پارتی بەنەخشەرێگایەكەوە دەست بەگفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت دەكات

کوردستان

17/12/2018‌ 1624 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندێكی پارتی ددیموكرات رۆژی سێشەممە سەردانی سلێمانی دەكات، ئەوەش دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان.

بەرپرسێكی پارتی دەڵێت: "ئەمجارە كۆبوونەوەكان پێدەنێنە نێو وردەكاریی پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان".

ئەو بەرپرسەی پارتی بۆ هەفتەنامەی رووداو ئەمڕۆ دوو شەممە دەشڵێت: "گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێ قورس نییەو تەگەرەی زۆری لەبەردەمدا نییە"، بەڵام وتیشی: یەكێتی لە هەموو دامەزراوە باڵاكانی حكومەت و پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم پۆستی دەوێت‌و بزووتنەوەی گۆڕانیش نایەوێت تەنیا بە وەرگرتنی چەند وەزارەتێكی كەم لەناو حكومەت بێت، ئەوەش وەك ئەو وتی: گفتوگۆكانی خاوكردووەتەوە.

هەوڵەكانی پارتی بۆ ئەوەن، پێش كۆتایی ساڵی 2018 لانیكەم دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی یەكلابووەتەوەو گۆڕانیش لەو بارەیەوە كێشەی نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو پۆستە باڵاكان یەك پاكێجن و لە تەنیشت ناوی سەرۆكی پەرلەمانەوە ناوی پۆستەكانی دیكەی وەك جێگری سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزارەتە سیادییەكان دەهێنرێت، ساغبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش لەو وادەیە بووەتە ئەگەر.

نووری حەمە عەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی لەو بارەوە دەڵێت: "بڕیارە لەم هەفتەیە شاندی پارتی سەردانی لایەنەكان بكاتەوە".

هەفتەی رابردوو، شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر ئاستێكی باڵا، لەگەڵ هەردوو شاندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە، بەقسەی بەرپرسانی پارتی و گۆڕان، چەند بابەتێكی هەستیار و گرنگ قسەیان لەبارەوە كراوە سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ و چۆنییەتی بەشدارییان.

خەلیل سەركانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رەتیكردەوە، كە كۆبوونەوەكە بۆ قسەكردن بووبێت لەبارەی چۆنییەتی بەشداریكردن لە حكومەت "تەنیا بۆ ئەوە بوو پەیوەندییەكانمان ئاسایی بكرێنەوە، بەڵام ئێمە بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت شاندێكی دیكە دروستدەكەین".

بەوتەی سەركانی، شاندەكە لە خانەی راپەڕاندن و هەردوو جڤاتەكە و بەرپرسی ژوورەكان، ئەوانەی تایبەتن بە كاروباری حكومەت دروستدەكرێت و كاتێك پارتی هاتنە سلێمانی، گفتوگۆ لەگەڵ ئەو شاندە دەكەن.

هەروەها سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكەی شاندی پارتی و یەكێتی بە (رووداو)ی راگەیاند: "شاندی یەكێتی بەپارتییان وتووە، كە رێككەوتنێكی سیاسی واژووبكەن و پاشان بە یەكەوە سەردانی گۆڕان بكەن، بەڵام پارتی ئەو داواكارییەی یەكێتی رەتكردووەتەوە".

پارتی، كە براوەی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولە، دەستی بە هەوڵەكانی كردووە بۆ پێكهێنانی حكومەت و تاوەكو ئێستاش لە دەرگای دوو لایەنی داوە، كە ئەوانیش یەكێتی و گۆڕانن.

عارف روشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: لەبارەی كۆبوونەوەكانی پێشوو هەڵەتێگەیشتنێك هەیە، ئەو دوو كۆبوونەوەیەی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كران بۆ پێكهێنانی حكومەت نەبوون "تەنیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و خۆشكردنی زەمینەی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت بوو".

عارف  روشدی وتیشی: "پارتی نەخشەڕێگایەك لەسەر بنەمای داواكاری و خواستی لایەنەكان ئامادە دەكات و سەردانی لایەنەكان دەكات".

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی پارتی وەرگیراون، پارتی تاوتوێی پرسی چۆنییەتی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی كردووە وەك یەكێك لە تەوەرەكانی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت و ئەوە خراوەتەڕوو، كە پێشتر لایەنەكان ناكۆكییان لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم و یاساكەی هەبووە، بۆیە هەوڵ دەدرێ جۆرێك لە لێكتێگەیشتنی ئەرێنی بێتە ئاراوە لەوبارەیەوە. 

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی چاوەڕێ دەكات پرسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان قسەی جددی بەدوای خۆیدا بهێنێت‌و دەڵێت: "ئێمە پێشتر لەوبارەیەوە پرۆژەیەكمان داوەتە پەرلەمان و لایەنەكان، ناكرێ ئێستا بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بچینەوە سەر خاڵی سفر و دەستپێبكەینەوە، دەكرێ لە كوێ گفتوگۆكانی پێشوو وەستابوون، لەوێوە دەستپێبكەینەوە و یاسایەكی بۆ دیاری بكرێ كە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپێی سیستەمێكی پەرلەمانی دیاری بكات".

كۆمەڵ بەشداری حكومەت دەكات؟
تەنیا یەكێتی و گۆڕان بەشداری حكومەت دەكەن؟ ئێستا چاوەكان لەسەر كۆمەڵی ئیسلامیشن، كە بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان نایشارێتەوە داوای بەشداركردنی كۆمەڵی ئیسلامییان لەپارتی كردووە، نێچیرڤان بارزانیش، بە عومەری سەید عەلی وتووە: كە گفتوگۆ لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیش دەكەن: "ئێمە دەمانەوێت هاوڕێیەتیمان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی، لەنێو كابینەی نوێی حكومەتیش بەردەوام بێت، چونكە ئەوان لە چوار ساڵی رابردوودا بۆ زۆر پرس هاوڕامان بوون". 

هەروەها وتیشی: "پارتی دوای ئەوەی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان گەیشتە خاڵی نزیك لەرێككەوتن، سەردانی كۆمەڵی ئیسلامیش دەكات گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەن".

هـ ـ ح