یـەكـێـتـی رەخـنـە لـەعـادل عـەبـدولـمـەهـدی دەگـرێـت

عیراق

15/12/2018‌ 1088 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی رەخنە لەعادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەگرێت‌و بەهۆكاری تەواونەبوونی پێكهاتەی كابینەی دەزانێت.

یەكێتی نیشتمانی پێیوایە، عادل عەبدولمەهدی بۆ رازیكردنی هەموو لایەنەكان نایەوێت پێكهاتەی كابینەكەی تەواو بكات، كە ئەوەش زیانی بۆ عێراق دەبێت، بەو هۆیەوەشەوە بە "كەمتەرخەم"ی دەزانێت.

لەو بارەوە بەختیار شاوێس پەرلەمانتاری یەكێتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: یەكێتی عادل عەبدولمەهدی بەهۆكاری تەواونەبوونی كابینەی حكومەتی عێراق دەزانێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ لایەنەكان دەكات، دەیەوێت هەموویان رازی بكات.

بەختیار شاوێس دەشڵێت: یەكێتی داوای لەعادل عەبدولمەهدی ئەوەیە بەو شێوەیە مامەڵە نەكات‌و كار بۆ تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەكەی بكات‌و بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن پۆست بەسەر لایەنەكان دابەش بكات.

مانگی 10ی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران متمانەی وەرگرت، بەڵام تائێستا هەشت وەزارەتی كابینەكەی بە بەتاڵی ماونەتەوە، ئەوەش بەهۆی ململانێی نێوان لایەنەكان لەسەر پۆستە وەزارییەكان.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئەوەشی راگەیاندووە، حیزبەكەی 17 كورسی پەرلەمانی عێراقی هەیەو دووەم هێزی گەورەی كوردییە، بۆیە دەبێت عادل عەبدولمەهدی رازی بێت بە پێدانی پۆستێكی وەزاری بەیەكێتی.

هـ ـ ح