ترامپ بەیەك پەیوەندی تەلەفۆنی ئاراستەی شەڕی لەسوریا گۆڕی

کوردستان

29/12/2018‌ 9431 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا دۆنالد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیای توشی سەرسورمان كرد بەراگەیاندنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەسوریا و حكومەتی توركیا راستەوخۆ ئامادەیی دەربڕی بۆ چوونە جەنگێكی نوێ لەسەر سنووری باشوری وڵاتەكەی.

بەرپرسە ئەمەریكییەكان دەڵێن ك لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی دوو هەفتە لەمەو پێش چاوەڕوان كراو بوو ترامپ هۆشداری بداتە ئەردۆغان لە بەئامانج گرتنی هێزە كوردییەكان لە باكووری رۆژهەڵاتی توركیا، كە ئەمەریكا پاڵپشتییان لێ دەكات، بەڵام ئەو لە میانەی پەیوەندییەكەیدا دووبارە سیاسەتی ئەمەریكای لە رۆژهەڵاتی ناوەراست داڕشتەوە، كە چارەكێك لە خاكی سوریای چۆڵ كردو چالاكی زاڵبوونی بەسەر رێكخراوی داعشدا بە توركیا سپارد.

بەرپرسیكی توركی بۆ رۆیتەرزی راگەیاندووە، ترامپ پرسیاری كردووە ئەگەر ئێمە هێزەكانمان بكشێنینەوە دەتوانن بەسەر داعشدا زاڵ بن؟ ئەردۆغانیش لە وەڵامدا وتویەتی : سوپای توركیا دەتوانێت ئەو كارە ئەنجام بدات‌و پاشان ترەمپ یەكسەر وەڵامی داوەتەوەو وتیویەتی: كەواتە دەبێ ئەنجامی بدەن. 

پاشان سەرۆكی ئەمەریكا لە پەیوەندیەكی تردا لەگەڵ جۆن بۆڵتنی راوێژكاری ئاسایشهی نەتەوەیی پێی راگەیاندووە "دەست بكە بەكاركردن بۆ كشانەوەی هێزە ئەمەریكیەكان لەسوریا".

یەكێك لەو پێنج سەرچاوە توركییەی بۆ رۆیترز قسەیان كردووە دەربارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی 14ی كانونی یەكەمی نێوان ترامپ‌و ئەردۆغان دەڵێت: "پیویستە بڵێم بەوەی بڕیارەكە پێشبینی كراو نەبوو تا ئەو رادەیەی وشەی لەناكاو گوزارشتتێكی لاوازە بۆ ئەو هەڵوێستە". 

بەهەمان شێوە بەرپرسە ئەمەریكییەكانیش باس لەوە دەكەن بڕیارەكە زۆر جێگای سەرسوڕمان بوو لە واشنتۆن و چەندین بەرپرس هەوڵی ئەوەیاندا سەرۆك رازی بكەن بەگۆڕینی بۆچوونەكەی لەوانە وەزیری بەرگری جیمس ماتیس، بەڵام پاش ئەوەی ترامپ لەسەر بۆچوونەكەی سوور بو، ماتیس و برێت مەكگۆرگ دەستیان لە كاركێشایەوە.

لە سەردانێكیدا بۆ بنكەیەكی ئاسمانی لەعێراق پێش چەند رۆژێك، ترامپ ئاژماژەی بەوە كرد سەركردەكانی سوپا چەند جاریك داوایان لێكردووە چالاكی سەربازی لە سوریا درێژ بكاتەوە، بەڵام رەتیكردووەتەوە بەهۆی ئەوەی بڕوای وایە رێكخراوی داعش تا رادەیەكی زۆر شكستی خواردووە، لە وتەیەكیشیدا بۆ سەربازەكان ترامپ وتی: "ئێمە ئەوانمان شكستپیهێنا.. لە نێوان من و ئەردۆغان قسەی باشكران و نیازی ئەوەیە بەسەر داعشدا سەربكەوێت".

هەلێكی مەترسیدار
بەلای توركیاوە بریارەكەی ترامپ هەلەو مەترسیداریشە لەیەك كاتدا، توركیا گومانی هەبووە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەوەی هاوپەیمانی باكووری ئەتلەسییەو یەكینەكانی پاراستنی گەلی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشی سەرەكی لەسەر خاكی توركیا دژی رێكخراوی داعش. 

هەروەها توركیا دەڵێت: یەكینەكانی پاراستنی گەل "كۆمەڵێكی تیرۆریستین" و پەیوەندییان بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە هەیە لە باشووری رۆژهەڵاتی توركیا.

كشانەوەی ئەمەریكا سوپای توركیا ئازاد دەكات لەرووبەرووبوونەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل و بە روبەری 500 كلم دووریان دەخاتەوە بەبێ ئەوەی رووبەرووی مەترسی هێزە ئەمەریكییەكان ببێتەوە، سەرەرای ئەوەی ئەم كشانەوەیە دەبێتە مایەی چارەسەركردنی كێشەی دیبلۆماسی لە نێوان هەردوو وڵاتدا،  بەڵام لەهەمان كاتدا كشانەوەكە رووبەرێكی سوری فراونتر بەرانبەر توركیا دەكاتەوە وەك ئەوەی پێشبینی كردبوو نەك تەنیا بەرانبەر بە كورد، بەڵكو لەبەرانبەر حكومەتی سوریا، كە پەیمایداوە سەرجەم خاكی سوریا بگەڕێنیتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

رۆژی هەینی سوپای سوریا رایگەیاند، هێزەكانی لە شاری مەنبەج بڵاودەكاتەوە لە باكووری سوریا، ئەمەش لە پاش هۆشداری پێدانی یەكینەكانی پاراستنی گەل هات بۆ پاراستنی شارەكە لەمەترسی هێزەكانی توركیا. 

ئەگەر بێت و توركیا نیازی هەبێت هێرش بكاتە سەر رێكخراوی داعش لەكۆتا شوێنی سەر خاكی سوریا لەنزیك سنوری عێراق ئەوا یەكەمجار پێویستی بەپەڕینەوەی 250 كلم هەیە بۆ گەیشتن بەو شوێنە، ئەویش لە ژێر دەسەڵاتی كوردەكاندایە.

سونر جاجایتای بەرێوەبەری بەرنامەی توركی لەپەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك دەڵێت: ئەردۆغان زۆر زیاتری دەست كەوتووە لەوەی دانوستانی لە پێناودا دەكرد، ئەو داوای ئەوەبوو ئەمەریكا واز لە یەكینەكانی پاراستنی گەل بهینێت نەك كشانەوە لە سوریا.

ئەردۆغان چەندین ساڵە پاڵپشتی هێزە بەرهەڵستكارە سورییەكان دەكات بۆ دەپەراندنی بەشار ئەسەد، كەچی سەرۆكی سوریا بەپاڵپشتی تاران و مۆسكۆ مایەوە، هەرچەندە زۆربەی ئەو شوینانەی چاڵە نەوتیشی تیدا لەژێر دەستیدا نەمابووەوە.

لەچوارچێوەی هەڵسەنگاندنەكانیدا بۆ ئاڵینگارە نوێیەكان، توركیا دانوستانی چڕوپری لەگەڵ مۆسكۆ و واشنتۆندا دەست پێكردووە، هەروەها چاوەروانی بەرپرسە باڵاكانی ئەمەریكایە بۆ وڵاتەكەی لەماوەی چەند رۆژێكدا لەوانە بۆڵتۆن‌و نیردەی ئەمەریكا بۆ سوریا جیمس جێفری. سەرەرای ئەوەی وتەبێژی حیزبی دادو گەشەپێدان وتی: ئەمرۆ سەرۆكی هەواڵگری و هەردوو وەزیری دەرەوە و بەرگری سەردانی مۆسكۆ دەكەن.

بەرپرسێكی ئەمنی توركیا وتی: "دۆخەكە زۆر قورس دەبێت، سەرجەم كێشەكان سەر لەنوێ پێویستی بەداڕشتنەوە و پلانە  لەسەرەتاوە". هەروەها بەرپرسێكی ئەمەریكیش وتی: "پلانڕێژە سەربازییەكان دەیانەوێت كشانەوەكە حەوت مانگی پێبچێت،" بەڵام كەسێكی نزیك لە دانیشتنەكەیان ئەوەی دووپاتكردەوە یەكێك لە پێشنیارەكان ماوەی كشانەوەكەی بە 120 رۆژ داناوە. 

ئەمە جگە لەوەی واشنتۆن دەیەوێت چارەسەری كێشەی ئەو چەكانە بكات، كە بە یەكینەكانی پاراستنی گەلی بەخشیوەو پەیمان دراوە پاش كۆتایی هاتنی هێرشی سەر داعش بگەڕێنرێنەوە.

توركیا دەلێت پێویستە سەرجەم چەكەكان كۆبكرێنەوە بۆ ئەوەی دژی هێزەكانیان بەكارنەهێرێن، بەڵام بەرپرسە ئەمەریكییەكان دەڵێن: ناتوانن هاوپەیمانەكانیان چەك بكەن لەبەرئەوەی تا ئێستا شەڕ كۆتایی نەهاتووە. 

لەهەفتەی رابردووشدا ئەردۆغان رایگەیاند، وڵاتەكەی پرۆسە سەربازییەكان بۆ سەر یەكینەكانی پاراستنی گەل لەژێر رۆشنایی بریارەكەی ترەمپدا دوا دەخات، هاوكات جاجایتای دەڵێت: ئەنقەرەو بەرهەڵستكارە سوریە چەكدارەكان بەتەنیا ناتوانن زاڵ بن بەسەر سەرجەم ئەو ناوچانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چۆڵی دەكات، كە كاری یەكەمینی توركیا دەبیت پاراستنی سنوری باشوری بێت. 

بەرپرسێكی ئەمنی توركی-یش بەهەمان شێوە ئاماژەی بەوە كرد، دورخستنەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەسەر سنورو لەناو بردنیان گرنگیەكی زۆری هەیەو جەختی لەوەش كردووەتەوە پێویستە هەماهەنگی گەورە هەبێت دەربارەی كێ بۆشایی ناوچەكانی تر پر دەكاتەوە لەكاتی جێهێشتنی هێزە ئەمەریكییەكان و هۆشداری ئەوەی داوە لەئەگەری دەركەوتنەوەی كێشەدا لە داهاتوو ئەگەر رێكەوتن ئەنجام نەدرێت.