هێزە عێراقییەکان ئاڵاى کوردستانیان لەسەر بارەگاى شیوعى له‌ کەرکوک داگرت

عیراق

17/12/2018‌ 592 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە رۆژى ئاڵاى کوردستاندا لە ناو شارى کەرکوک و لە سنوورى ناحیەى جەلەولاى پارێزگاى دیالە، کێشە و گرفت لە نێوان هێزە عێراقیەکان و هێزە کوردیەکان دا ڕوویدا و هێزه‌ عێراقییه‌كان ئاڵای كوردستانیان له‌سه‌ر بارەگاى شیوعى داگرت.

شێخ سدیق، بەرپرسى محەلى کەرکوکى حیزبى شیوعى رایگه‌یاند، ئەمڕۆ لە شارى کەرکوک و لەسەر بیناى بارەگاى حیزبەکەیان ئاڵاى کوردستانیان هەڵکردووە، کە هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرەوە قەدەغەکراوە.

بەرپرسى محەلى کەرکوکى حیزبى شیوعى بەدەنگى ئەمەریکاى وتووه‌، "دواى چەند کاتژمێرێک لەلایەن دژە تیرۆرى عێراق و پۆلیسى کەرکوکەوە ئاگادارکراونەتەوە، کە ئاڵاى کوردستان دابگرن."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێمە داگرتنى ئاڵاى کوردستانمان رەتکردەوە، بۆیە پۆلیسى عێراقى خۆیان هاتن ئاڵاکەیان لەسەر بارەگاکەمان داگرت."

هاوکات لە سەر بەرزکردنەوەى ئاڵاى کوردستان، لە بازگەیەکى هاوبەشى پۆلیسى عێراقى و ئاسایشى کوردى، لە نێوان ناحیەکانى جەلەولاى پارێزگاى دیالە و کوڵەجۆى سنورى گەرمیان، کێشەو گرفت دروستبووە.

بەپێى زانیاریەکان، کاتێک ئاسایش ئاڵاى کوردستانیان هەڵکردووە، هێزێکى عێراقى لەسنورى بازگەکە نزیک بوونەتەوە، بۆیە هێزى ئاسایشى کوردیش خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە.

هاوكات موقەدەم سمکو محەمەد، بەرێوەبەرى ئاسایشى کوڵەجۆ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند، "گرژى نێوان ئێمە و هێزە عێراقیەکان کۆتایى هات، رێککەوتین ئاڵاى عێراق و کوردستانیش لەسەر بازگە هاوبەشەکە بمێنێتەوە."

ئەمڕۆ لە زۆربەى شاروشارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان و لەرۆژى ئاڵادا، بەمەراسیم و ئاهەنگ گێڕان ئەو رۆژەدا بەرز ڕاگیرا، بەڵام ئەم رۆژە لەناوچە کێشەلەسەرەکان و پێچەوانەى ساڵانى رابردوو، بەبێدەنگى تێپەڕێنرا.
ه.م