چین یادی چل ساڵەی سیاسەتی ریفۆڕم و کرانەوە دەکاتەوە

جیهان

19/12/2018‌ 594 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

 ئەردەڵان عەبدوڵڵا
ئەمساڵ چل ساڵ بەسەر سیاسەتی "ریفۆرم و کرانەوە" تێدەپەڕێت کە پارتی کۆمۆنیستی چینی بە سەرۆکایەتی   دێنگ خیاو پینگ ساڵی 1978 لە کۆنگرە 11 وە پێڕەویی کرد و چینی لە وڵاتێکی هەژار و پەراوێزخراوەوە، گۆڕی بۆ زلهێزێکی ئابووریی گەورەی جیهان.  لە چینیش ئەم یادە  لە رێگەی کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و هونەریی و رۆشنبیرییەوە، بەرز راگیرا.  لە وتەیەکیدا سەرۆک شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین رایگەیاند:  سیاسەتی ریفۆرم و کرانەوە تەنها کاریگەری بەسەر چینەوە نەبوو، بگرە  کاریگەریی  بەسەر  جیهانیشەوە هەبوو. لە لایەکی ترەوە پارتی کۆمۆنیستی چین، کتێبێکی لەبارەی سیاسەتی ریفۆرم و کرانەوە بڵاوکردەوە، کە تێیدا باسی ئەو سیاسەتە دەکات، کە لە ماوەی چل ساڵدا پێڕەویان کردووە.


کۆنگرەیەکی مێژوویی
لە کۆنگرەی یانزەی پارتی کۆمۆنیست کە 18 تا 22 دیدسەمبەری    ساڵی 1978  خایاند، لەو کاتەی کە تازە سەرۆک دێنگ خیاو پینگ دەسەڵاتی گرتبووە دەست،  بڕیار لەسەر دوو سیاسەتی گرنگ دراو لە ژێر دروشـی " ئازادی فکر و  دیموکراتی" پارتی کۆمۆنیستی چینی، بڕیارێکی گرنگ و پڕ بایەخی دا، کە نەک کاریگەری گەورەی بەسەر چینەوە هەبوو، بگرە چینی لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی گرنگی تری مێژوویی گواستەوە. لەو کۆنگرەیەدا پارتی کۆمۆنیست بڕیاری  پێڕەویکردنی سیاسەتی "ریفۆرم و کرانەوەی"  دا، ئیتر لێرەوە بەردی بناغەی چینی نوێش دانرا.
بەردەوام دەبین
بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک سەرکردەی حزبی و حکومی لە پێش هەمویانەوە سەرۆک شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین، لە هۆڵی ئاهەنگێڕانی مەزن،  کە زیاتر لە 3 هەزار ئەندام و لایەنگری پارتی کۆمۆنیستی تێدا بەشدار بوون، یادی چل ساڵەی سیاسەتی ریفۆرام‌و کرانەوە کرایەوە. لە وتەیەکیدا سەرۆک شی جین پینگ رایگەیاند: بەردەوام دەبین لە سەر سیاسەتی ریفۆرم و کرانەوە، لە ماوەی ئەم چل ساڵەشدا، گەلی چین باوەشی بۆ گەلانی جیهان کردۆتەوە، بەشی خۆی لە پێشكەوتنی جیهان بەشداربووە .


دووەم شۆڕشی چینی

 لە درێژەی ووتەکەیدا شی جین پینگ رایگەیاند: دەتوانم  بڵێم گەلی چین توانی دووەم شۆڕشی خۆی بکات ، کە نەک گۆڕانکاری گەورەی لە چین کرد، بگرە کاریگەری گەورەشی کردە سەر هەموو جیهان. راشیگەیاند: چین بەردەوامە لە سیاسەتی ریفۆرم و کرانەوە، بە شێوەیەک  کە بتوانێت خۆشگوزارەنی بۆ هەموو هاوڵاتیانی دابین بکات. وتیشی:  ئەم سیاسەتەش خزمەت بە گەشەپێدانی ئابووریی و ئاشتی جیهان دەکات.
لە وڵاتێکی هەژارەوە بۆ زلهێزێکی ئابووریی
 ساڵی 1979 چین به‌ ڕێژه‌ی 0،7% به‌شداری بازرگانی جیهانی ده‌کرد،واتە هیچ رۆڵێکی لەناو بازرگانی جیهاندا نەبوو، لێ ئێستا چین یەکەمین زلهێزی ئابووری جیهانە، بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی چین بێت ، ئەمساڵ بازرگانی دەرەکی چین لە ماوەی 11 مانگی پێشوودا گەیشتۆتە 4 ترلیۆن دۆلار. بەمشێوەیەش لە چاو ساڵی پاردا بە رێژەی 11% زیادیکردووە، هەروەها لە رووی هەناردەکردنی شـمەکیشەوە بە رێژەی 8.2% زیادیکردووە.  هەروەها گەشەسەندنی ئابووریش بە رێژەی 6.7% بووە، بەمشێوەیەش ئابووری چین لە پێشکەوتنی خۆی بەردەوام دەبێت.


کتێبێک لەمبارەیەوە
لە لایەکی ترەوە لە درێژەی مەراسیم و چالاکییەکان کە بە بۆنەی یادی چل ساڵی سیاسەتی ریفۆرم و کرانەوە دەکرێت، قووتابخانەی سیاسی سەر بە  لیژنەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی چینی کتێبێکی لە ژێر ناوی " چی وایکرد کە سیاسەتی ریفۆرم و کرانەوە سەرکەوتوو بێت"   چاپ و بڵاو کرایەوە. ئاژانسی شینخوا رایگەیاند: ئەو کتێبە باسی ئەزموون و شێوازی پراکتیکی ئەو سیاسەتە دەکات، کە لە ماوەی ئەم چل ساڵەدا لە ناو حزب و حکومەتدا پێڕەو کراوە.
بە گشتی سیاسەتی ریفۆرم و کرانەوە، یەکێکە لە سیاسەتە گرنگ و پڕ بایەخەکانی پارتی کۆمۆنیستی چین، لە رێگەی ئەو سیاسەتەشەوە، توانی بە تەواوەتی رەورەوەی مێژوویی چین و جیهانیش بگۆڕێت.
سەرچاوە:
ئاژانسی شیخوا، رۆژنامەی گەلی چین