تێكەڵكردنەوەی كارتەكان.. سیناریۆكانی دوای كشانەوەی سوپای ئەمریكا

کوردستان

27/12/2018‌ 4413 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
رۆژنامەی لۆباریزیانی فەرەنسی بڵاویكردەوە، بریاری سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترامپ بە كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەسوریا دووبارە تێكەڵكردنەوەی كارتەكانە، نەك تەنیا بۆ سوریا، بەڵكو بۆ سەرجەم ئەو هێزانەی لەشەڕی سوریاوە تێوە گلاون و شەش سیناریۆی خستۆتە بەرچاو.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، كشانەوەی راگەیەنراوی هێزەكانی ئەمەریكا لەسوریا لێكەوتەی دەبێت لەسەر پەرەسەندنەكانی ململانێیەكی ئالۆزو لایەنی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیشی تێوە دەگلێت.

دیارترین سیناریۆكان بەلای لایەنە كاریگەرە سەرەكیەیكانی تێوەگلاو لەو جەنگە تاقەتپرۆكێنەدا، خۆی لەچەند سیناریۆیەك دەبینێتەوە.

توركیا رووبەروی كوردو رێكخراوی داعش 
كشانەوەی 2000 سەربازی ئەمەریكی لەسوریا، توركیا جێدەهێڵیت بۆ رووبەرووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ رێكخراوی داعش و كوردەكاندا، لەم رووەوە، رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕوای بە ترەمپ هیناوە، كە توركیا بە تەنیا دەتوانێت بەسەر پاشماوەكانی داعشدا سەربكەوێت. 

سەڕەرای ئەوەی بڕیارەكەی ترامپ بوار لە بەرانبەر بەرزەفڕینەكانی توركیا دەكاتەوە هێرشی نوێ بكاتە سەر یەكینەكانی پاراستنی گەل لەسوریا، كە ئەو هێزانە لەلایەن توركیاوە بە "تیرۆریست" لە قەلەم دەدرێن، لەگەڵ ئەوەی جەنگاوەرە كوردەكان سەرە ڕمی واشنتۆن بوون بۆ تێكشاندنی رێكخراوی داعش.

بەدینەهاتنی خەونەكان
بەم كشانەوەیە كوردەكان وای دەبینن خەونەكانیان لەبەدەستهێنانی دەسەڵاتی خۆبەرێوەبردن بەبا چووە، بۆ خۆپاراستن لەپرۆسەی سەربازی توركیا هەندێك لە شارەزایان بروایانوایە كوردەكان پەنا دەبەنەوە بەر دانوستاندن لەگەڵ رژیمی ئەسەد بۆ ئەوەی دووبارە شوێنەكانیان بخەنەوە ژێر دەستی حكومەتی سوریا.

رۆژنامەكە باسی ئەوەش دەكات، كوردەكان سودیان لە ململانێكان وەرگرت بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێكی خۆبەرێوەبردن لەناوچەكانیاندا باكوورو باكووری رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام بە لێكدانەوەی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی وای دەبینێت، پارێزگاریكردنی كوردەكان بە نمرەیەكی بەرز بۆ سەربەخۆیی تا رادەیەكی زۆر دابەزیوە.

بەهێزكردنی پایەو شوێن
كشانەوەكە شوێنی دیمەشق و روسیا و ئێرانی بەهێز كرد، ئەم لایەنانە بەگوێرەی قسەی شارەزا فابرێس بلانش سودمەنددەبن لە لێكترازانی ناوچە كوردییەكان، توركیای سوپای سوریا ئەو ناوچانە لەنێوان خۆیاندا بەش دەكەن، كە لە ژێر دەستی كوردەكاندا بووە. 

بەقسەی ئەو شارەزایە، پێدەچێت رژێمی ئەسەد شاری رەققە و پارێزگای دێرزور بەتەواوەتی بكەوێتە ژێر دەستی، بەمەش دەست بەسەر چاڵە نەوتییە ستراتیژییەكاندا دەگرێتەوە. 

هەروەها لەگەڵ كشانەوەی هێزە ئەمەریكییەكان، ئێران هیچ بەربەستێكی لەبەردەمدا نامێنێتەوە بۆ دروستكردنی رێرەوێكی وشكانی، كە بیگەیەنێت بە دەریای ناوەراست لە رێگەی عێراق‌و سوریاو لوبناندا. 

ئەمە جگە لەوەی مۆسكۆ سود مەند دەبێت بە پساندنی پەیوەندی ئەمەریكی و رۆلەكەی دەبێتە میحوەری لە ململانێی سوریدا، ئەمەش لەسەر هەردوو ئاستی سەربازی و دیبلۆماسی.

هەناسەدانێك بۆ رێكخراوی داعش
ئەو پرۆسەی كشانەوەیە هەناسەدانێك دەبێت بۆ رێكخراوی داعش، پێش ئەوە كوردەكان هۆشدارییان دابو لەوەی هەر هیرشێكی توركی بۆ سەر ناوچەكانیان كاریگەری دەبێت لە پرۆسەكانیان دژی داعش، ئەمەش بە گوێرەی قسەی هەندێ لە شارەزایان. هۆكاریش بۆ ئەمە گەرانەوەی هێزەكانیانە لە بەرانبەر داعش بۆ ناوچەكانی باكور.

ئۆپۆزۆسیۆن لە ئیدلب
لەوانەیە ئەم كشانەوەیە مەترسیەكی گەورە بێت بۆ سەر هێزەكانی ئۆپۆزۆسیۆنی سوری لە ئیدلب، بەوەی دەبنە قوربانی گەمەی هاوپەیمانیەتیەكان لە نێوان هێزە ململانێكەرەكان لە سوریا. شارەزای سیاسی –بلانش- لەم بارەیەوە دەلێت: روسیا رێگە بە توركیا دەدات كوردەكان تێكبشكینێ لە بەرانبەر رێگە پێدانی هێزەكانی ئەسەد لە پارێزگای ئیدلب و پاڵ بە دانیشتوانەكەیەوە بنرێت بچن بۆ ناوچە كوردیەكان كە ئەنقەرە كوردی تێدا نەهێشتوە.

گەورەترین زیانمەند
ئیسرائیل بە گەورەترین زیانمەند دادەنرێت لەم كشانەوەیەدا، بەقسەی شارەزایان بوار بۆ ئێران و هاوپەیمانەكانی دەكرێتەوە توانا سەربازیەكانیان لە سوریا پەرە پێبدەن. ئیسرائیلیش ناچار دەبێت وەك جاران بە تەنها ئیدارەی سنورەكەی بدات لەگەل سوریا.