ئیسرائیل خۆی بۆ شەرێكی سەرتاسەری لەسوریا ئامادە دەكات

جیهان

24/12/2018‌ 3643 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان حاجی قادر
لەژێر ئەو ناونیشانەی سەرەوەو لەئەنجامی كشانەوەی هێزەكانی‌ ئەمریكا لەسو‌ریا، ‌"ئیگۆر سیبۆتین" لە ڕۆژنامەی "نیزافیسیمایا گازیتا" سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەیەكی سەربازی بەرفراوان راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە بڕیارەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بەكێشانەی یەكە سەربازییەكانی ئەمریكا لسوریا كاردانەوەی جیاجیای گەمەكارە جیهانی و هەرێمییەكان لێكەوتەوە، لە هەمووشیان دڵتەنگتر بەو بڕیارە دەوڵەتی ئیسرائیل بوو ، كە پێدەچێت تووشی شڵەژاوی بووبێت لە چۆنییەتی بەتەنیا بەرەنگاربوونەوەی بوونی هێزی ئێران لە سوریا.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، "ئیگۆر لیبرمان"ی وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیلیش بۆچوونی خۆی سەبارەت بە بڕیارەكەی سەركردایەتی ئەمریكا دەبڕیوەو رایگەیاندووە "كشانەوەی هێزەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سوریا تا ڕادەیەكی ‌زۆر گریمانەی ڕوودانی ململانێیەكی بەرفراوان لەباكوور دێنێتەئاراوە، جا چ لە لوبنان یان سوریا". 

هەر بە گوێرەی وتەكانی لیبرمان، ڕۆیشتنی ئەمریكا وورەی "بەشار ئەسەد" ی سەرۆكی سوریا و ئێران و یحزبزڵای هاوپەیمانی بەرزدەكاتەوەو لەوبارەشەوە "یۆری لیامین"ی‌ ‌شارەزایەكی سەربازی بۆ ڕۆژنامەی "نیزافیسیمایا گازیتا" وتی: "ئەگەر باس لە ئیسرائیل و هەندێك دەوڵەتی عەرەبی كەنداوی بكەین، دۆخە بۆ ئەوان گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، بێگومان ئەوان پێێان باشە یەكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەو بەشەی خاكی سوریا بمێننە‌وە، ئەمەش وەك كارتێكی فشار بۆ سەر هەردوو حكومەتی سوریا و ئێران، بەڵام كشانەوەی ئەو یەكە سەربازییانە ‌ بەشێوەیەكی جەوهەری دۆخەكه ناگۆڕێت. ئێستا زاڵبوون بەسەر بەشە سەرەكییەكەی ووڵات لەدەست دیمەشقدایە، بەو ناوچانەشەوە كە هاوسنوری ئیسڕائیلن. هێزەكانی ئەمریكا ناشتوانن گواستنەوەی بارهەڵگرەكان لە ئێرانەوە بۆ سوریا قەدەغە بكەن، چونكە ئەو ڕێگەیەی ئێستا هاموشۆ پێدا دەكەن دەكەوێتە دەرەوەی ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیان".

لیامین وتیشی: "لە بەرانبەریشدا، ئێران ناتوانێت ئەو بڕیارە‌ وا لێكبداتەوە، كە چەكێكی واژووكراوە و خراوەتە بەردەستی، نابێت ئەوەشمان بیرچێت، كە ئێستا توركیا هەڕەشەی كردەیەكی سەربازی تازە دژ بە كوردەكانی سوریا دەكات، ڕەنگە ئەو كردە سەربازییە ببێتە هۆی دەستبەسەرداگرتنێكی واقعی بەسەر بەشێكی گرنگی باكوری سوریا لە لایەن ئەنقەرەوە. ئەمجۆرە پەرەسەندنەش مەحاڵە دەسەلاتدارانی سوریا و ئێرانی هاوپەیمانی پێی ڕازیبن".