هەولێر داوای 951 ملیار دینار لەبەغدا دەكات
حكومەتی عێراق ئامادەیە پارەی سێ‌ مانگی فەوتاوی هەرێم خەرجبكات

عیراق

30/12/2018‌ 4692 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی عێراق ئامادەیە پارەی سێ‌ مانگی فەوتاوی هەرێمی كوردستان خەرجبكات، كە بۆ هەر مانگێك 317 ملیار دینارەو كۆی گشتی 951 ملیار دینارە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی رابردوو لەرێگەی وەزارەتی دارایی نووسراوێكی ئاراستەی حكومەتی عێراق كرد، بۆ ئەوەی پشكی مانگانەكەی، كە بڕەكەی 317 ملیار دینارە بۆ مانگەكانی یەك‌و دوو، سێی ساڵی 2018 رەوانەی هەولێر بكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەوەزارەتی دارایی هەرێم دراوە بەشارپرێس، حكومەتی عێراقی رەزامەندی نیشانداوە بۆ خەرجكردنی ئەو پڕە پارەیەی هەرێمی كوردستان داوای كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی عێراق بەوە رەزامەندی داوە، كە لەساڵی نوێ‌‌و بەمیكانیزمێكی تایبەت پارەی ئەو سێ‌ مانگە بۆ هەرێمی كوردستان خەرج دەكات، كە ئەو بەڵێنە بەشێوەی زارەكی دراوەو تائێستا چوارچێوەیەكی فەرمی وەرنەگرتووە.

حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان سەرەتای ساڵی 2018 لەسەر ئەوە رێككەوتن، كە بەغدا وەك بەشە بودجەی مانگانە بڕی 317 ملیار دینار بۆ هەولێر بنێرێت، بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی پێدابین بكات، ئەوەش لەگەڵ ئەو داهاتەی لەفرۆشتنی نەوت دەستی دەكەوێت، بەڵام ئەو بڕە پارەیە لەمانگی چوارەوە دەست بەناردنی كراو سێ‌ مانگی سەرەتای ئەو ساڵە تائێستا نەنێراوە.

هـ ـ ح