هەوڵی رازیكردنی یەكێتی-یش دەدەن
توركیاو پارتی ژوورێكی عەمەلیاتی سەربازی دژی پەكەكە دروست دەكەن

sharpress.net

13370 جار خوێندراوه‌ته‌وه

16/12/2018‌

شارپرێس:
پارتی دیموكرات‌و توركیا ژوورێكی عەمەلیاتی سەربازییان دژی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە پێكهێناوەو هەوڵی ئەوەش دەدەن یەكێتی نیشتمانی-یش رازی بكەن بەچوونی بۆ ئەو ژوورە.

بەپێی زانیارییەكان لەسەرەتای مانگی یانزەی ئەمساڵا توركیا لەگەڵا پارتی ژووری عەمەلیاتیان پێكهێناوە تا زانیاری هەواڵگری تێدا بگۆرنەوە و پێكەوە بەرنامە دارێژن تا چۆن لەباشوور‌و رۆژئاوای كوردستان بەرەنگاری هێزەكانی پەكەكەو هێزەكانی نزیكی ببنەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەو چوارچێوەیەدا پێشنیازكراوە بەسێ قۆناغ‌و بەسێ جۆر ئەو كارانە ئەنجامبدرێت‌و پێشنیازی ئەوەش كراوە یەكێتی بەشداری پێبكرێت‌و بهێنرێتە ناو ئەو پیلانەوە. 

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئامانجی ئەم ژووری عەملیاتە تەنیا هەر هێزەكانی پەكەكە لەباشووری كوردستان نییە، بەڵكو ئامانج هێزەكانی هاشێوەو نزیكیش لەپەكەكەش لەهەر شوێنێك بێت بخرێنە ناو بازنەی ئەو گوشارەكانەوەو هێرش بكرێتە سەریان.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە داخستنی بارەگانی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی دیموكرات بەم دوایانە لەناوچەكانی سلێمانی بەشێكە لەو پرۆسەیە، كە لەلایەن یەكێتی نیشتمانی ئەنجامدرا، هەرچەندە ئەو حیزبە بەهانەی بۆ ئەو كارە ئەوە بووە، كە لەكۆنگرەی نەتەوەیی كورد (كەنەكە)، تەڤگەری ئازادی قسەی لەسەر یەكێتی كردووە وەك هێزێكی "خیانەتكار" لەقەڵەمی داوە، بۆ ئەوەش ئەو ئەندامانەی یەكێتی، لەكۆنگرەكە بەشداربوون هۆڵەكەیان بەجێهێشتووەو دوای پۆزشهێنانەوە گەڕاونەتەوە ناو هۆڵی كۆبوونەوەكە.

قۆناغەكانی جێبەجێكردنی پرۆسەكە:
قۆناغی یەكەم/ دیاریكردنی شوێن‌و پێگەی پەكەكە لەناوچەكانی باشووری كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لەرێگەی بەكارهێنانی ئامێرە پێشكەوتووەكانی هەواڵگرییەوە سود وەربگرن‌و رێگە خۆش بكەن بۆ سەردانی ئەندامانی دەزگاكانی هەواڵگری تا بەئاسانی زانیاری وردیان دەستبكەوێت، بەتایبەت لەناوچەی زۆنی سەوز، كە یەكێتی تێیدا باڵا دەستە.

قۆناغی دووەم/ دەستوەشاندن لەو شوێن‌و كەسایەتیانەی پەكەكە، كە كاریگەریان هەیە، بۆ ئەمەش بەكارهێنانی ئاسمان‌و هێزی سەربازی و دەزگاكانی هەواڵگری تێیدا بەشداربن بەشێوەی رفاندن‌و تیرۆركردن.

قۆناغی سێهەم/ داخستن‌و قەدەغەكردنی بنكەو بارەگاكانی ئەو هێزانەی نزیكایەتیان بەپەكەكە هەیە لەتەواوی باشوور و بەستنی سەرچاوەی مرۆیی‌و مادیان.

یەكێتی و پەكەكە
هەواڵگری توركیا زۆرجار زانیاری ئەویان بڵاوكردووەتەوە، كە گوایە یەكێتی، یان هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی هاوكاری پەكەكە دەكەن، بۆ سزدانی یەكێتی زیاتر لەساڵێكە توركیا رێگری كردووە لەوەی لەفرۆكەخانەی سلێمانییەوە فڕۆكە بەئاسمانی وڵاتەكەیدا بفرێت. 

ئەمە جگە لەوەی نوێنەری ئەو حیزبەی لەوڵاتەكەی دورخستووەتەوە، توركیا پەكەكە وەك هێزێكی نزیك لەئێران دەبینیت، ئەوان لایان وایە پەیوەندی توندو تۆڵی یەكێتی بەئێرانەوە رێگرە لەوەی، كە یەكێتی نەتوانێت، پەیوەندییەكانی لەگەڵ پەكەكە تێكبدات. 

ئێستا، كە پارتی دیموكرات پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئیران رێكخستووەتەوە، یەكێتی-یش لەهەوڵی ئەوەدایە پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا باشتر بكات، چونكە ئێران لەم دۆخەدا لەژێر كاریگەری ئابڵوقەی ئابووری ئەمریكاو هاوپەیمانەكان تووشی دۆخێكی خراپی ئابووری بووەو ئەگەری ئەوە هەیە زیان بەباری ئابووری ناچەكە بگەیەنێت بەتایبەت ئەو دەروازە سنووریانەی، كە دەكەونە ژێر قەڵەمرەوی یەكێتییەوە.

هەروەها زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، سیناریۆكەی پارتی و توركیا بۆ كاتێكە، كە یەكێتی بەتەواوەتی رەزامەندی خۆی نیشانبدات بۆ پەیوەست بوون بەم پیلانەوە و بەشدار بێت لەو ژووری عەمەلیاتەی دامەزرێنراوە، ئەگەر ئەوە رووینەدا ئەوا رێگا خۆشبكرێت بۆ ئەنجامدانی سیناریۆیەكی تر، كە ئەویش ئەوە بێت، لەرێگەی دەستوەشاندن‌و تیرۆركردنی ئەندامانی پژاكەوە، وابكەن ئەو تیرۆرو گوشار خستنە سەر پژاك، بەدەستی ئێران بزانرێت ئەوەش وابكات بۆ تۆلەسەندنەوە، هێزەكانی پژاك دەست لەهێزەكانی ئێران بوەشێنن و بەو شێوەیە دۆخی ناوچەی سلێمانی و هێزەكانی ئۆپۆزیسۆنی رۆژهەڵات بكەوێتە بەر هەڕەشەو مەترسی پەلاماردانی ئێران، ئەمەش وادەكات یەكێتی بەناچاری زیاتر لەتوركیا نزیك ببێتەوەو گوشار لەسەر هێزەكانی پەكەكە و نزیك لەو دروست بكات.

هەندێك زانیاری باس لەوەش دەكەن، تیمێكی هەواڵگری توركیا بەنهێنی لەناوچەی سەوز دەستیانكردووە بە گەڕان بۆ دیاریكردنی شوێن‌و پێگەی هێزەكانی پژاك، ئەمە لەكاتێكدایە لەسەر زاری بەرپرسە سەربازییەكانی ئێرانیش بەردەوام هەرەشەی ئەوە دەكرێت، هاوشێوەی ئەوەی لەكۆییە بنكەو بارەگاكانی دیموكراتیان بۆردومان كرد، بنكەو بارەگاكانی هێزەكانی تریش بكەنە ئامانج.





ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved