دڵخوازەكەی نەوشیروان مستەفا
وێستگەكانی برێت مەكگۆرك لەگەڵ كورددا

sharpress.net

21404 جار خوێندراوه‌ته‌وه

23/12/2018‌

شارپرێس: 
لەسەروبەندی دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەئەمریكا لەساڵی 2016 نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان لەكەسایەتییەكی نزیك بەرهەم ساڵح دەپرسێت، كە ئایا دۆناڵد ترامپی سەرۆكی نوێی ئەمریكا دوای چوونە سەر دەسەڵات، برێت مەكگۆڕك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەگۆڕێت؟ كە لەلایەن باراك ئۆبای سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانكرابوو.

نەوشیروان مستەفا ئەو پرسیارەی لەسلێمان یونس كەسایەتی نزیك لەبەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق كردبوو، بەو پێیەی بەرهەم ساڵح نزیكایەتییەكی زۆری لەگەڵ سیاسییەكانی ئەمریكا هەیە، لەوەڵامدا، سلێمان یونس وەك خۆی لەنووسینێك گێڕاویەتییەوە، بەنەوشیروان مستەفای وتووە: بۆچی ئەو پرسیارە دەكەیت، لەكاتێكدا برێت مەكگۆڕك لەوێستگە سیاسییەكانی لەهەرێم هاوڕای بزووتنەوەی گۆڕان نەبووە.

لەبەرانبەر ئەوەدا نەوشیروان مستەفا بەو كەسایەتییەی نزیك لەبەرهەم ساڵحی وتووە، راستە لەپرسی سەرۆكایەتی هەرێم‌و رێگری لەیوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان پشتگیری گۆڕانی نەكردووە، بەڵام دەیەوێت لەپۆستەكەی بمێنێتەوە، چونكە هاوكارێكی زۆر باش دەبێت بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان.

برێت مەكگۆرك، كە نوێنەرایەتی سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەكرد، شەوی رابردوو دوای چوار ساڵ دەستی لەپۆسەكەی كێشایەوە، كە زۆربەی سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، دەستلەكاركێشانەوەكەی پەیوەندی بەبڕیاری دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەیەتی لەباكووری سوریاو رۆژئاوای كوردستان.

دۆناڵد ترامپ رۆژی چوار شەممە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لەرۆژئاوای كوردستان‌و باكووری سوریادا، كە لەساڵی 2014 بۆ پشتگیری یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە بۆ شەڕی داعش لەو ناوچانە جێگیركراون، كە ئەوە كاردانەوەی لەناوخۆی ئەمریكا دروست كردووە.

یەكەم كاردانەوەی بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا، دەستلەكاركێشانەوەی جەیمس ماتیسی وەزیری بەرگری ‌و دووەم كاردانەوەش دەستلەكاركێشانەوەی برێت مەكگۆڕك بوو، بەم پێیە بۆچوونەوەكەی نەوشیروان مستەفا راست بووە بۆ مەكگۆڕك، چونكە تا دوا وێستەگە لەگەڵ كوردانی رۆژئاواو پیشتگیریان بوو.

برێت مەكگۆرك، لەسیاسەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان رۆڵێكی گەورەی هەبوو دواین كاریشی هەوڵەكانی بوو بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق‌و هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆماری عێراق، كە تا رادەیەك لەو هەوڵەی لەمانگی 10ی رابردوو سەرۆكەوتوو بوو.

مەكگۆڕك لە ٢٠ـ ٤ـ١٩٧٣  لەدایك بووە، ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ كارۆلین وۆنگ-دا پێكهێناوە دواتر جیابووەتەوەو لەگەڵ گینا چۆن هاوسەرگیری كردووەو خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لەهونەردا لەزانكۆی connecticut وە لەساڵی ١٩٩٩ لەقوتابخانەی كۆڵۆمبیا بەشی یاسای خوێندوەو دواتر تەواویكردووە و لەوێ خەڵاتی باشترین نووسەری پێدراوە لە یاسادا.
 

 

لە ٢٣/١٠/٢٠١٥ لەلایەن باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا دەستنیشان كراوە وەك نێردراوی ئەمریكا لەهاوپەیمانی دژی داعش، كە پێش ئەوە لە ٢٠١٤ دا لەجێی جەنەڕاڵ john R.allen دانرا لەرێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پرسی عێراق و ئێران .

لە ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ لەو ماوەیەدا كۆبوونەوەی نهێنی ئەنجامداوە لە ئێران و توانیویەتی چوار ئەمریكی لەگرتوخانەیی ئیڤن لە تاران ئازاد بكات، هەروەها خزمەتی كردووە لەسەردەمی جۆرج  بۆش دا وەك یاریدەدەر و ڕێنیشاندەر لەسیاسەتی عێراق و ئەفغانستان و ڕاوێژكاری ئۆباماش بووە لە كۆشكی سپی و خزمەتی دادوەر ویلیامی كردووە لە گەورەترین دادگای ئەمریكا بەناوی u.s  supreme court .

لەساڵی ٢٠٠٤ دا بووە بەڕاوێژكار لە هاوپەیمانی دەسەڵاتی كاتی لەعێراق، كە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس پیك هێنراو هەر لەو كاتەدا بووەتە ڕاوێژكار لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ڕۆڵی هەبوە لە نووسینەوەی دەستووری عێراق دا .

لەساڵی ٢٠٠٥ گەڕاوەتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش لە  كۆشكی سپی خزمەتی كردووە لەبواری ڕێنیشاندان بۆ عێراق و ئەفغانستان لەكتێبەكەی جۆرج بۆش دا "خالی بڕیاردان" وەسفی كراوەو بە جەنگاوەرێكی بەتوانا باسی كراوەو بەكەسێكی ستراتیج ناوزەند كراوە.

یەكێكە لەو كەسانەی، كە دوای جۆرج بۆشی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكاو دەستبەكاربوونی ئۆبامادا ماوەتەوە و لەدوای ئۆباماش و دەرچوونی دۆناڵد ترەمپ هەر لەپۆستەكەی ماوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٤ ، كە داعش موسڵی داگیركردو نزیك بووەوە لەبەغدا مەكگۆرك ئەو كات لە هەولێر بوو ڕاستەوخۆ چوو بۆ بەغدا توانی یارمەتی  ١٥٠٠ هاووڵاتی ئەمریكی بدات بە دوورخستەنەوەیان ‌و ڕۆڵی كاریگەری هەبووە لە دانانی سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ‌و لابردنی نوری مالیكی، كە بۆ ماوەی هەشت ساڵ حوكمی كرد.

 

هەروەها ڕۆڵی هەبوو لەڕازی كردنی كورد و عەرەب لەئازاد كردنەوەی موسڵ دا و داوای لەتوركیا كردووە، كە هێزی پێشمەرگە بێتە ناو كۆبانی‌و گفتوگۆی كردووە لەگەڵ ڕوسیادا لەسەر باشووری سوریا  بۆ وەستاندنی شەڕ.

خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتی distinguishesd honor award   پێدراوە لەلایەن كۆندۆلیزا ڕایس لەساڵی ٢٠٠٩، هەروەها خەڵاتی   distinguished service award ی پێدراوە لەلایەن جۆن كیری لەساڵی ٢٠١٦ ، خەلاتی  superior honor awardی پێبەخشراوە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە‌و خەڵاتی outstanding service ,  joint service communication پێدراوە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە .

وێستگە گرنگەكانی مەكگۆرك لەگەڵ كورد
برێت مەكگۆڕك بەدرێژایی شەڕی داعش لەساڵی 2014 چ لەهەرێمی كوردستان چ لەرۆژئاوای كوردستان تا كاتی دەستلەكاركێشانەوەشی رۆڵی گەوڕەی هەبوو، كە بەردەوام لەگەڵ سەركردە سیاسی‌و سەربازییەكانی كورد پەیوەندی هەبوو، بۆ ئەوەی هێزە كوردییەكان لەبەرەكانی شەڕ شكست بەچەكدارانی داعش بهێنن‌و لەوەشدا سەركەوتنی گەورەی تۆماركردووە.

پرسی درێژكردنەوەی دوو ساڵ بۆ سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی و ڕێگریكردن لەسەرۆكی پەرلەمان وێستگەیەكی تری برێت مەكگۆڕك بوو لەگەڵ كورد، كە لەساڵی 2015 هەوڵی زۆریدا لایەنە كوردییەكانی هەرێم رازی بكات بۆ ئەوەی بەمانەوەی مەسعود بارزانی لەپۆستی سەرۆكی هەرێم رازی بن‌و تەنیا گۆڕان نەچووە ژێر باری ئەو داوایەو ئەوەبوو لەكاتی رێگریكردن لەیوسف محەمەد لەمانگی ئۆكتۆبەری ئەو ساڵە لەلایەن هێزەكانی پارتی لەپردێ‌ بێدەنگی هەڵبژارد، كە ئەوەش سەركردەكانی گۆڕانی نیگەران كرد.

مەكگۆڕك لەبەرانبەر هەوڵی كورد، بۆ سەربەخۆیی، كە پرۆسەی ریفراندۆم لە ساڵی 2017 بەرێوەچوو، دوو جۆر رۆڵی گێڕا، رۆڵێك هەوڵیدا ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامنەدرێت، بۆ ئەوەش گفتوگۆی زۆری لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی كورد كرد، بەڵام گفتوگۆكانی ئەنجامی نەبوو.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و كاردانەوەكای رۆڵی نەرێنی لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی كورد گێڕاو لەكاتی هێرشی سوپای عێراق‌و چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان، بێدەنگی هەڵبژارد، ئەوەش ئەوەش وایكرد سەركردایەتی سیاسی كوردی لەهەرێم، بەتایبەتی مەسعود بارزانی لەخۆی زویركرد.

 


هەروەها مەكگۆڕك لەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، كە بەرهەم ساڵح بوو، رۆڵێكی كاریگەری هەبوو، بەوەی سەركردەكانی یەكێتی وا لێكرد، كار بۆ گەڕانەوەی ناوبراو بۆ ناو حیزبەكەی بكەن‌و كاندیدی بكەن بۆ سەرۆك كۆماری‌و لەوەشدا سەركەوتوو بوو، تا بەرهەم ساڵحی گەیاندە كورسی سەرۆك كۆماری.

لەپرسی رۆژئاوای كوردستانیش، بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی لەپۆستەكەیدا بوو، هەمیشە پشتگیری كوردانی رۆژئاوای كردووەو تەنانەت چەندین جار لەدژی خواستەكانی توركیا وەستاوەتەوە، كە دژی هاوكارییەكانی ئەمریكابوون بۆ شەرڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە.






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved