ژمارەی سەربازی سوپای وڵاتە عەرەبییەكان لەسوپای ئەمریكاو روسیا زیاترە

جیهان

20/12/2018‌ 1412 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
سوپاكان لەدۆخی ئاساییدا گوزارشتی راستەقینەن لە هێزی دەولەت و یەكێكە لە سیمبولەكانی سەروەریەكەی لە بەرانبەر ولاتێكی تردا. 

سوپا قەڵایەكی پارێزراو و پەرژینێكە خەڵكی ناو نیشتمان دروستی دەكەن بۆ پاراستنی سنوری خاكەكەیان و پاراستنی مافی نەوەكانی داهاتو، بۆ وەستانەوە دژی هەر كەسێك زیان بە بەرژەوەندیەكانی وڵات بگەیەنێت. 

سوپا بەم مانایە بێت لە ویژدانی گەل و بیروباوەڕەكەیەوە هەڵدەقوڵێ؛ بۆیە كاتێ دەبینرێ رۆلەكانی نیشتمان هەوڵ نادەن بۆ بەشداركردن لە سوپاكانیاندا بە سامان و ئادەمیزاد (ژن و پیاو) بۆ ئەوەی بتوانێ كارە پیرۆزەكانی خۆی راپەرێنێ و بەرانبەر دوژمنەكانی بوەستێتەوە و پارێزگاری لە خەڵكەكەی خۆی بكات بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە، بە گوێرەی ئەم قسانەی سەرەوە بێت سوپا عەرەبیەكان لەو جۆرە سوپایانە ئەژمار دەكریت؟

بە شێوەیەكی زانستی و خێرا تەماشای دۆخی سوپا عەرەبیەیكان دەكەین بە ژمارەی ماڵپەری " گلۆباڵ فایر باور" بۆ ساڵی 2018، بە مانای پۆلێنكردنی هێزی سەربازی وڵاتان لەسەر ئاستی جیهاندا. 

ئەو راپۆرتە لە پۆلێنكردنەكەیدا كۆمەڵێك فاكتەری بنەرەتی كردووەتە بنەما لەسەروی هەموشیانەوە خەرجی سەربازی و شوێنی جیۆسیاسی و ژمارەی دانیشتوان و رووبەری جوگرافی و ژمارەی جۆرێتی چەكەكان و هاوپەیمانیەتیە نێودەولەتی و هەرێمایەتیەكان بۆ هەر وڵاتێك، سەرەرای هەندێ مەرجی تریش..

وڵاتە عەرەبییەكانی كە لەو پۆلێنكردنەدا ناویان هاتوە ژمارەیان 19 وڵاتە بە گوێرەی هێزی سەربازی لەسەر ئاستی عەرەبی : مسر، جەزائیر، سعودیە، عێراق، سوریا، مەغرب، ئیمارات ، یەمەن، سودان، لیبیا، ئوردن، عومان، كوەیت، بەحرەین، قەتەر، لوبنان، موریتانیا و سۆماڵ.

ژمارەی هێزە راستەقینەكان لەسەرجەم سوپای وڵاتە عەرەبییەكاندا زیاترە لە دو ملیۆن و چوار سەد هەزار سەرباز، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم ژمارەیە زیاترە لە سەربازەكانی هەردو وڵاتی ئەمەریكاو روسیا، بەڵام ژمارەی سەربازە یەدەگەكانی وڵاتانی عەرەبی بە نزیكەی ملیۆنێك‌و نۆسەد هەزار كەس، بەمەش هێزی گشتی مرۆیی (راستەقینە + یەدەگ) ی سوپا عەرەبییەكان دەگاتە نزیكەی چوار ملیۆن و چوارسەد هەزار سەرباز. 

هەرچی بودجەی بەرگری عەرەبییە، ماڵپەرەكە باس لەوە دەكات سەرجەم بودجەكانی بەرگری سوپا عەرەبییەكان دەگاتە سەد و بیست و دو ملیار و حەوت سەد ملیۆن دۆلاری ساڵانە لەگەڵ بوونی جیاوازیەكی زۆر لە نێوان وڵاتە عەرەبیەكاندا؛ بۆ نموونە بودجەی بەرگری لە سعودیە نزیكەی 56 ملیار دۆلارە، لە بەرانبەر تەنها 39 ملیۆن دۆلار لە بۆ وڵاتی مۆریتانیا.

لەم نێوەندەدا ئەوەی جێگای سەرەنجە، بودجەی بەرگری سعودیە بەسێیەم گەورەترین بودجەی بەرگری دادەنرێت لە سەر ئاستی جیهان لە دوای ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و روسیا و چین، هەروەها یەكسانە بە بودجەی بەرگری ساڵانەی هەر یەك لە كەنەدا و ئیسپانیا و توركیاو پاكستان و ئێران و مالیزیا بەسەر یەكەوە.

بەڵام بە گویرەی پۆلێنكردنی هێزی سەربازی لەسەر ئاستی جیهاندا، سوپای مصر پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی عەرەبی و دەیەمی لەسەر ئاستی جیهانیدا پێ دراوە، بەدوای ئەودا سوپای جەزائیرە كە پلەی دووەمی عەرەبی و 23 یەمی جیهانە، پاشان سوپای سعودیە دێت بە پلەی سێیەم لەسەر ئاستی عەرەبی و 26 ی جیهانی. بە بەراورد كردن لەگەل هێزە هەرێمایەتیە سەرەكیەكان لە ناوچەكەدا دەبینین توركیا پلەی نۆیەمی جیهانی و ئێران پلەی 13 و ئیسرائیل بە پلەی 16 تۆماركراون. پشت بەست بەم زانیاریانە دەتوانین هێزە هەرێمایەتیە سەرەكیەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەم شێوەیە پۆلێن بكەین : توركیا , میسر، ئیسرائیل ، سعودیە.