رێككەوتنەكەی ترامپ‌و ئەردۆغان لەسەر رژانی خوێنی كوردە

کوردستان

31/12/2018‌ 2325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
ستڤن كۆك نووسەری ئەمەریكی - وتارێكی شیكاری بڵاوكردووەتەوە، كە  تێیدا "درۆ"یەكی رژێمی توركیا بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشكراكردووە، ئەوەش دەربارەی دژایەتیكردنی رێكخراوی داعش.

نووسەرەكە، كە توێژەرە لەلێكۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقیا لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەكان – بەشێكی بیركردنەوەی ئەمەریكی سەربەخۆیە- دەڵێت: توركیا لە ماوەی چەند مانگێكدا لەدوژمنی ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە بووە هاوبەش، بەشێوەیەك ئەردۆغان ترامپی بە هێرشبەری (جەنگی ئابووری) دژی وڵاتەكەی ناو دەبرد، بەڵام دواتر بە داوەتنامەیەكی فەرمی بڕیارە سەرۆكی ئەمریكا سەردانی توركیا بكات، ئەمە جگە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی نێوانیان لەماوەی 10 رۆژدا دوو جار قسەیان كردووە.

نووسەر وتارەكەی لە گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی" بڵاوكردووەتەوەو باسی توانەوەی بەستەڵەكی  لەناكاوی نێوان دوو وڵاتی كردووە، پاش بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەسوریا و سپاردنی شەڕی داعش بە ئەردۆغان لەلایەن ترامپەوە، كە لە پێشدا هەموو بەربەستێگی دروست دەكرد بۆ ئەوەی شەڕی داعش نەكرێت لەسوریا

نووسەر ئەوەش دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان و توركیا لە رووكەشدا بە راستكردنەوەی جیاوازییەكانیان هەڵساون، بەڵام بەرژەوەندییەكانیان لە سوریا زۆر جیاوازن لەیەكتری.

ستڤن كۆك دەپرسێت، دەكرێت ئەردۆغان وەفای هەبێت بە پابەندبوونی رووكەشی بەو بەڵێنەی بەترامپی داوە؟ خۆشی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت  روون نییە ئەم كارە ئەنجامدەدات، نەك لەبەرئەوەی توركیا توانای ئەوەی نییە، بەڵام ئاماژە بۆ هۆكاری راستەقینە ناكات.

بەگوێرەی نووسینی نوسەرەكە، هیچ كەسێك دڵنیا نییە لە هۆكارەكانی بڕیارە لەناكاوەی ترامپ، بەڵام وای دەبینێت هۆكارەكە تێكەڵەیەك بێت لەنیازی سەرۆكایەتی و گومانەكانی، كە پێشتر دەریبڕی بوو دەربارەی سەربازە ئەمەریكییەكان لە دەرەوەی وڵات.

ستڤن كۆك بەردەوام دەبێت و پێیوایە بێجگە لەمە، كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە سوریا دەبێتە مایەی كۆتایی هاتنی پەیوەندی نێوان ئەمەریكا و هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە پێكهاتە سەرەكییەی خۆی لەیەكینەكانی پاراستنی گەلدا دەبینێتەوە.

هەروەها دەڵێت: جوڵەو كردارەكانی سەرۆكی ئەمەریكا سەبارەت بە سوریا و توركیا لەلایەك و رێگایەكی سەیرو سەمەرەش لەسیاسەت لەگەل ئێراندا پەیڕەو دەكات، جگە لەوەی لەناو ئیدارەی ترەمپدا كەسانێك هەن بڕوایان وایە وازهێنان لە یەكینەكانی پاراستنی گەل و رەزامەندی دەربرین بەفرۆشتنی رۆكێتی پاتریوت بە توركیا، جارێكی تر پەیوەندییەكانیان ئاسایی دەكاتەوە.

نووسەر وایدەبینێت ئەم نوێكردنەوەیە لە پەیوەندی نێوان ئەمەریكاو توركیا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەردۆغان نیازی دەورەدانی ئێرانی هەبێت، بەشێوەیەك یەكێك لە پاساوەكانی هەبوونی هێزە ئەمەریكییەكان لە سوریا بۆ رێگەگرتن بوو لەهەژموونی تاران بەتایبەتی لەكاتێكدا توركەكان هاوبەشی راستەقینەی ئەمەریكا نەبوون لەم هەوڵەدا، بەڵكو توركیا هاوكاری كۆماری ئیسلامی كرد لەبەشێكی زۆری سزاكان لەسەردەمی باراك ئۆبامادا.

ستڤن كۆك پێشیوایە، بەرپرسە توركەكان ئێران بەمەترسی نازانن، بەڵكو وەك هەلێكی ئابووری و بەدەستهێنانی هەژموونی دیبلۆماسی بەكاریدەهێنن لەهەڵس‌و كەوتكردندا لەگەڵ ئەمەریكا، كاتێك پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرەو تاران لەسەردەمی ئۆبامادا ئالۆز بوو، دەبینرا ئەردۆغان و گەورە بەرپرسانی لەتاران دەردەكەوتن و ستایشی سەركردایەتی ئێرانیان دەكردو چالاكییە ئەتۆمییەكانیان بۆ دادەپۆشین.

لای نووسەر شێوەی بەكارهێنانی فشار لەسەر ئەمەریكا لەرێی ئێرانەوە تا ئێستاش بەردەوامە، وەك لەپێش چەند هەفتەیەك بینرا وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاویش ئۆغلۆ دەستی هاوتا ئێرانییەكەی جەواد زەریفی گرتبوو لەئەستەمبوڵ، ئەمەش دەبێتە ناڕوونی دەربارەی ئەو بڕوایەی جێهێشتنی سوریا لەلایەن ئەمەریكاوە دەبێتە هۆی ئەوەی توركیا كودەتا بەسەر ئێراندا بكات.

نوسەر ئەوەش دەڵێت: هاوكاریكردن لەگەڵ توركیا بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش بیرۆكەیەكی خراپ نییە، چونكە ئەنقەرە دووەم سوپای بەهێزی ناتۆیەو سەرجەم جۆرەكانی چەكی پێشكەوتووی هەیە، لەگەڵ ئەوەدا بینرا حكومەتی توركیا لەباشترین دۆخەكانیدا شەڕی داعشی بەگرنگی وەرنەگرتبوو، كاتێك لەسەردەمی ئۆبامادا ئەمەریكا لەهاوینی 2014دا لە هاوپەیمانێك دەگەڕا دژی رێكخراوی داعش، توركیا لەو كاتەدا وتی: باشترین رێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە گۆڕینی رژێمە لە دیمەشق.

هەر بەگوێرەی نووسەر توركیا بەردەوام خەریكی وێرانكردنی ناوچە خۆبەریوەبەرەكانی كوردی بووە لەسوریا، كە لەژێر دەستی یەكینەكانی پاراستنی گەل بووە، كەواتە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لای ئەردۆغان رێگری سەرەكی لەبەردەمدا نامێنێت بۆ تێكشاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل، هۆكارێكیش نییە، كە بڕوا وابێت توركیا گرنگی دەدات بەكۆتایی هاتنی رێكخراوی داعش بەقەد ئەوەی كوردستان بەمەترسی دەزانێت بۆ ئاسایشەكەی، بۆیە توركیا لەپاش كۆتایی هاتنی شەڕەكەی لەگەڵ پارتی كرێكاران گرنگی بە داعش دەدات، چونكە هەروەك بەرپرسە سەربازییەكان وتویانە شەرەكە ئاسان نابێت.

نوسەر رێككەوتنی نێوان ترامپ و ئەردۆغان بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەسوریا بۆ دوو هۆكاری جیاواز لای سەرۆكی ئەمریكاو توركیا دەگێڕێتەوە، ترامپ دەیەوێت هێزەكانی بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی ئەمەش بە بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەزانێت، ئەردۆغانیش پێیوایە بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی لەسوریادایە.

ستڤن كۆك لەكۆتایی وتارەكە باسی لەوەش كردووە، كە لەئەنجامی ئەو رێككەوتنە خوێنێكی زۆری سوری و كورد و تورك دەرژێت، كە جەختی لەوەش كردووەتەوە، دەكرێت ویلایەتە یەگرتووەكان لە سوریا بكشێتەوە، بەڵام پێدانی هەموو شت بەدەست توركیا كارێكی باش نییە.