كاتی ئەوەیە كوردو هاوپەیمانەكان "فیڵ‌"ی ئەمەریكییەكان بزانن

کوردستان

24/12/2018‌ 6307 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس حلمی رەسول رەزا
"مادام سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا تەنیا كار لەسەر بەرژەوەندییە ئابووری‌و ئاسایشییەكان دەكات، چارەنووسی گەلە جەنگاوەرو ئەو وڵاتانە لەیاد دەكات، كە هەناسە توندبوون بەهۆی جەنگەكانەوە، ئێستا كاتی رۆڵی كوردو ژمارەیەك لەهاوپەیمانەكانی ترە فیڵ‌و ناچاكی ئەمەریكییەكان بزانن".

ئەمە بەشێكە لەنووسینێكی مامۆستای زانستە مێژووییەكان و بەرێوەبەری نوسینگەی واشنتۆن پۆست لەبەیروت "لیز سلی"، كە لەنووسینەكەی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەو سوریانەی لەژێر دەستی ئۆپۆزۆسیۆنن دەكەونە بەر هێرشەكانی رژێمی سوریا لەلایەك و مەترسی گەڕانەوەی رێكخراوی داعش لەلایەكی تر.

ئەو باسی ئەوەش دەكات بڕیاری دۆناڵد ترامپ بە كشانەوەی هێزەكانی لەسوریا بۆ زۆر كەس لەناكاو بوو، چونكە لێكەوتەكانی سنووری سوریا تێدەپەڕێنێن.

هەرەشەی دوو لایەنە
لەلایەن خۆیەوە، توركیا هەرەشەی هێرشكردن دەكات بۆ سەر باكوری وڵات، لەلایەكی ترەوە سوریا خۆی رێكدەخاتەوە بۆ دسەتبەسەراگرتنی ناوچەكان بەهێزی سەربازی، لە نێوان ئەمانەدا، رێكخراوی داعش دەیەوێ هێزەكەی لە ناوەراستی وڵات ئامادە بكات، ئەمەش دەبێتە مایەی ترس بۆ عەرەب و كورد بەبێ جیاوازی.

سلی دەڵێت: هەزارەها هاووڵاتی كورد توڕەن و هۆشدارییان داوەتە حكومەتی ئەمەریكا لە بریارەكەی پەشیمان بێتەوەو وێنەی منداڵەكانیان بەرزكردۆتەوە كە لەلایەن رێكخراوی داعشەوە لەناوچون، لەكاتی رێكردنیان بەرەو بنكەی سەربازیی ئەمەریكی لە شاری كۆبانی. كوردەكان لەوە دەترسن لەپاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا هەمان چارەنوسیان هەبێت.

هەروەها لە وتارەكەدا هاتووە بڕیاری ترامپ خۆی لە كورتبینیەكی تری كورددا دەبینێتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی تایبەت بە خۆیان لە سوریا و بەشێكی ترە لە فێڵ و پەراوێزخستنیان لەلایەن واشنتۆنەوە، كە پێش ئەوەش ناپاكی لەگەڵ كردن و لە پاڵشتی كردنیان پەشیمان بوەوە لە ساڵی 1975، هەروەها ئیدارەی ترەمپ رێگر بو لە پاڵشتی كردنی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێكی كوردستانی عێراق.

نەمانی متمانە
هاوكات رۆژنامەنووسی كوردی سوریا هۆشەنگ حسن دەڵێت: ئەم گۆڕانكارییە لە ناكاوە لە سیاسەتی ئەمەریكیدا تەنیا جێگای دڵە راوكێی كوردەكانی سوریا نییە، بەڵكو سەرجەم هاوپەیمانەكانی واشنتووەنە لە ناوچەكەدا، ئەمەش خۆی لە نەمانی متمانەدا دەبیێتەوە و وا دەكات حكومەتەكان هەلسەنگاندن بۆ هاوپەیمانیەتیەكانیان لەگەڵ زلهێزەكاندا بكەنەوە كە هەر كاتێك بێت دەستبەرداریان دەبێت. 

ناوبراو ئەوەش دەڵێـت: گەورەترین سودمەند لەم دۆخەدا روسیاو توركیاو ئێرانەو ئاماژەی بەوە كردووە ئەم وڵاتانە نوێنەری هێزە نوێیەكانن لە رۆژهەڵاتی ناوەراستداو دەپرسێت بۆچی بەرهەلستكاری هێزە نوێیەكان یان دژیان بین؟

سلی ئەوەی روونكردووەتەوە، كوردەكان – ئەوانەی لە شارو گوندەكان بەدرێژایی سنوری باكوری سوریا- دەژین، ترسی بەردەوامیان لەهەڕەشە و جوڵەی سەربازی توركیا هەیە، ئاماژەی بەوەش كردووە ئەم هەرەشەیە رۆڵێكی گەورەی هەبوە لە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەلایەن ترەمپەوە، وەك دەگوترێ ئەم بڕیارەی لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیەوە داوە كە رۆژی هەینی لەگەل رەجەب تەیب ئەردۆگانی ناسراو بە بەرهەڵستكاری پاڵشتی ئەمەریكی بۆ كیانی كوردی نوێ لە سەر سنوری وڵاتەكەی.

سەنگەر لێدان و بەرگری
كوردەكان بە درێژایی چەند هەفتەیەكە دەستیان كردووە بەسەنگەر لێدان لە دەوربەری گوندەكانی سنوری توركیا وەك ئامرازێكی بەرگری دژی سوپای توركیا، بەڵام رون نییە ئایا بریارەكەی ترامپ بە كشانەوەی هێزەكانی و گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەردۆغان رێگە لە پرۆسە سەربازیەكانی توركیا دەگرێت یان دوای دەخات یان پشتگیری دەكات.

نووسەری بابەتەكە ئەوەی روون كردووەتەوە بەرپرسە توركەكان جەختیان لەسەر هەرەشەكانیان كردۆتەوە لەكاتی بڕیارەكەی ترەمپدا. بە گوێرەی قسەكانی صالح موسلیم وتە بێژ بەناوی دەستەی سیاسی سەرەكی كوردەوە -یەكینەكانی پاراستنی گەل- گوتویەتی كوردەكانی سوریا ئێستا هیوایان بە زیندوكردنەوەی گفتوگۆكانە لەگەل حكومەتی سوریا بۆ گەیشتن بە مامەڵەیەك بۆ ئەوەی بتوانن پێكەوە روبەروی توركیا ببنەوە.

هەر سەبارەت بە هەمان بابەت، بەرپرسە كوردەكان ئەوەیان گوتوە پێدەچێ واز لە شەر كردن بهێنن، هەروەك وتەبێژ بەناوی دەستەی كوردیەوە دوپاتیكردۆتەوە، هەرچەندە تا ئێستا نەگەیشتونەتە هیچ بریارێك، بەڵام ئەگەر توركیا لەسەر هەرەشەكانی بەردەوام بێت، پێدەچێ ژمارەیەكی زۆر لە جەنگاوەران هێڵیكانی پێشەوەی شەڕ دژی رێكخراوی داعش جێبهێڵن لە پێناو بەرگری كردن لە ماڵەكانیان لە باكور.

داواكاری بۆ پاڵشتی ئاسمانی
سەرەرای ئەمە، وتەبێژی ناوبراو باسی ئەوەی كردوە هۆشداری دەدەنە واشنتۆن بۆ بەردەوام بونی پاڵشتی ئاسمانی بۆیان كە كاریگەری بەرچاوی هەبوە لە دورخستنەوەی رێكخراوی داعش لە رابردودا، و كوردەكان هیوا دەخوازن ئەمەریكا ناوچەیەكی دژە فڕین رابگەیەنێت لە شێوەی ئەو دژە فڕینەی لە كوردستانی عێراقدا پەیرەو كرا لە ساڵی 1991، و بوە مایەی رێگری كردن لە پێشكەوتنی هێزەكانی سەرۆكی ئەو كاتی عێراق سەدام حسین بۆ ناوچە كوردیەكان و هاوكار بو بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی كوردی سەربەخۆ. ئەوەشی دوویاتكردۆتەوە ترسێكی زۆر هەیە لە دوو بارە دەركەوتنەوەی رێكخراوی داعش و بڵاوبونەوەی لە چوارچێوەیەكی فراوانتردا لەسەرجەم ناوچەكەدا، لەبەرئەوە، هێزەكانی سوریای دیموكراتی هۆشداری دەدات كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا ئاسانكاری دەكات بۆ گەرانەوەی چەكدارەكان و رێكخستنەوەی هێزەكانیان.