بارزانی و مه‌كگۆرك كۆبوونه‌وه‌
نێچیرڤان بارزانی: كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌ت له‌لایه‌ن هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ پێكده‌هێنرێت

عیراق

17/12/2018‌ 469 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك حكومه‌تی هه‌رێم و برێت مه‌كگۆرك، نوێنه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه‌ و تاوتوێی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و ئه‌مه‌ریكایان كرد و بارزانی رایگه‌یاند، كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌ت له‌لایه‌ن هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ پێكده‌هێنرێت.

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی نێچیرڤان بارزانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، نێچیرڤان بارزانی و برێت مه‌كگۆرك كۆبوونه‌وه‌ و له‌ دیدارێكدا دوا پێشهاته‌كانی دۆخی ناوچه‌كه‌ و عێراق، پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، پاڵپشتیی هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و حكوومه‌ته‌كه‌ی، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و دانوستانه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاوتوێ كران.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، مه‌كگۆرك پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ پاڵاوتنى بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.

هاوكات نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند، كه‌ دیالۆگی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌ كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ پێكده‌هێنرێت.
ه.م