لایەنە كوردییەكان رێگە بەتێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق نادەن

عیراق

24/12/2018‌ 708 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لایەنە كوردییەكان لەبەغدا رێگە بەتێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەی گشی عێراق بۆ ساڵی 2019 نادەن، ئەوەش بەهۆی كەمی پشكی هەرێمی كوردستان لەپرۆژەكە.

پەرلەمانی عێراق، هەفتەی رابردوو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی عێراق كرد، كە بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە كۆببێتەوەو بەهۆی ناڕازایی لایەنە كوردییەكان، ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەكە ناكرێت.

بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەۆكی پەرلەمانی عێراق لەپشكی كورد لەو بارەوە رایگەیاندووە "خوێندنەوەی دووەم بۆ بودجە ناكرێت، چونكە ئێمە رێگە نادەین بەوشێوەیە تێپەڕێندرێت تاوەكو داواكاریی كورد جێبەجێنەكرێت."

بەشیر حەداد بۆ پێگەی فەرمی پارتی راشیگەیاند "زۆرینەی زۆری داواكارییەكانی كورد لەپرۆژەیاساكە جێبەجێنەكراون، رێژە و بودجەی پێشمەرگە و كەسوكاری شەھیدان و پرسی نەوت بە چارەنەكراوی ماونەتەوە، بۆیە ئەگەر خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ بكرێت، پێویستە یان بگەڕێتەوە بۆ حكومەت گۆڕانكاریی تێدا بكات و داواكاریی ئێمە جێبەجێبكات یاخود پەرلەمان خۆی ئەو كارە بكات، ئەگەرنا ڕازی نابین بەو شێوەیە پەسەند بكرێت."

پشكی كورد لەپرۆژە بودجەی گشتی عێراق لە 12:67% دیاریكراوە، بەڵام لایەنە كوردییەكان داوای 17% دەكەن‌و حكومەتی بەغداش ئەوە رەتدەكاتەوەو سوورە لەسەر ئەو رێژەیەی پێشتر لەپرۆژەكە دیاریكراوە.

هـ ـ ح

بڵند ئیبراھیم