حكومەتی ناتەواو.. عێراق لەنێوان ئێران‌و ئەمریكا لەبەردەم دووڕیانێكی مەترسیداردایە

عیراق

15/12/2018‌ 965 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
چەند رۆژێك پێش كۆتاییهاتنی مۆڵەتەكەی ئەمریكا بۆ عێراق بۆ راگرتنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بەپێی سزا سەپێندراوەكانی سەر تاران، سیاسییەكانی عێراق رووبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی سەخت دەبنەوە .

پێنجشەممەی داهاتوو ئەو مۆڵەتە (45 رۆژ) كۆتایی دێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ عێراقی دیاریكردووە بۆ راگرتنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بەپێی ئەو سزایانەی واشنتۆن بەسەر تارانیدا سەپاندوون، لە كاتێكیشدا ئێران گوشاری خستووەتە سەر حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی لەپاڵیدا بوەستێت، ویلایەتە یەكگرتووەكانیش گوشار لە حكومەتی عێراق دەكات بۆ پابەندبوون بە سزاكانەوە، بەڵام خودی حكومەتیش رووبەڕووی قەیرانێكی قووڵ بووەتەوە لە تەواوكردنی تیمەكەیدا كە هەشت وەزارەتی تەواو نەكراون لەدوای هەرەسهێنانی هاوپەیمانی فشەڵی نێوان هەردوو گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان "چاكسازی‌و ئاوەدانكردنەوە"ی سەر بە موقتەدا سەدر‌و "بنیاتنان"ی سەر بە هادی عامری.

لە بەدبەختی عێراقە كە ململانێی نێوان ئەمریكا‌و ئێران لە كاتێكدایە كە حكومەت‌و پەرلەمان رووبەڕووی قەیرانێكی سیاسی گەورە بوونەتەوە، چونكە ئەو حكومەتەی لەدوای هاوپەیمانییەكی سیاسی بەپەلە بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی كەسایەتی سیاسی سەربەخۆ هاتەئاراوە، هەر زوو درزی تێكەوت كاتێك وتووێژی فراكسیۆنەكان گەیشتە سەر دەستنیشانكردنی هەردوو وەزیری ناوخۆ‌و بەرگری.

كێشە سەرەكییەكە لە پەیوەندی سیاسی‌و ئابووری پتەوی نێوان عێراق‌و ئێراندایە، چونكە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە 12 ملیاری ساڵانە، هەروەك ئێران هەژموونێكی ئەمنی‌و سیاسی زۆری لە وڵاتەكەدا هەیە لەڕێی گرووپە شیعەكان‌و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی سەر بەو گرووپانە كە بوونەتە یەكێك لە جەمسەرە گرنگەكانی پەرلەمان.

بەڵام كێشەی سەرەكی پەیوەست بە ئێران كە ویلایەتە یەكگرتووەكان ئیستیفزاز دەكات، قەیرانی كارەبایە لە عێراق، چونكە وەزارەتی كارەبا رایگەیاندووە نزیكەی سێیەكی بەرهەمهێنانی وزە بەشێوەیەكی راستەوخۆ پشت بە ئێران دەبەستێت، لە كاتێكدا ویلایەتە یەكگرتووەكان گوشار لە حكومەتی عێراق دەكات بۆئەوەی جێگرەوەی ئێران بدۆزێتەوە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی وزە‌و كۆمپانیای "جێنراڵ ئەلیكتریك"یش چەندین پرۆژەی بۆ ئەو مەبەستە پێشكەش كردووە، بەڵام كارەكە بەو ئاسانیە نییە.

وەك بەرپرسێكی گەورەی حكومەتی عێراق دەڵێت، عێراق نزیكەی 16 هەزار مێگاوات وزە بەرهەم دەهێنێت، لەكاتێكدا پێویستی كرداری بۆ دابینكردنی كارەبا بەدرێژایی رۆژ‌و بۆ سەرتاسەر وڵات نزیكەی 26 هەزار مێگاواتە، ئەم جیاوازیەش هەر دەمێنێت، چونكە هەتا بەرهەمهێنانی وزە زیاد بێت، لەگەڵیدا قەبارەی خواست زیاد دەكات.   

ئەوبەرپرسە كە داوایكرد ئاماژە بەناوی نەكرێت، بە "نیقاش"ی وت: "نزیكەی 30%ی بەرهەمهێنانی وزەی عێراق پشت بە گازی ئێران دەبەستێت، ویلایەتە یەكگرتووەكانیش داوامان لێدەكات دەستبەرداری گازی ئێران ببین بەبێ ئەوەی درك بە قەبارەی ئەو قەیرانە بكرێت كە لێی دەكەوێتەوە".

بەرپرسەكە روونیشیكردەوە كە "عێراق پشت بە گازی ئێران دەبەستێت بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی وزە بۆ بەرهەمهێنانی نزیكەی 4 هەزار مێگاوات، هەروەها پشت بە هاوردەكردنی كارەبای راستەوخۆ لە ئێرانەوە دەبەستێت بۆ دابینكردنی نزیكەی 1500 مێگاوات كە نزیكەی سێیەكی بەرهەمهێنانی وزە لە عێراق پێكدەهێنێت".

قەیرانی كارەباش لەعێراق بە یەكێك لە دیارترین ئەو كێشە ئابووریانە دادەنرێت كە عێراق لەساڵی 2003وە بەدستیانەوە دەناڵێنێت، چونكە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان شكستیان هێناوە لە چارەسەركردنی كێشەكەدا، هەتا ئەمڕۆش عێراقیەكان تێكڕای هەشت سەعات كارەبای رۆژانە وزەیان پێدەدرێت، لە كاتێكدا پشت بە موەلیدەی كارەبای ناوچەیی دەبەستن كە خاوەنەكانیان بازرگانانی بچووكن ئەویش بۆ قەربووكردنەوەی كەموكوڕییەكە لەبەرامبەر بڕێك پارەی زیادە.

هاوپەیمانی "بنیاتنان" كە هاوپەیمانییەكی گەورەیە‌و فراكسیۆنەكانی "فەتح" بە رێبەرایەتی هادی عامری‌و "دەوڵەتی یاسا" بەرێبەرایەتی نوری مالیكی‌و چەند حزبێكی سوننەی دیكە لەخۆدەگرێت‌و بە نزیكی لە ئێران ناسراوە، پابەندبوونی عێراق بە سزاكانی سەر ئێران رەتدەكاتەوە.

مەنسور بعێجی ئەندامی هاوپەیمانی "بنیاتنان" هۆشداری دەداتە حكومەتی عێراق لە پابەندبوون بە سزاكان‌و دەڵێت: "پەیوەندی پتەو لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە‌و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوانیاندا هەیە لەبواری بابەتی خواردەمەنی‌و كشتوكاڵی، ئەمە جگە لە ئاڵوگۆڕی گاز‌و كارەبا‌و نەوت، بۆیە مەعقول نییە هەموو ئەم شتانە رابگیرێن لەپێناو ئارەزووەكانی ئەمریكادا".

وادیارە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیش پشتیوانی ئەم بۆچوونە دەكات‌و سێشەممەی رابردوو لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی هەفتانەیدا وتی: "عێراق بەشێك نییە لە سزاكانی ئەمریكا" ناردنی وەفدێكیشی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان راگەیاند بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بەخشینی عێراق لە پابەندبوون بەو سزایانەوە.

بەڵام وا دیارە ئەمریكا سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پێویستی پابەندبوونی عێراق بە سزاكانەوە، بۆیە دوای چەند سەعاتێك لە لێدوانەكەی عەبدولمەهدی، ریك بیری وەزیری وزەی ئەمریكا لەمیانی سەردانێكی كتوپڕیدا بۆ عێراق كە تێیدا چاوی بە گەورە لێپرسراوانی وڵاتەكە كەوت، لە بەغداوە وتی: "بە عیراقییەكانم راگەیاندووە كە سزاكان راستیە‌و ئامادەییان هەیە، كاتی ئەوە هاتووە عێراق پشتبەستنی بەو دەوڵەتانە رابگرێت كە هەوڵی سەپاندنی هەژموون‌و باڵادەستی دەدەن" ئەویش لە ئاماژەیەكی رووندا بۆ ئێران.

كەس نازانێت هەفتەی داهاتوو دوای كۆتاییهاتنی مۆڵەتەكەی ئەمریكا بۆ عێراق چی روو دەدات، ئێران ئاماژە بۆ خوڵقاندنی فەوزا دەكات ئەگەر عێراق پابەند بێت بەسزاكانەوە، هاوكات ویلایەتە یەكگرتووەكانیش هەڕەشەی ئەوە دەكات كە عێراقیش سزاكان دەیگرێتەوە ئەگەر شانبەشانی ئێران بوەستێت.

بارودۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت لەگەڵ بەردەوامبوونی قەیرانی حكومەت‌و شكستی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لە تەواوكردنی تیمە حكومییەكەی كە هەشت وەزارەتی كەمە‌و دیارترینیشیان بەرگری‌و ناوخۆیە، ئەویش دوای هەرسهێنانی هاوپەیمانییە فشەڵەكەی نێوان موقتەدا سەدر‌و هادی عامری.

لە دانیشتنی هەفتەی رابردووی پەرلەماندا عامری كاندیدێكی بۆ وەزارەتی ناوخۆ پێشكەش كرد ئەویش فالح فەیاز كەسایەتی سیاسییە كە بووەتە جێی مشتومڕی نێوان عێراقییەكان دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئایاری رابردوودا كاتێك بڕیاری دا لە هاوپەیمانی "نەسر" بەرێبەرایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو جیاببێتەوە‌و بچێتە ریزی هاوپەیمانی "فەتح"ی دوژمنی بە رێبەرایەتی هادی عامری.

"فەتح" سوورە لەسەر پاداشتكردنی فەیاز لەسەر ئەو هەڵوێستەی بە پێدانی پۆستی وەزیری ناوخۆ، بەڵام هاوپەیمانی "سائیرون"بە رێبەرایەتی موقتەدا سەدر هاوپەیمانی عەبادی، بەتوندی ئەو كاندیدكردنە رەتدەكاتەوە‌و پەرلەمانتارانی سەدر توانیان لەدانیشتنە پڕ هاتوهاوارەكەی هەفتەی رابردووی پەرلەماندا رێ لە تەواوبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران بگرن بۆ دەنگدان لەسەر وەزارەتە بەتاڵەكان.

عەبدولمەهدیش توانای یەكلاكردنەوەی كێشەكەی نییە، چونكە كەسایەتییەكی سەربەخۆ‌و بێ حزبە لە پەرلەمان‌و چاوەڕێی سازانی نێوان سەدر‌و عامری دەكات، لە كاتێكدا سەرۆك وەزیران هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی كردووە تا كوتلەكان بخاتە بەردەم هەڵوێستێكی قورس، چونكە لەنێو ململانێی نێوان دوو گرووپدا لە پەرلەمان كە چەند هەفتەیەكە یەكتری تۆمەتبار دەكەن، كاندیدی گونجاو نییە بۆ پۆستەكە.