە لایەنی‌ تریش بهێنێتە ناو حكومەتەوەو ئەوەش لەسەر گفتوگۆكان دەمێنێتەوە.

هەڵوێستی‌ یەكێتی‌ لەبارەی‌ گۆڕانكارییەكەی‌ پارتی‌ ئەوەیە، كە ئەو حیزبە سەرپشكە لەوەی‌ چ كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتی‌ حكومەت كاندید دەكات‌و ئامادەشە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنە بكات، بۆ زوو یەكلاكردنەوەی‌ پێكهێنانی‌ حكومەت.

سەعدی پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بۆ "نیقاش" وتی‌: "بڕیاری پارتی بۆ دیاریكردنی‌ مەسرور بارزانی‌ بۆ سەرۆكایەتی‌ حكومەت لەدەستی‌ خۆیانەو ئێمەش پێشوازی‌ لێدەكەین".

سەعدی‌ پیرە وتیشی‌: "بەبڕیارەكەی‌ ئەنجوومەنی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌، هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت هەنگاوێكی باش دەچێتە پێشەوە"و هیوای‌ خواست بەزوویی گفتوگۆكانی‌ پێكهێنانی حكومەت لەنێوان لایەنەكان دەستپێبكات.

مەسرور بارزانی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ بەوەرگرتنی‌ پۆستە نوێیەكانیان كۆمەڵێك دەسەڵاتی‌ جێبەجێكردنیان لەسەرۆكایەتی‌ حكومەت‌و هەرێم دەبێت، رەنگە ئەو تێكەڵبوونی‌ دەسەڵاتە رووبەرووی‌ ململانێیەكی‌ دیكەیان بكاتەوە.

كەمال رەئوف نوسەرو چاودێری‌ سیاسی‌ لەو بارەوە دەڵێت: "بەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی‌‌و مەسرور بارزانی‌ دەمێكە بەردەوامە، بوونی دوو میدیای جیاوازی كەناڵەكانی‌ "كوردستان ٢٤ و رووداو"، بوونی دوو پرۆژەی خێرخوازی "روانگەو دەزگای‌ بارزانی‌"، هەروەها لەماوەی ١٧ ساڵی حوكمرانی نێچیرڤان بارزانی‌، مەسرور بارزانی ئامادە نەبوو وەك وەزیرێكی حكومەت پەیوەست بێت بەسەرۆك وەزیرانەوە، لەگەڵ بوونی دوو گوتاری جیاواز، ئەوانە نموونەی زیندووی ئەوەن، كە ئامۆزاكان شەڕی دەسەڵاتدارییەتی پارتی دەكەن بۆ دوای مەسعود بارزانی".

كەمال رەئوف هەروەها دەشڵێت: "ئەوەی‌ تائێستا شەڕەكەی‌ راگرتووە، خودی‌ مەسعود بارزانییە، كە بەقوەتەوە لەپشتەوە وەستاوەو ئەم بەریەككەوتنە خاوترو دورتر دەخاتەوە، بەڵام بەئاشكرا لەرۆژەكانی ئایندەی حوكمرانی ئەواندا ناكۆكییەكان زیاتر دەردەكەون‌و هیچ زەمانەتیكیش نییە بۆ چارەسەر".

مەسرور بارزانی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ لەناو حیزبەكەیان‌و دەرەوەی‌ ئەو حیزبەش هێزو دەسەڵاتێكی‌ زۆریان هەیەو زەحمەتە لەئێستادا بتوانرێت باڵادەستی‌ یەكێكیان بەسەر ئەوی‌ دیكەیاندا دەربخرێت، ئەوەش دەسەڵاتانە توانای‌ ململانێكردنیان زیاتر دەكات.

لەسەر ئاستی‌ میدیا نێچیرڤان بارزانی‌ خاوەندارییەتی‌ كەناڵی‌ تەلەفزیۆنی‌ (رووداو) دەكات، كە گەورەترین كەناڵی‌ كوردییە، ئەمە جگە لەهەفتەنامەو دەزگای‌ رۆشنبیری‌ دیكەش، لەبەرنبەردا مەسرور بارزانی‌ خاوەنی‌ كەناڵێكی‌ دیاری‌ وەك (كوردستان 24) دەكات دیسانەوە لەگەڵ هەفتەنامەو چەند ناوەندێكی‌ میدیایی‌‌و رۆشنبیری‌ دیكە، زانكۆی‌ كوردستان هی‌ نێچیرڤان بارزانییەو زانكۆی‌ ئەمەریكی‌ لەدهۆك هی‌ مەسرور بارزانییە، نێچیرڤان بارزانی‌ "دەزگای‌ روانگەی‌" خێرخوازی‌ هەیەو مەسرور بارزانیش خاوەنی‌ "دەزگای خێرخوازی بارزانی"یە.

بۆ هەموو سێكتەرو بوارەكانی‌ دیكەش بەم شێوەیەیە، بەڵام رەنگە دیارترینیان ئاستی‌ ئەمنی‌‌و سەربازی‌ بێت، كە لەمەیاندا مەسرور بارزانی‌ باڵادەستتر دەنوێنێت، چونكە مەسرور بارزانی‌ دەسەڵاتی‌ بەسەر دەزگاكانی‌ ئاسایش‌و دژەتیرۆری‌ كوردستان‌و هێزەكانی‌ زێرەڤانی‌‌و بەشێكی‌ زۆر لەلیواكانی‌ یەكەی‌ هەشتای‌ سەر بەپارتی‌ هەیەو نێچیرڤان بارزانیش لەرێگەی‌ رەوان ئیدریس بارزانی‌ برایەوە دەسەڵاتی‌ بەسەر چەند لیوایەكی‌ پێشمەرگە هەیە.

وەك هەموو حیزبەكانی‌ دیكەی‌ كوردستان لەكاتی‌ ئامادەبوونی‌ كەسی‌ یەكەمدا بەدەگمەن باسی‌ شوێنگرەوە دەكرێت، بۆ پارتیش بەهەمان شێوەیە، بەڵام لەدوای‌ پاشەكشەی‌ مەسعود بارزانییەوە زۆر كەس پێیان وایە جموجۆڵە ناوخۆیی‌‌و نێودەوڵەتییەكانی‌ ئەو دوو ئامۆزایە بۆ ئەوەیە وەك شوێنگرەوەی‌ ئەو خۆیان نمایش بكەن.

لەگەڵ ئەوەی‌ لەزۆربەی‌ ئاستەكاندا ململانێی‌ دوو ئامۆزا دیارە، بەڵام تائێستا هەردوولا دەستیان بەمەركەزییەتی‌ پارتییەوە گرتووەو لەتۆكمەییدا كەوتوونەتە پێش حیزبەكانی‌ ترو رەنگە لەئایندەشدا بەپێچەوانەی‌ حیزبەكانی‌ دیكەوە لەسەر جۆرێك لەدابەشكردنی‌ دەسەڵات رێك بكەون كە بەرژەوەندی‌ هەردوولایان بپارێزێت.

فرسەت سۆفی‌ لەبارەی‌ چارەنووسی‌ مەسعود بارزانی‌ دەڵێت: "ئەو بەهۆی‌ كەسایەتییە كارێزماییەی‌ هەیەتی‌، كەس ناتوانێت وەك ئەو رۆڵ لەهەرێمی‌ كوردستان بگێڕێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەموو كارێكی‌ بۆ ئەوەیە نێچیرەڤان بارزانی‌‌و مەسرور بارزانی‌ وەك خۆیان رۆڵ بگێڕن".