یەكێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرانی سەرۆكی هەرێم‌و حكومەت

کوردستان

17/12/2018‌ 2028 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و حكومەت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەست شارپرێس كەوتووە، یەكێتی نیشتمانی لەكۆبوونەوەی رۆژی دوو شەممەی مەكتەبی سیاسی جەختی لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت كردووەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان یەكێتی ئەو پۆستانە بەمافی بەركەوتەی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێت، چونكە دووەمی هەڵبژاردنەو لەگفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت جەخت لەوەرگرتنی ئەو پۆستانە دەكاتەوە.

یەكێتی لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردوو 21 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناو بەوەش بووەوە بەهێزی دووەمی هەرێمی كوردستان، كە لەپێش ئەو پارتی دیموكرات بە 45 كورسی پەرلەمانی دێت.

بڕیارە لەسبەی سێ‌ شەممەوە گفتوگۆكانی نێوان لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستپێبكات‌و لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش باس لەوەش كراوە، ئەوان سازش ناكەن لەسەر ئەو پۆستانەی بەنیازن وەریبگرن.

هەروەها یەكێتی دەیەوێت لەكابینەی حكومەتیش دوو وەزارەتی سیادی‌و چەند وەزارەتێكی خزمەتگوزاری وەربگرێت، كە ژمارەیان لەنێوان سێ‌ بۆ پێنج وەزارەت بێت، بۆ ئەوەش گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەكات.

هـ ـ ح