دوای خەنجەر لەپشتدانەكەی ترامپ.. بژاردەی شەرڤانانی یەپەگە بەرانبەر تانكەكانی توركیا

کوردستان

22/12/2018‌ 1862 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
پاش راگەیاندنی ئەمەریكا بەكشانەوەی هێزەكانی لە سوریا، بژاردەی زۆر لەبەرانبەر كوردەكان نەماوەتەوە لە رووبەرووبوونەوەی بڕیاری توركیا بە دەستتێوەردانی سەربازی لەناوچەكە، بەڵام لەدەستنەدانی هەل لەلایەن ئەنقەرەوە دەكەوێتە ژێر كاریگەری ژمارەیەك سیناریۆوە.

كۆشكی سپی دەستپێكردنی كشانەوەی هێزە ئەمەریكییەكانی لەرۆژهەڵاتی فورات راگەیاند، ئەمەش لەپاش نزیكبوونەوەی پاككردنەوەی سەرجەم ئەو هێزانەی رێكخراوی داعش دەستیان بەسەردا گرتبوو، بەڵام بەرپرسە ئەمەریكییەكان دەڵێن كشانەوەكە ماوەی 60 تا 100 رۆژ دەخایەنێت.

هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە زۆرینەی پێكهاتەكەی كوردن، وای دادەنێن بڕیاری لەناكاوی كشانەوەی هێزەكان لەرۆژهەڵاتی سوریا خەنجەر لە پشت دانەو ناپاكییە بەرانبەر خوێنی رژاوی هەزاران جەنگاوەر، ئەمەش بەگوێرەی قسەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، كە لە سەرچاوەكانی ئەو هیزانە وەریان گرتووە.

لەلای سنووری باكوورەوە، سوپای توركیاو ئۆپۆزۆسیۆنە هاوپەیمانەكانی خۆیان ئامادە دەكەن بۆ دەستپێكردنی هێرشێكی سەربازی فراوان بۆ سەر ناوچە كوردییەكان و وەزیری بەرگری توركیا خلوسی ئاكار رایگەیاند "چەكدارە كوردەكانی رۆژهەڵاتی فورات لەسوریا لەكاتێكی گونجاودا لەناو سەنگەرەكانی خۆیان زیندە بەچاڵیان دەكەین".

لێكتێگەیشتی كوردی لەگەڵ رژێم؟
پێدەچێت لێكتێگەیشتنی كوردەكان لەگەڵ حكومەتی سوریا یەكێك لەسیناریۆكان بێت لەگەڵ ئەم كێشە نوێیەی خۆی لەكشانەوەی هێزەكانتی ئەمەریكادا دەبینێتەوە.

وتەبێژی ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتی حیكمەت حەبیب بۆ ماڵپەری سكای نیوزی عەرەبییە  وتی: "بەسەرجەم ئامرازە سیاسییەكان رووبەرووی مەترسی توركیا دەبینەوە"، لەسەر حكومەتی سوریاش پێویستە روو بكاتە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێگە لەم جوڵانەی توركیا بگرێت.

حبیب ئەوەی روونكردەوە تا ئێستا لەگەڵ حكومەتی سوریادا لەم بارەیەوە رێكنەكەوتووین و دەمانەوێت لەگەڵ سەرجەم سورییەكاندا گفتوگۆ بكەین لە نێویشیاندا حكومەتی سوریا، بەڵام ناوبراو ئەو خاڵانەی رووننەكردەوە، كە رەنگە لەگەڵ حكومەتی سوریادا باسی بكەن، بەتایبەتی ئێمە لەگەڵ ئەمەریكادا هاوكار بووین و دیمەشق بەهێزێكی داگیركەری بێگانە لە قەلەمی داوە، كە وتیشی: "كوردەكان پرۆژەیەكی نیشتمانییان هەیە و تایبەت نییە بە خۆیان، و ئێمە لە گفتوگۆدا كراوە دەبین لەگەل سەرجەم هێزە نیشتمانییەكان بۆ پاراستنی خاكی سوریا".

دیمەشق وای دەبینێت دەستبەسەراگرتنەوەی ناوچە كوردییەكان خاڵێكی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی هەل نەدرێتە دەست توركەكان، واشی دادەنێت "پەند وەرگرتن"ی ئەمەریكی بەسە بۆ ئەوەی كوردەكان هەست بەوە بكەن ناكرێت متمانە بە واشنتۆن بكەن.

شیكەرەوەی سیاسی سوری نزیك لە حكومەتی شریف شحادە بۆ ماڵپەری سكای نیوز عەربییە وتی: " گفتوگۆ لە نێوان حكومەت و كوردەكان نەوەستاوە، بەڵام كوردەكان پشتیان بەویلایەتە یەكگرتوەكان بەست و گومانیان وابوو دەتوانن دەوڵەتێكی بچووك لە رۆژهەڵاتی فورات دروست بكەن، بەڵام پێویستە كوردەكان لەوە تێبگەن خاكی سوریا دابەش ناكرێت و ناكری متمانە بە ئەمەریكییەكان بكرێت".

شحادە وای پێشبینی كرد هێزەكانی سوپای سوریا بچێتە سەرجەم ئەو ناوچانەی هێزە ئەمەریكییەكان لێی كشاونەتەوە بۆ رێگرتن لە بەهانەكانی توركیا. ئەنقەرەش دەڵێ پێویستە سنوری نێوان سوریاو توركیا پارێزراو بێت و بەجێنەهێڵرێ بۆ جەنگاوەرە كوردەكان كە پەیوەندیان بە پارتی كرێكارانی كوردستانی قەدەغە كراوەوە هەیە.

شحادە وتی: "ئەگەر كوردەكان دەیانەوێ رێگە لە توركیا بگرن پێویستە رێگری بۆ سوپای سوریا دروست نەكەن بێتە ناوچەكانی ژێر دەستیان، و مافی كوردەكان نیە رێگر بن لەسەر ئەم بابەتە، چونكە پەیوەندی بە سەروەری حكومەتی سوریاوە هەیە و پێویستە دەستی بەسەر سەرجەم خاكی وڵاتدا رابگات".

لەلای خۆیەوە، شیكەرەوەی سیاسی توركی محەمەد زاهد گول پێیوایە لێكتێگەیشتنێكی باش هەیە لەلایەن سەرجەم لایەن نێو دەوڵەتییەكان بۆ جوڵانەوەكانی توركیا لە پێناو پاراستنی سنوورەكەیدا، برواشی وایە كەس ناتوانێ رێگری لەپرۆسەی سەربازی توركیا بكات. 

هەروەها توركیا سازش لەسەر ئاسایشی سنوورەكەی ناكات و رێگریش لە بەرانبەر ئەو پرۆسە سەربازیە بریتییە لەدەست بەسەراگرتنی ئەو ناوچانە لەلایەن رژێمی سوریاوە.

گول گومانیشی لەتوانای سوپای سوریا هەیە، كە لەو ناوچە سنووریانە بڵاوبێتەوە، كە درێژیەكەی 600 كلم چوارگۆشەیە و وتی: "ئەگەر سوریا نەیتوانی، ئەوا توركیا پرۆسەی سەربازی بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە ئەنجام دەدات".