شەڕی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی گەرم دەبێت

کوردستان

15/12/2018‌ 10697 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: رەحمەت لەپێشینانمان، كە وتوویانە: "دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە".

ئەو قسانەی قوباد تاڵەبانی لەوەڵامی چەند بەرپرسێكی پارتی دیموكرات هات، كە كاردانەوەیان لەسەر قسەیەكی پێشتری نواندبوو، لەو بارەشەوە هێرشی توندیان كردبووە سەری، بەوەش شەڕی هەردوولایان گەرمتر دەبێت.

قوباد تاڵەبانی، كە لەپشكی یەكێتی نیشتمانی، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتووە، لەمیانی نووسینێك لەئەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت: "پێموایە ئەگەر بەردەوام بین لەسەر چاكسازییەكانمان، رێكەوتنمان لەگەڵ بەغدا تێكنەچێت، نرخی نەوت زۆر دانەبەزێت‌و كەتنێكی گەورە نەكەین پێشبینی دەكەم دۆخی ئابووری كوردستان باشتر ببێت".

ئەو قسانەی جێگری سەرۆكی حكومەت، كاردانەوەی پارتی لێكەوتووەتەوەو لەكاردانەوەشدا عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی-یش وتی: "مادام قوباد تاڵەبانی باشكردنی ژیانی خەڵك دەبەستیتەوە بەوەی كەتن نەكریت ، كەسیش نازانیت ئەو كەتنە چییە، كە لەدیدی بەڕێزیانەوە ژیان و گوزەرانی خەڵكی تیكداوە، باشتر وایە روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی بڵاوبكاتەوە".

عەتا شێخ حەسەن دەشڵێت: دەبێت لەروونكردنەوەكەدا قوباد تاڵەبانی بڵێت: "ئەوكەتنە چییە ژیانی خەڵكی خراپ كردو كێ ئەنجامدەری ئەو كەتنە بوو، ئەگەر ریفراندۆم بەكەتن بزانیت، ئایا دەتوانێت لەبونیادی كوردستانیكی بەهیزدا عاملی خێر بیت"، كە ئەوەشی وەك رای كەسی نووسیوە.

ئەو وتەبێژەی سەركردایەتی پارتی، كە گومان دەكات مەبەستی قوباد تاڵەبانی لەكەتن، ئەنجامدانی ریفراندۆمی ئەیلوولی 2017ی رابردووە، دەشڵێت: "ریفراندۆم باڵاترین‌و ترۆپكی خوشەویستی نیشتمان و لۆژیكی سەربەخوییە، ئاخر ریفراندۆمە، كە پرسی ئینفیسالی دەكات بە پرۆژەیەكی میللی و خواستی ئاشكرای خەڵك بۆ سەربەخۆیی ، بەتایبەتی لای عاشقانی نیشتمان ، بەهەرحاڵ ریفراندۆم پەنجەمۆری زۆرینەی رەهای خەڵكی كوردستانی پێوەیە ، كەچی دیارە تائیستاش لای قوباد تاڵەبانی بەكەتن دەزانرێت".

جاری یەكەم نییە، قسەی قوباد تاڵەبانی كاردانەوەی لای پارتی لێدەكەوێتەوەو پێشتریش لەسەروو بەندی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چەند قسەیەكی كردو كاردانەوەی گەورەی دروست كردو بەرپرسانی ئەو حیزبە بەتوندی وەڵامیاندایەوە.

هەروەها عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی لەوەڵامی ئەو قسانەی جێگری سەرۆكی حكومەت دەڵێت: "كەتنی هەرە گەورەی بەناو كورد كردبێتی, خیانەتی شانزەی ئۆكتوبەر بوو, ئەم خیانەتە بووە هۆی ئەوەی نیوەی كوردستان رادەستی حەشتد و عەرەبی داگیركەر بكرێت".

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی دەشڵێت: "كاك قوباد راست دەكات, ئەگەر براكەی و دایكی و پوری و ئامۆزاكانی هیچ كەتنێكی دیكەی گەورە نەكەن, بارودۆخمان زۆر باش باش دەبێت".

هـ ـ ح