بازرگانی ئەمریكاو چین بەرەو پەرەسەندن هەنگاو دەنێت

جیهان

30/12/2018‌ 417 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا لەگفتگۆیەكی لەگەڵ هاوتای چینییەكەی باسی چارەسەری كێشە بازرگانییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی كردووە.

دۆناڵد ترامپ لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوە، كە لەگەڵ شی جینگ پینگ، سەرۆكی چین گفتگۆیەكی "دوور و دریژو زۆرباشی" ئەنجامداوە و رایگەیاندووە لە دۆخی نزیكبوونەوەن لەڕێكەوتنێكی نوێی بازرگانی.

سەرۆكی ئەمریكا بڵاویشیكردەوە، كە ئەگەر گفتوگۆكان‌و رێككەوتنەكە بەئەنجام بگات، گشتگیر دەبێت و هەموو بابەتەكان، بەشەكان‌و خاڵە ناكۆكەكان چارەسەر دەكات و دەگرێتەوە.

هاوكات وتەبێژێكیش بەناوی حكومەتی چین، بەدەركردنی بەیاننامەیەك هەواڵی گفتوگۆی دوو سەرۆكی پشتڕاستكردووەتەو رایگەیاند، ئەوان خوازیاری پێشكەتنی جێگیرین لەپەیوەندییەكانی هەر دوو وڵاتدا.

سەرۆكی چین و ئەمریكا لەسەرەتای مانگی دیسەمبەر ڕێككەوتن، كە ڕەوتی باجی زیادەی بازرگانی بوەستێنن‌و لەڕێگای گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن ڕێگایەك بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بدۆزنەوە.

حكومەتی ئەمریكا لەهاوینی ئەمساڵدا، لەسەر كاڵا چینییەكان بڕی 200 ملیارد دۆلار باجی تازەی جێبەجێكردو وڵاتی چینیش لەبەرانبەردا نزیكەی 10 ملیارد دۆلار لەكاڵا ئەمریكییەكانی لەئامانجی باجگرتنەكانیدا دانا.

چاودێران دەڵێن: شەڕی بازرگانی ئەم دوو وڵاتە زەبەلاحەی دونیای بازرگانی ، یەكێك لە هۆكارەكانی ناجێگیری لە بازاڕی بۆرسەی ئەمریكاو جیهاندا دروستكردووە، لە نزیكبوونەوەی جەژنی كریسمەسدا دووچاری دابەزینێكی بەرچاو هات، لەكاتێكدا لەدەیەكانی ڕابردوودا دۆخی وا نەهاتووەتە پێشەوە.

سەرۆكی ئەمریكاو چین پێشتر پەراوێزی دیداری سەرۆكانی وڵاتانی جی 20 دیدارێكیان پێكەوە ئەنجامداو ترامپ لەودیدارەدا وتی: هەردوولا بەشێوەیەكی بنەڕەتی ڕێكەوتووین ئەمریكا باجی هاوردەكردنی لەچینەوە لە 10%ەوە بۆ 25% زیاتر نەكات و لەبەرانبەریشدا چین بڕێكی زۆر بەرهەمی كشتوكاڵی لەویلایەتە یەكگرتووەكان بكڕێت.