زانیاری لەبارەی ئەو پرۆژەیەی گۆڕان خستوویەتییە بەردەم پارتی

کوردستان

15/12/2018‌ 8613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان، هێشتا بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نۆیەم یەكلایینەبووەتەوە، كە كارنامەیەكی داوەتە پارتی دیموكرات دوو تەوەر و چەند خاڵێك لەخۆدەگرێت، كە بەرپرسێكی گۆڕان ناوەڕۆكەكەی ئاشكرادەكات.

كوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "دەبێت كابینەكانی داهاتووی حكومەت ئەو بەرژەوەندییانەی خەڵك بەرچاو بگرن بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو كابینانەی حكومەت وەكو كابینەكانی پێشوو بە شكست كۆتاییان پێنەیەت".

كۆیستان محەمەد لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ باسی لەبەشدارییكردن و نەكردنی بزووتنەوەكەیان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەكات و لەوبارەیەوە دەشڵێت: "تائێستا بزووتنەوەی گۆڕان خۆی لەبارەی بەشداریكردن یان نەكردنی لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكلایی نەكردووەتەوە".

هەروەها دەڵێت: "ئێمە دوای ئەوەی، كە كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی پارتی كرد و دوای ئەوەی ئاشنا بووین بە كارنامەی حكومەت، گەرەنتی جێبەجێكردنی خاڵەكانی كارنامەكە، هەنگاونان بۆ چاكسازی و روونی لەداهات و هەموو ئەو مەسەلانەی ئێمە وەكو گۆڕان زەمەنێكە قسەی لەسەرە دەكەین هەر كاتێك ئەمانە یەكلاییبوونەوە ئەوكاتە جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەی خۆی دەبەستێت و راسپاردە بۆ جڤاتی نیشتمانی دەدات و ئەوكات جڤاتی نیشتمانی بڕیاری لەبارەوە دەدات بەبەشداری كردن یان نەكردن، ئەو كاتە جڤاتی نیشتمانی هەر بڕیارێك بدات ئێمە پابەنددەبین پێوەی".

ئەندامەكەی جڤاتی گشتی گۆڕان وتیشی "بەپێشبینی من كۆبوونەوەكەی نێوان گۆڕان و پارتی كەبەمدواییە ئەنجامدرا رەنگە سەرەتایەك بێت بۆ ئەوەی لەئایندەیەكی زۆر نزیكدا گۆڕان لەپرسی بەشداریكردن، یان نەكردن لەكابینەی نوێی حكومەت خۆی یەكلایی بكاتەوە".

سەبارەت بەو پۆستانەشی، كە بزووتنەوەی گۆڕان بە ئیستیحقاقی خۆیان دەزانێت لەكابینەی نۆیەم ئەگەر بەشداری تێدابكات، كوێستان محەمەد ئاشكرایكرد، هێشتا ئەو مەسەلانەیان بەتەواوەتی یەكلایی نەكردووەتەوە، چونكە بەرچاومان روون نییە لەوەی كە ئایا بەشداری دەكەین یان نا، هەر كاتێك بەشداری بكەن ئەو پۆستانەی بە ئیستیحقاقی خۆیانی دەزانن داوایان دەكەن، بۆیە هێشتا ئەو پرسەش یەكلایی نەبووەتەوە.

ئەو ئەندامە باڵایەی بزووتنەوەی گۆڕان لەدرێژەی قسەكانیدا سەبارەت بەو كارنامەیەی بۆ بەشدارییكردن لە كابینەی نوێی حكومەت داویەتی بە پارتی، كە لایەنی پێكهێنەری سەرەكیی كابینەی نۆیەم دەبێت وتی: "گۆڕان وەرەقەیەكی كاری هەیە، ئەو هەنگاوانەی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیی و رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ناوەند لەخۆدەگرێت‌و ئێمە لەچوارچێوەی ئەو خاڵانەیە دانوستاندن لەگەڵ پارتی دەكەین".

هەروەها ئاشكرایكردووە، كارنامەكەی بزووتنەوەی گۆڕان دوو تەوەر لەخۆ دەگرێت، تەوەری حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەوەری حكومەتی ناوەند، هەردوو تەوەرەكە چەند خاڵێك لەخۆ دەگرێت بۆ چاكسازی‌و بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان و هەموو ئەو پرسانەی لەرابردوودا لەسەر هەموو دەسەڵاتەكان قسەمان لەسەركردووە.

سەبارەت بەو خاڵانەشی لەنێو كارنامەكەدا باسییان لێوەدەكرێت ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتی: "خاڵەكان بریتییە لە مەسەلەی كۆتایی هێنان بە قەیرانی دارایی، چاككردنی گوزەرانی خەڵك، نەهێشتنی پاشەكەوتی موچە، مەسەلەی روونی لە داهاتەكان و داهاتی نەوت و دروستكردنی سندوقی داهاتە نەوتییەكانە، پرسی سەروەربوونی یاسا و دەسەڵاتی دادوەرییە، بەشێكی پەیوەندیی بە پەرلەمان و كارەكانی و یاسادانانەوە هەیە، هەرچی پەیوەست بە حكوومەتی ناوەندییەوە هەیە خاڵەكان بریتیین لە رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان و بەدەستهێنانەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان، هەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان لە بوودجەی گشتی عێراق، هەروەها مەسەلەی پێشمەرگە و بوودجە و مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ كۆمەڵێك ئیستیحقاقاتی دیكە".

سەبارەت بەوەی پێیانوایە پارتی بە وەرەقەی كاری بزووتنەوەی گۆڕان رازی ببێت و ئامادەبێت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانتان، كوێستان محەمەد دەڵێت: "كارناكەمەكەی ئێمە لە ئێستا و لە رابردوودا، هەموو پاكێجەكانی چاكسازییمان، هەموو رێككەوتنەكانمان تەنها و تەنها لەبەرژەوەندیی هاونیشتمانییاندا بووە، هیچ خاڵێكیشی تێدا نییە لەبەرژەوەندیی حزبی بێت، هیواداریشم هەموو حزبەكان بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان بخەنە سەروو بەرژەوەندیی حزبییەوە، بۆیە دەبێت كابینەكانی داهاتووی حكوومەت ئەو بەرژەوەندییانەی خەڵك بەرچاو بگرن بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو كابینانەی حكوومەت وەكو كابینەكانی پێشوو بە شكست كۆتاییان پێنەیەت".

سەبارەت بەو قسانەی، كە دەوترێن لەبارەی ئەوەی گۆڕان بە هەر نرخێك بێت بەشداری كابینەی نۆیەم دەكات، كوێستان محەمەد وتی: "نا نەخێر، هەرگیز ئەوە راست نییە، ئێمە بۆیە كۆبوونەوە دەكەین و بۆیە تاوەكو ئێستا بڕیارمان نەداوە بۆ ئەوەی ئەو پرسانەی بڕوامان پێیەتی و كارمان بۆ كردووە دانووستانییان لەسەر بكەین". 

هـ ـ ح