لەنێوان بێ متمانەیی پارتی‌و یەكێتی-دا كێ براوە دەبێ؟

کوردستان

19/12/2018‌ 10662 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس – تایبەت
دوای دەركەوتنی ئەنجامی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، كە پ.د.ك براوەی ئەو هەڵبژاردنەبوو، نەوشیروان مستەفا پێشنیاز دەخاتە بەردەم سەركردایەتی ی.ن.ك تا ببنە ئۆپۆزسیۆن و پارتی حكومەت پێكبهێنێ، بەڵام كەس ئامادە نەبوو گوێ بەو پێشنیازە بدات.

ئاكامی هەڵبژاردنەكە دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان و پۆستەكانی حكومەت بوو بە پەنجا بە پەنجا، ئاكامی پەنجا بە پەنجاش شەڕی ناوخۆ و دابەشكردنی خاكی كوردستان نیوە بە نیوە!

پاساوی ئەو كاتەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ رەتكردنەوەی پێشنیازەكەی نەوشیروان مستەفا ئەوەبوو، كە پارتی تۆمەتبار دەكرا بە تەزویرێكی زۆر لە سنووری بادینان، بەڵام راستییەكەی ئەوەبوو، كە ترسێك هەبوو هەركاتێ پارتی دەستی بەسەر حكومەتدا گرت و جێ پێی خۆی قایم كرد، ئەوا هەرگیز چۆڵی ناكات و قەت رێگە بە هەڵبژاردنێكی تر نادات.

ئەزموونی بیست و حەوت ساڵی رابردوو ئیسپاتیكرد پارتی و یەكێتی لەبەر ئەوەی حیزبی هەڵبژاردن نەبوون و نین، هەرگیز ئامادە نەبوون مامەڵە لەگەڵ ژمارە و ئەنجامی هەڵبژاردندا بكەن. ئەمەش كاریگەرییەكی خراپی كردووەتە سەر متمانە بە یەكتر.

دوای رووداوەكانی ٣١ی ئاب و جێگیركردنی زۆنی زەرد و سەوز، ئیتر ئەوە چەسپا لای پارتی و یەكێتی كە هەرگیز مل نەدەن بۆ پرۆسەی دیموكراسی ئەگەر هاتوو بەدیلیان بۆ دروستبوو. باشترین نموونەش هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بوو لە مانگی شوباتی ٢٠٠٠ لە زۆنی سەوز و ساڵی ٢٠٠١ لە زۆنی زەرد كە تێیدا یەكگرتووی ئیسلامی لە هەردوو هەڵبژاردنەكەدا توانی دەنگی زۆر بە دەست بهێنێ بەڵام هەرگیز نەیانهێشت ببێتە شەریكی بڕیار.

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ تا دوو ساڵ دوای روخانی رژێمی سەدام حسێن، هەرێمی كوردستان نەیتوانی ئەزموونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تاقی بكاتەوە. هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە هێزە دابەشبووەكان متمانەیان بە ئەنجامی هەڵبژاردن نەبووە هەروەها كەسیان ئامادە نەبوون ئەنجامەكەی قبوڵ بكەن.

كەچی پێچەوانەی هەرێمی كوردستان لە عێراقی بارگاوی بە كۆنەقینی شیعە و سوننەیەوە، هەموو چوار ساڵ جارێك لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن كراوە و ئەنجامەكانیشی بوونەتە هۆی دەساودەستكردنی دەسەڵات.

لە هەڵبژاردنی مانگی تەمووزی ٢٠٠٩ و هاتنە ئارای (لیستی گۆڕان) هاوكێشە سیاسییەكان گۆڕان و پەرلەمانی كوردستان لەژێر جەبری پەنجا بە پەنجا هێنرایە دەرەوە، بەڵام ئەم گۆڕانكارییە سیاسی و پەرلەمانییە نەیتوانی كۆتایی بە دابەشكاریی جوگرافی و دوو لەتكردنی خاكی كوردستان بهێنێ.

بەشی هەرە گەورەی سەرنەكەوتنی هەنگاوەكانی دیموكراسی و سیستمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە بە یەكتر لەنیوان هیزەكاندا. ئەوەتا ساڵی ٢٠١٣ بزووتنەوەی گۆڕان دووەم براوەی هەڵبژاردنی مانگی ئەیلول بوو، هەروەها براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوو، بەڵام هەرگیز رێگەی پێنەدرا لە دووەمەكەی كوردستان و نە یەكەمەكەی پارێزگای سلێمانی بكات هیزی حوكمڕان.

لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلولی كە ٢٠١٨ دیسان هاوكێشە ساسییەكانی گۆڕی و یەكێتی و پارتی بوونەوە یەكەم و دووەمی هەڵبژاردنەكە، بەڵام هێشتا ئەنجامەكەی لەژێر نەشتەرگەریی نەبوونی متمانەدایە و پێناچێ بە ئاسانیی لە ژووری عەمەلیات بهێنرێتە دەرەوە. چونكە هێزە براوەكان بۆ ئەوەی نەبن بەژێر هەژموونی یەكترەوە، ئامادە نین مل بە ئەنجامەكەی بدەن.

لەم نێوانەدا بزووتنەوەی گۆڕان لە نێوان بێمتمانەیی پارتی ویەكێتی بە یەكتر، دەتوانێ یارییەكی زیرەكانە بكات چونكە تەنیا هێزێك كە دەتوانێ باڵانسەكە بە قازانجی پارتی یان یەكێتی لەنگ بكات، بزووتنەوەی گۆڕانە. بەڵام ئەزموونی رابردوو دەریخستووە پارتی و یەكێتی قوربانیی گەورە بە دیموكراسی و حوكمڕانی دەدەن لەپێناو هێشتنەوەی دەسەڵات و نفووزی خۆیان.