دووبارە بوونەوەی مێژوو.. سیناریۆكانی لەسەركارلابردنی دۆناڵد ترامپ

جیهان

24/12/2018‌ 10919 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان حاجی قادر
لەماوەی پێشوو ناوەندە ئەمریكییەكان پرسی لەسەر كالابردنی"دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا" سەرقاڵبوون، هەرچەندە ئەو پرسە دەمێكە ورژێندراوە، بەڵام دەمەتەقێی لابردنی ناوبراو لەژێر سایەی پەرەسەندنەكانی ئەم دوایەی لێكۆڵینەوەكانی "لیژنەی مۆلەر"و سەركەوتنی دیموكراتەكان‌و باڵادەستیان بەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی نیو‌ نوێكردنەوەی ئەمجارە لەنۆڤەمبەری ڕابردوودا، گرنگییەكی زیاتری وەرگرت.

ئەم پەرەسەندنانە گریمانەی ئەوەیان لێدەكرێت سەرەتایەكبن بۆ پڕۆسەیەكی یاسایی بۆ لەسەركارلادانی ترامپ لەپۆستەكەی لە ساڵی 2019. هەرچەندە ئەو ڕێوشوێنانە لەڕاستیدا نابنە هۆی لەسەركارلادنی لە پۆستەكەی، بەڵام سیناریۆكانی پڕۆسەی لەسەركارلابردنەكە لەسیناریۆ مێژوویەكانی پێشوو دەرناچن، كە دەرهەق بە سەرۆكەكانی پێشوو ( ئەندرۆ جۆنسۆن لە ساڵی 1868، ڕیچارد نیكسۆن لەساڵی 1974، بیل كلینتۆن لە ساڵی 1998) ئەنجامدران.
 
خەرمانی ساڵی 2018 
كۆمەڵێك پەرەسەندنی ساڵی 2018 و بە تایبەتیش لەئەوانەی دوا مانگەكانی ڕوویاندا گریمانەی ئەوەیان لێدەكرێت ببنە خاڵی لێوەدەرچوون و سەرەتایەك بۆ پڕۆسەی لەسەركارلابردنی  ترامپ لە پۆستەی لە ساڵی 2019 و ئەوانیش بریتین لە:
لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی مۆلەر 
لە 17 ی مایۆی 2017 وەزارەتی دادی ئەمریكا لیژنەیەكی تایبەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە پرسی دەستتێوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2016  پێكهێنا كە بەهۆیەوە تڕەمپ گەیشتە دەسەڵات، لیژنەكە  چووە بنجوبناوانی ووردەكارییەكانی هەموو لایەنەكانی ئەو هەڵبژانە. لەوساوەی لیژنەكە ڕاسپێردراوە تاوەكو سەرەتای ساڵی 2019 ماوەی پێكهاتنەكەی دەبێتە ساڵ و نیوێك، لەو ماوەیەشدا لیژنەكە گەلێك لێكۆڵینەوەی ئەنجامداون كە لە ئاكامدا گەلێك كەسی ناو هەڵمەتە هەڵبژاردنەكەی تڕەمپی سزادان. دوا پەرەسەندنەكانی لێكۆڵینەوەكانی لیژنەكە لە نیوەی یەكەمی دیسەمبەری 2018 بوو كە پارێزەرەكەی ترەمپ و بەڕێوەبەری هەڵمەتەكەی تێدا سزادرا بەوە یاساكانیان پێشێلكردووە، لیژنەكە دەستیكرد بە لێكۆلینەوە لەو ڕێوشوێنانەی لیژنەی دانانی تڕەمپ گرتونیەبەر بۆ جێگیركردنی سەرۆكی ئەمریكا لە پۆستەكەی كە گومان لە چۆنییەتی كاروبارەكانی ئەو لیژنەیە دەكرێت لەوەی چۆن پارەوپولی ئەو ڕێوڕەسمە كۆكراوەتەوە كە بەكارهاتووە بۆ دانانی تڕمپ لە پۆستەكەی و ئەو پارانەش چۆن خەرجكراون، شیمانەی ئەوەش‌ دەكرێت كە ئەو ڕێوشوێنانە سەرپێچی یاساكانیان كردبێت.

ئەنجامی هەڵبژادنی نیوەی كۆنگرێس: 
ئەو هەڵبژارنەی كۆنگرێس كە لە نۆڤەمبەری 2018 ئەنجامدرا و بردنەوەی دیموكراتەكانی لێكەوتەوە كە زۆرینەیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستهێنا، لەولاشەوە كۆمارییەكان باڵادەستی خۆیان بەسەر ئەنجومەنی پیراندا سەپاند. بە دەستپێكردنی خولی تازەی یاساكاری گۆنگرێس لە 3 ی یەنایەری 2019 ، ئیدی لە توانای دیموكراتەكاندا دەبێت جوڵە یاساییەكانی خۆیان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبكەن بۆ لەسەركارلادانی سەرۆك تڕەمپ له پۆستەكەی ، وە دەستەبەری  سەركەوتنی ئاراستەكردنی ئەو تۆمەتانەش بكەن كە سەرۆك سەرپێچی یاسا و دەستوری كردووە.

هەڵوێستی ناوخۆیی لەسەر لەكارخستنی سەرۆك: 
سەرباری ئەو پشتیوانییە جەماوەر‌ییەی سەرۆك لە هەندێك ناوەندی ئەمریكیدا هەیەتی، بەڵام هەڵوێستی دەستەبژێری ڕۆشنبیر و میدیایی دوو فاكتەر‌ی گرنگن بۆ لەكارخستنی، میدیای ئەمریكا بە بەردەوانی كاری لەسەر كارە نەرێنییەكانی تڕەمپ كردووە و دەریخستوون و هەوڵیشداوە ڕای گشتی دژ بە كارەكانی سەرۆك جۆشبدات. پرسی لەكارخستنی سەرۆكیش بەشێكی سەرەكییە لەو گفتوگۆیانەی لە میدیاكانی ئەمریكا ورژێندراوە و قسەی لەبارەوە دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی جوڵەیەكی جەماوەری سنوردار لە گۆڕێیە بۆ پاڵنانی گۆنگرێس بە لەكارخستنی ترەمپ، ئەو جوڵەیەش لە بزاووتی "Need to Impeach " دا هەستپێدەكرێت كە لە ساڵی 2017 وە دامەزراوە و هەوڵی جۆشدانی ئەمریكییەكان دەدات بۆ فشارخستنەسەر نوێنەرەكانیان لە كۆنگرێس بۆ دەستپێكردنی ڕێوشوینی لەسەركارلابردنی تڕەمپ لە پۆستەكەی. ئەو بزاوتە عەریزەیەكی لەسەر پێگە ئەلەكترۆنییەكەی خۆی نمایشكردووە كە داواكارییە بۆ لەكارخستنی تڕەمپ و تاوەكو ئێستاش "6 ملیۆن" كەس واژۆیان كردووە.

ڕێوشوێنی یاسایی پڕۆسەی لەكارخستنەكە
زاراوەی "Impeachment" لە ڕۆشنبیری سیاسی ئەمریكادا ئاماژەیە بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی سەرۆكی پێ لەسەركار لادەبرێت لە پۆستەكەی، ئەو ڕێوشوێنانەش‌ دوورودرێژن و لەناو كۆنگرێسدا بەڕێوەدەچن، ئەمەش بە گوێرەی چەند هەنگاوێك  كە هەریەك لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران ڕۆڵی تێدا دەگێرن.

دەستوری ئەمریكی ئەو چوارچێوە گشتییانەی دیاریكردوون كە سەرۆكیان پێ لەكاردەخرێت، ئەویش لە بەندی یەكەم و دووەمدا هاتوون كە یەكەمیان باس لە كۆنگرێس و دەسەڵاتەكانی دەكات و دووەمیشیان باس لە سەرۆك و دەسەڵاتەكەی دەكات. بە گوێرەی ئەوەی لەو دوو بەندەدا هاتووە ڕێوشوێنی لەكارخستنی سەرۆك بە دوو قۆناغدا تێدەپەڕێت:

قۆناغی یەكەم: 
لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بەرێوەدەچێت بەوەی ئەنجومەنەكە هەڵدەستێت بە لێكۆڵینەوە لە ئەو تۆمەتانەی دراونە پاڵ سەرۆك و بای ئەوەن پێی لەسەركار لاببرێت و لە پۆستەكەی دووربخرێتەوە. دەستوریش ئەو كارانەی لە سێ خاڵدا قەتیس كردووە كە سەرۆكی پێ دووردەخرێتەوە لە پۆستەكەی: ناپاكی، وەرگرتنی بەرتیل، ئەنجامدانی تاوان یان ئەو ڕەفتارە سەرپێچیكارانەی كە مەترسی دروست دەكەن. دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەكان دەنگ لەسەر تاوانباركردنی سەرۆك دەدرێت كە پێویستی بە زۆرینەی سادەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنەكە هەیە تاكو ببێتە بڕیار و یاسایەكی بەركار، ئینجا پرۆسەكە دەچێتە قۆناغی دووەمەوە.

قۆناغی دووەم: 
لەناو ئەنجومەنی پیراندا بەڕێوە دەچێت كە ئەنجومەنكە هەڵدەستێت بە دادگاییكردنێكی فەرمی سەرۆك، ئەندامانی ئەنجومەنەكە دەبنە دەستەی دژی سەرۆك (هیئە المحلفین) و سەرۆكی دادوەرانی داگای دەستوری باڵاش سەرپەرشتی پڕۆسەی دادگایكردنی سەرۆك دەكەن، بۆ ئەوەی بە فعلی سەرۆك لەكاربخرێت دەبێت دوو لەسەر سێی  ئەندامانی ئەنجومەنەكە ڕازیبن لەسەر داڕشتەی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ سەرۆك. ئەگەر ئەم ڕێژەیە بەردەست نەبووە، ئەمە واتای ئەوەیە نەسازاون لەسەر تۆمەتباركردنی سەرۆك بەو كارانەی پێویست بە لەسەركارلابردنی دەكەن. بۆیە لە پۆستەكەی خۆیدا دەمێنێتەوە سەرباری هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی پێشتر گیراونەبەر.

سێ سیناریۆكەی لەكارخستنی "ترامپ".
بە شیمانەی ئەوەی لیژنەی مۆلەر لە نێوەی یەكەمی ساڵی 2019 لە لێكۆڵینەوەكانی خۆی دەبێتەوە، بەو شیمانەیەش كە لیژنەكە جەختدەكاتەوە لەسەر بوونی پێشێلكاری لە بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی تڕەمپ و بگرە خودی تڕەمپیش، به بوونی پێشبینییەكان بەوەی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەست دەكەن بە پڕۆسەی لەكارخستنی سەرۆك؛ بۆیە ڕێوشوێنی لەكارخستنی سەرۆك ئەگەر بە ڕاستی دەست پێبكات، ئەوا لەو سێ سیناریۆیە بەدەر نییە كە دەرهەق بە سەرۆكەكانی پێشوو (ئەندرۆ جۆنسن لە ساڵی 1868، ڕیتشارد نیكسۆن لە ساڵی 1974، بیل كلینتۆن لە ساڵی 1998) گیراونەبەر:

سیناریۆی"ئەندرۆ جۆنسن": 
ڕێوشوێنی لەكارخستنی سەرۆك "ئەندرۆ جۆنسن" لە مارسی 1868 بەوە دەستیپێكرد كاتێك ئەنجومەنی نوێنەران لیستێكی تۆمەتباركردنی پەسەند كرد كە بە 11 بەند"جۆنسن" ی تۆمەتبار كردبوو لەوانە‌: دامەزراندنی نادەستوری، خراپبەكارهێنانی پارەوپولی فیدڕاڵی، پێشێلكردنی یاسای فیدڕاڵی، كەمكردنەوەی ڕێزداری كۆنگرێس، بەڵام ئەنجومەنەكە ئەو لیستەی پەسەند نەكرد، بۆیە ئەنجامی دەنگدانەكە بە ڕەزامەندی 35 سیناتۆر و ڕەتكردنەوەی 19 سیناتۆری دیكە كۆتاییهات، ئەم ئەنجامەش بە یەك دەنگ كەمتربوو لە دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، چونكە پەسەندكردنی لیستەكە لە لایەن ئەنجومەنەكەوە‌ پەیوەستە بە ڕەزامەندی دوولەسەرسێی ئەندامەكانی.

بەگوێرەی ئەم سیناریۆیە شیمانەی ئەوە هەیە دیموكراتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بجوڵێن و لیستێكی تاوانباركردنی تڕەمپ  پێشكەش بكەن، واش چاوەڕوان دەكرێت لیستەكە نزیك بێت لە پڕۆژەبڕیاری ژمارە 621 كە "ستیڤ كۆهین" لە 15 ی نۆڤەمبەری 2017 پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووە، ئەویش پڕۆژە بڕیاری H.Res.621 بۆ لەكارخستنی تڕەمپ كە پەیوەستە بە ئەنجامدانی تاوانی مەزن و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەوە، هێشتا ئەم پڕۆژەیە لە لیژنەی دادوەرییەوە نەگەیشتۆتە ئەنجومەنی نوێنەران. هەر بە گوێرەی ئەوەی لەم پڕۆژەیەدا هاتووە، وا چاوەڕوان دەكرێت لیستی تۆمەتباركردنەكە تڕەمپ تۆمەتبار بكات بەوەی ڕێگری لە دادپەروەری كردووە، دەسەڵاتی خراپ بەكارهێناوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی، پێشێلكاری یاسایی ئەنجامداوە، دەستوری ئەمریكای پێشێلكردووە؛ بەگوێرەی ئەم سیناریۆیەش پێناچێت ئەنجومەنی نوێنەران ئەو لیستە پەسەند بكات.

سیناریۆی "ڕیچارد نیكسۆن": 
ئەنجومەنی نوێنەران لە یۆلیۆی 1974 ڕێوشوێنی تاوانباركردنی سەرۆك نیكسۆنی پەسەند كرد لە دەرئەنجامی كەیسی"ۆتەرگێت"  كە سێ بەندی لەخۆ گرتبوو هاتەئاراوە : ڕێگری لە دادپەروەری، خراپە بەكارهێنانی دەسەڵات، قێزكردنەوە لە كۆنگرێس؛ بەڵام سەرۆك نیكسۆن بڕیاریدا دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە. بەگوێرەی ئەو سیناریۆیە سەرۆك تڕەمپ دەست لەكار دەكێشێتەوە، ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەر‌ان لە دژی بجوڵێت.
سیناریۆی "بیل كلنتۆن": 
ڕێوشوێنەكانی پڕۆسەی لەكارخستنی"بیل كلینتۆن" بەتەواوی بەرێوەچوون، ئەنجومەنی نوێنەران لیستی تاوانباركردنی سەرۆكی پەسەند كرد بە تاوانەكانی: شكاندنی سوێندی دەستوری، ڕێگری لە دادپەروەری، ئەمەش دوای دۆسیەی "مۆنیكا لوینسكی" هاتەكایەوە، ئینجا بەو تۆمەتانه ڕێوشوێنەكانی دادگاییكردنی لە ئەنجومەنی پیران دەستیپێكرد، بەڵام دەنگدان رێژەی یاسای خۆی تەواو نەكرد كە دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی ئەنجومەنەكەیە، بۆیە ئەنجامی دەنگدان لەسەر شكاندنی سوێند 45 دەنگی بەڵێ و 55 دەنگی نەخێر بوو لە كاتێكدا دوو لەسەر سێی دەنگەكان دەیكردە 67 دەنگ. تۆمەتی ڕێگریكردن لە دادپەروەریش بە 50  دەنگی بەڵێ و 50 دەنگی نەخێر كۆتاییهات.

بەگویرەی ئەم سیناریۆیەش، وا چاوەڕواندەكرێت ئەنجومەنی نوێنەران كە زۆرینەی هی دیموكراتەكانە لیستی تاوانباركردنەكە ئاراستەی سەرۆك تڕەمپ بكات و ئینجا پەسەندیشی بكات، بەمەش پرسەكە دەچێتەبەردەم ئەنجومەنی پیران كە كۆمارییەكان بەسەریدا زاڵن، لەم دۆخەشدا واپێدەچێت دەنگ لەسەر تاونباركردنی سەرۆك نەدرێت، چونكە ڕەزامەندی لەسەر لیستی تاوانباركردنەكە پێویستی بە رێژەی دەنگدانی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنەكە‌یە.

پۆختەی قسەش ئەوەیە كە شیمانەی ئەوە دەكرێت لە ساڵی 2019 ڕێوشوێنی لەكارخستنی سەرۆك تڕەمپ لە پۆستەكەی بگیرێتەبەر، بەڵام ئەو ڕێوشوێنانە ئەگەر بگیرێنەبەر، واچاوەڕوان ناكرێت ببنە هۆی لەكارخستنی، خۆ ئەگەر دیموكراتەكان بڕیانیاندا لە ئەنجومەنی نوێنەران دژی تڕەمپ بكەونە جوڵە بۆ تاوانباركردنی، ئەوا ئەنجومەنەكە ئەو لیستی تۆمەتباركردنە پەسەند دەكات، بەڵام كاتێك ڕێوشوێنەكان دەگوازرێنەوە بەردەم ئەنجومەنی پیران، ئەوا ئەنجومەنەكە لیستی تاوانباركردنەكە ڕەتدەكاتەوە، هەر وەك لە گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی دژ بە كلینتۆن ڕوویدا، چونكە سەرباری ڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران، ڕەتكردنەوەی ئەنجومەنی پیران ڕیسەكەی كردەووە خوری و ڕێوشوێنە یاساییەكانی لەكارخستنی سەرۆكی بەتاڵكردنەوە.

بەپەلە