كێشەكانی بەردەم حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەساڵی 2019

عیراق

01/01/2019‌ 1185 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
لەساڵی رابردوودا عێراق ژمارەیەكی زۆر كێشەی بەخۆیەوە بینی و زۆربەشیان چاوەڕوانی چارەسەركردنن، گرنگترین ئاڵینگارەكانیش، كە تا ئێستا كۆتایی نەهاتووەو لەساڵی نوێ‌ رووبەڕووی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی دەبێتەوە، كێشەی تەواوكردنی پێكهاتەی حكومەتە.

كێشەكان خۆی لە پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكانی وەك ناوخۆو بەرگری‌و داد دەبینێتەوە، ئەمە جگە لە ئاڵینگاری ئابووری گەورە، كە رووبەرووی عێراق دەبێتەوە و خۆپیشاندانە فراوانەكانی ناوەراست و باشووری وڵات و وەڵامدانەوەی داواكارییەكانیان بەچاككردنی بارودۆخیان و رەخساندنی هەلی كار، كێشەكانی تری بەردەم حكومەتن.

كێشە سیاسییە بەردەوامەكان
كوتلە سیاسییەكان لە پەرلەمان سەركەوتوو نەبوون لەدیاریكردنی ئەو كەسایەتییانەی بۆ پۆستە وەزارییەكانی بەرگری و ناوخۆو داد پێشكەش كرابوون، پاشان دۆسییەی ئەو وەزارەتانە خرایە دانیشتنەكانی داهاتوو لە 8ی كانونی دووەم، ئەوەش بەهۆی ململانێ‌ سیاسییەكان.

ناكۆكییە سیاسییەكان لە عێراق و ئەو خزم خزمێنەو بەش بەشێنەی ماوەی ساڵانی رابردوو، لەگەڵ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی مانگی ئایاردا گۆرا بۆ ناكۆكی لەناو تائیفەكان خۆیاندا، ئەم بابەتەش لەدیمەنی سیاسی عێراقدا ئالۆزبوونی زیاتری بە خۆیەوە بینی.

شیكاركاری سیاسی عێراق ریاز زبیدی لە قسەكرنیدا بۆ راگەیاندنەكان بڕوای وایە، ساڵی 2019 لە ساڵی پێشوو باشتر نابێت، ئاماژەی بەوەش كرد ئەگەر ریككەوتنیش لەبارەی تەواوكردنی كابینەی حكومەتەوە بكرێت، مانای كرانەوەیە نییە لە عێراق. 

زبیدی وای دەبینێت زۆربەی دۆسییەكان دوورن لە تەواوكردنی كابینەی حكومەت، گرنگترینیان دۆسییەی هێزە ئەمەریكییەكانە لە عێراق و هەندێك لە كرتلە سیاسییەكانیش هەوڵی ئەوە دەدەن یاسا بۆ وەدەرنانیان دەربكەن، ئەمەش دەبێتە مایەی روگیری بۆ عادل عەبدولمەهدی ‌و خۆی لەو كارە بەدوور دەگرێت و ناچیتە هیچ بەرەیەك لەوانەوە.

ئەو كێشە بەتەنیا نییە، ژمارەیەك دۆسییەی تر هەن كیشەكانیان لەعێراق ئاڵۆزكردووە، لەهەر دەورەیەكی پەرلەمانیدا هەڵوێستە سیاسییەكان لە هەڵوێستی حیزبەكان دەگۆرێت لەپاش تەواوكردنی كابینەی حكومەت، بۆ نموونە هەردوو كوتلەی – ئیصلاح و بنا- چەند ئەندامێكیان لە حیزبەكەیان چوونە پاڵ حیزبی ترو بە پێچەوانەشەوە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا دەبێتە كێشەیەكی گەورە، لەلایەكەوە بۆ دەركردنی یاساكان و بەدەستهێنانی رەزامەندی سەرجەم ئەندامانی پەرلەما، كە بۆچوونیان بە پێی بەرژەوەندی حیزبەكانیان دەگۆرێت.

دۆسییەیەكی سیاسی تر لەوەی پێشوو ئاسان تر نییە، بەڵام ئەمجارەیان لەسیاسەتی دەرەوەدایە، لەگەڵ درێژكردنەوەی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و بواردنی عێراق لەو سزایە بۆ ماوەی 90 رۆژ، لێدوانە ئەمەریكییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن عێراق لەداهاتوودا رووبەرووی كێشەیەكی سیاسی نوێ دەبێتەوە، لە نێوان سەركەوتوو بوون لەنێوان پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ تاران و هەژموونی ئێران و چۆك دانان بۆ سزاكانی ئەمەریكا، لەگەڵ هەبوونی بنكەی سەربازی ئەمەریكی لە باكوورو رۆژئاوای وڵاتدا.

هەموو ئەو كێشە سیاسییانە رووبەرووی سەرۆك وەزیران عادل عادل عەبدولمەهدی دەبێتەوە لەچەند مانگی داهاتوودا، سەرەڕای ئەو كێشانەی حكومەتەكانی پێشوو لەپەیوەندییەكانیان جێیان هێشتووە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و كەنداو و ئەو ئەنجامانەی دەكرێت بەدەستبێت لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە.

كێشە ئابوورییەكان
كێشە ئابوورییەكانی عێراق ساڵ لەدوای ساڵ ئالۆزتر دەبێت، بودجەی عێراق 90% پشت بەنەوت دەبەستێت، بۆیە ئابوورییەكەی پەیوەستە بە بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەی نرخی نەوتەوە، سەرەڕای قەرزە دەرەكییەی، كە خۆی لە 140 ملیار دۆلاردا دەبینێتەوە.

دیارترین ئەو ئاڵینگارانەی لە ساڵی 2019 دا رووبەرووی ئابووری عێراق دەبێتەوە، كێشە كۆمەڵایەتییەكان، كە پەیوەندییان بە دۆسییەی ئابوورییەوە هەیە، ساڵی 2018 توندترین شەپۆلی ناڕەزایی میللی لە ناوەڕاست و باشووری وڵاتدا بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی لەپارێزگای بەسرە، داواكاری خۆپیشاندانەكان خۆی لەباشتركردنی ژیانی رۆژانەو ژێرخان و رەخساندنی هەلی كار دەبینییەوە. 

لەو رووەوە، شیكاركاری سیاسی ئەنمار عوبەیدی- پێیوایە ساڵی 2019 عێراق رووبەرووی ئاڵینگاری ئابووری قورس دەبێتەوە، كە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد حكومەتی عێراق ناتوانێت داواكاری خۆپیشاندەران لەشەوو رۆژێكدا جێبەجێبكات، بەلای كەمەوە دوو ساڵی پێویستە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بەژێر خانەوە هەیە، ئەمە ئەگەر بێت و پارەی پێویست لەبەردەستدا بێت.

لەلایەكی ترەوە ئاماژەی بەوە كرد دۆسییەی سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران دەبێتە ئاڵینگارێكی گەورە بۆ حكومەتی عەبدولمەهدی ، بەتایبەتی تا ئێستا دەست نەكراوە بەدۆزینەوەی جێگرەوەكان بۆ هێنانی وزە لەئێرانەوە، ئەوەش دەڵێت: ئەگەر بێت و واشنتۆن عێراق لەو سزایانە جیابكاتەوەو بیبورێت، ئەمەش تا سەر بەردەوام نابێت.

بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەی نرخی نەوت ئاڵینگارێكی ترە لەبەرانبەر حكومەتی عێراقدا، دوای ئەوەی نرخی بەرمیلێك گەیشتە 70 دۆلار لەپێش مانگێك، كەچی ئێستا دابەزیوە بۆ ژێر 55 دۆلار، لەگەڵ ئەوەی بودجەی ساڵی 2019 لەوڵات لەسەر بنەمای نرخی بەرمیلێك بۆ 56 دۆلار خەمڵێنراوە، ئەمەش دەبێتە كێشەیەكی ئابووری تر بۆ عێراق و ناچار دەبێت قەرزی دەرەكی تر بكات، كە دەبێتە مایەی خۆسەپاندنی ئیرادەی وڵاتان و بانكە قەرزدەرەكان لەپلانی ئابووری وڵاتدا، بەتایبەتی مەرجەكانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی.

كێشەكانی ئاسایش
پێش ساڵێك عێراق توانی سەرجەم ئەو خاكانە بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، كە داعش دەستی بەسەردا گرتبوو، بەڵام بەتەواوەتی كێشەی ئەمنی كۆتایی نەهاتووە.

شارەزای بواری ئەمنی هیشام هاشمی لەو بارەوە دەڵێت: هێزە عێراقییەكان لەرووی سەربازییەوە سەركەوتنیان بەسەر داعشدا راگەیاند، بەڵام دوای ئەو شكستەی بەسەریاندا هات لەرووی سەربازییەوە دابەش بوون بۆ چەندین كۆمەڵ، بیابان‌و چیاو بان و دۆڵەكان و ناوچە سەختەكانیان كردووەتە مۆڵگەی خۆیان. 

بەگوێرەی قسەی ناوبراو داعش دووبارە توانیویەتی خۆی پارەدار بكاتەوەو لەپرۆسەی خێرادا هێرش دەكاتە سەر هێزە عێراقییەكان.

دۆسیەی شارە وێرانكراوەكان بەربەستێكی ئابووری و ئەمنی پێك دەهێنێت، لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر رێكخراوی داعشدا، تا ئێستا ئەو شارانە هەر وێرانن و دووبارە بنیادنانەوەی بەخۆیەوە نەبینیوە، خەڵكیش زیاتر لە حكومەت دەرەنجێ، بەتایبەتی پاش ئەوەی پرۆژەی بودجەی گشتی پارەی تەواوی دابین نەكردبوو بۆ دووبارە بنیاد نانەوەی شارێكی وێرانكراو لەنێوان ئەوانەی تووشی وێرانكاری هاتبوون.