بەرهەم ساڵح دەستبەرداری رەگەزنامە بەریتانییەكەی دەبێت

عیراق

16/12/2018‌ 4407 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بڵاویكردەوە، كە لەڕوانگەی  "پابەندبوون بە دەستووری عێراقەوە"، بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار "دەستبەرداری ڕەگەزنامە بەریتانییەكەی دەبێت".

نووسینگەكەی سەرۆكایەتی كۆمار ئەمڕۆ یەك شەممە بڵاویشیكردەوە، لوقمان فەیلی، وتەبێژ بەناوی سەرۆكایەتی كۆمارەوە ڕایگەیاند "بەرهەم ساڵح لە ڕوانگەی پابەندبوون بە دەستووری عێراقەوە بە شێوەیەكی یاسایی دەستبەرداری ڕەگەزنامە (بەریتانی)ەكەی بوو".

‏‎وتەبێژ بەناوی سەرۆكایەتی كۆمارەوە دووپاتیكردەوە، ڕێوشوێنە یاساییەكانی پەیوەست بە ڕادەستكردنەوەی ڕەگەز نامە بەریتانییەكەی   تەواو بووە ، ڕوونیشكیردەوە سەرۆك كۆمار "لە كاتێكدا سوپاس و پێزانینی زۆری خۆی پێشكەش دەكات بەشانشینی بەریتانیا كە ئەو ڕەگەزنامەیەی پێ بەخشیوە لەو رۆژگارانەی، كە لە ڕیزەكانی ئۆپۆزیسیۆندا بووە دژی ڕژێمی لە ناوچوو ، هاوكات دەستبەردار بوونی بەڕێزیان لەڕوانگەی پابەند بونیشیانە بە بڕگەی چوارەم لە مادەی ژمارە ۱۸ ی دەستووری عێراق كە بە دەق هاتووە، ڕێگە نادرێت بەو كەسانەی كە هەڵدەبژێرێن و پۆستی سیادییان پێ دەسپێردرێت لە كۆماری عێراقدا، ڕەگەز نامەی تریان هەبێت".

بەرهەم ساڵح لە 2ی ئۆكتۆبەری رابردوو بوو بەسەرۆك كۆماری عێراق، كە بەپێی یاسای عێراقی دەبێت بەرپرسە باڵاكان دەستبەرداری رەگەزنامەی دووەم‌و سێیەمیان ببن.

هـ ـ ح