بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنەکان؛ خەرجییە سەربازییەکانی وڵاتانی دونیا زیادیانكردووه‌

جیهان

19/12/2018‌ 531 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی کۆمپانیای ڕاوێژکاری IHS مارکێت، لە ساڵی 2018 دا، بڕی بودجەی سەربازیی وڵاتانیی دونیا زیادبوونێکی بەرچاوی هەبووە و بودجەی سەربازی هاوپەیمانی ناتۆش زیادیکردووە، و خەرجی و تێچووی سەربازی ئێرانیش لە ئیسڕائیل و کەنەداش زیاتره‌.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری IHS مارکێت، بودجەی سەربازی وڵاتانیی سەرانسەری دونیا لە ساڵی 2018دا بەشێوازێکی بێوێنە نسبەت بە 10ساڵی ڕابردووەوە بەرزبووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بودجەی سەربازی وڵاتانیی جیهان لەمساڵدا بە زیادبوونێکی 4.9%‌ بە 1تریلیۆن و 780 ملیار  دۆلار گەیشتووە.

بەرزترین زیادبوونی بوودجە کە شموولی لە 5.8% دەبێت، دەتوانین لە ناوەندی بەرگریی هاوپەیمانی ناتۆ بیبینین کە زیاتر لە هەمووی قەرزداری زیادبوونی تێچووە سەربازییەکانی ئەمریکایە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی 2018 خەرجیی بەرگری وڵاتانیی ناتۆ نزیکەی 989 ملیار دۆلار بووە،  ئەم خەرجیی و تێچووانەش لە ساڵی 2019 دا لە هەزار ملیار (1 تریلیۆن دۆلار) زیاتر پێشبینی دەکرێت.

فینلا مەک گێرتی، لە کۆمپانیای IHS ەوە دەڵێت، ئەندامانی ناتۆ پاش تێپەڕاندنی قۆناغێکی سەختی دارایی بەپێی قەیرانە ڕوو لە زیادبووەکانی، دەستیان بە زیادبوونی بودجەی بەرگریی خۆیان کردووە.

لە خشتەی زیادبوونی بودجەی سەربازی وڵاتانیی دونیا لە ساڵی 2018 دا، پلەی یەکەم بە تێچوی 702 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار پەیوەست بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكاوه‌، پاش ئەویش چین بە207 ملیار دۆڵار و 600 ملیۆن دۆلار جێی دەبێتەوە. 

ئەڵمانیاش لەو ڕیزبەندەدا پلەی نۆیەمی هەیە و بڕی بودجەی ئەو وڵاته‌ بۆ ئەم بوارەش 44 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار‌ بووە.

هەربەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەتایبەت تێچووەکانی بەرگریی سعودیا زیادبوونێکی بەرچاوی بینیوە و ئەم وڵاتە بە بڕی بودجەی 56 ملیار دۆلاری لە بواری سەربازیدا لە ڕیزی پێنجەمی ئەم ڕیزبەندەدا جێی بووەتەوە.

هەربەپێی ڕاپۆرتی ئەم کۆمپانیایە IHS مارکێت، ئێران لە ڕوانگەی خەرجکردنەکان لە بواری سەربازی پێش ئیسڕائیل و کەنەداش كه‌وتووه‌ و بە 17 ملیار  دۆلار و 400 ملیۆن دۆلار لە ڕیزی پانزەیەمی ڕیزبەندییەکەدا جێی کراوەتەوە. 

پێش چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی گشتی حیزبی دەنگی ئێرانییەکان، تەواوی بودجەی بەرگریی ئێرانی بە کەمتر لە 16ملیار دۆلار ڕاگەیاند.

پێشبینیکراوە، لە درێژماوەدا خەرجییه‌ سه‌ربازییه‌كان لە ئاسیاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر ده‌بێت.

بودجەی سەربازی لە وڵاتانیی ڕۆژئاوای ئەوروپاش لە ساڵی 2018 دا بۆ سێیەمین جاری بەردەوام ‌ڕەوتێکی بەرزبووەی تێپەڕاندووە. 

پێشبینیش دەکرێت کە ئەم پڕۆژەیە لەساڵی 2019 بەردەوامی ببێت، بەپێی ئەم چاوخستنە، بودجەی بەرگریی وڵاتی ئەڵمانیا لە ساڵی داهاتوود بە له 11% بەرزدەبێتەوە.

ه.م