لەندەنی بچووك.. چارەنووسی مەنبەج داهاتووی سوریا دیاریدەكات

کوردستان

02/01/2019‌ 3991 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
هەفتەی رابردوو رووداوەكانی شاری مەنبەج پەرەسەندنی تایبەتی بەخۆوە بینی ، دیارترینیان راگەیاندنی چوونە ناوەوەی سوپای سوریا بوو لە لایەن دیمەشقەوە پاش ئەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە داوایان كردبوو بەمەبەستی رێگرتن لەهەر هێرشێكی سوپای توركیا، ئەمەش پاش بڕیاری واشنتۆن بەكشانەوەی هێزەكانی لە باكووری سوریا.

بەگوێرەی زۆربەی سەرچاوەكان چوونە ناوەوەی سوپای سوریا تەنیا ناوچەی – العریمە-ی گرتووەتەوە لە رۆژئاوای شارەكە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە نێودەوڵەتییەكان، ئەوەی لەو شارە روویداو روودەدات، دۆخی ئالۆزی سوریا ئاشكرا دەكات، پاش ئەوەی بووە مەیدانی ململانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

مەنبەج دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای ئیدلب لەباكووری سوریا، بە دووری 30 كلم لەرۆژئاوای رووباری فورات و 80 كلم لە شاری حەلەب، لە سەرژمێری 2014 دا ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارە 100.000 هەزار كەس بووە.

لە یەنایری 2014 رێكخراوی داعش دەستی بەسەر شارەكەدا گرت، لە یۆنیوی 2016 دا هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە زۆربەی پێكهاتەكەی كوردن دەستیان بەهێرش كردن كرد بۆ گەرانەوەی شارەكە لە ژێر سایەی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ژمارەیەك سەركردەی مەیدانی هێزەكانی ئەمەریكا لە سەر زەمین.

لە 12 ئۆگستۆسی هەمان ساڵ هێزە كوردییەكان لە پاش دوو مانگ لەسەڕكردن توانیان دەست بەسەر شارەكەدا بگرن، پاشان توركیا هەوڵیدا هێرش بكاتە سەر مەنبەج بۆ دەركردنی هێزە كوردییەكان، بەڵام واشنتۆن رازی نەبوو بەهێرشكردن بۆ سەر هاوپەیمانە كوردەكانی.

هاوردەكردن‌و ناردنە دەرەوەی داعش
مەنبەج بنكەیەكی گرنگ بوو بۆ پێشوازیكردن و ناردنە دەرەوەی چەكدارەكانی داعش، زۆربەیان لەم شارەوە دەهاتنە ژوورەوە بەهۆی نزیكی سنووری باكوری سوریا لە توركیا، داعش كردی بەناوەندێك بۆ پاڵشتی كردن و جێگای سەقامیگرو ئارام بۆ سەركردەكانی. 

رۆژنامەی – تەلگراف-ی بەریتانی ناوی نابوو لەندەنی بچوك بەهۆی زۆری بەریتانیەكانی ناو داعش لەو شارەدا، كە شوێنی جوگرافی مەنبەج زۆر هەستیارە بەهۆی نزیكی لەسنووری باكوری لەگەل توركیا، وەك كارتیكی دوو لایەنە جێگای سەرەنجی ئەمەریكییەكان بوو، لەوێوە پاڵشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی دەكرد بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش، لەهەمان كاتدا هەر لەوێوە فشاری دەكردە سەر توركیا.

ململانێیەكی ئاڵۆز
لە دوای بریاری سەرۆكی ئەمەریكا بەكشانەوەی هێزەكانی لە سوریا، كوردەكان هەستیان بەمەترسی توركەكان كرد، كە لە هەڕەشەكردن نەدەوەستان بە ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی بۆ سەر مەنبەج‌و رۆژهەڵاتی فورات بۆ دەركردنی جەنگاوەرە كوردەكان.

توركیا وای دادەنێت ئەو جەنگاوەرە كوردانەی ئێستا بەسەر مەنبەجدا زاڵن، بەشێكن لەپارتی كرێكارانی كوردستان و ئەنقەرە بە تیرۆریست پۆلێنی كردون و رێگە نادات دەوڵەتێكی كوردی لەسەر سنوورەكەی دابمەزرێت، بۆ ئەوەی كوردەكانی توركیاش بیر لەوەها پرۆژەیەك نەكەنەوە.

لەهەمان كاتدا مەنبەج بەلای یەكینەكانی پاراستنی گەلەوە شادەماری ئابووری باكووری سوریایە، تێیدا چالاكی بازرگانی تێدا ئەنجام دەدرێت بۆ گواستنەوەی شت و مەك بۆ ناوچەكانی قامیشلی‌و رەقەو حەسەكە و رۆژهەڵاتی دێرزور.

لەرووی سەربازییەوە، مەنبەج بە شارێكی سەربازی دادەنرێت‌و چەندین بنكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدایە، سەرەرای ئەوەی ناوەندی پاڵشتیكردنە لۆجستییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكراتە.

ماوەی چەند رۆژێكە توركیاو هێزە بەرهەڵستكارەكانی سەر بە ئەنقەرە لەریفی باكووری شارەكە كۆ دەبنەوە، لەكاتێكدا كوردو ئەمەریكییەكان لەناو شارەكەن و سەرەرای بونی روسیا و سوریا لەریفی رۆژئاوای شارەكەن، وەك ئەوەی شارەكە جەنگی جیهانی بەخۆوە ببینێت بەهۆی هەبوونی هێزەكانی ئەمەریكی و روسی و توركییەوە، ئەمە سەرەرای هێزە كوردییەكان سەر بە حكومەت و بەرهەڵستكارەكانیشەوە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمەریكا لە 28 ی دیسەمبەر رەتیكردەوە هیچ گۆڕانكاریەك روویدا بێت لە نەخشەی دەست بەسەراگرتنی شاری مەنبەج، ئەمەش پاش چەند كاژێرێك هات لەراگەیاندنی دیمەشق بەچوونە ناوەوەی هێزە چەكدارەكان.

پێش ئەوەش وەزارەتی بەرگری توركیا هۆشداریدا لە هەر كارێكی نارێك و رایگەیاند "هەموو لایەنەكان ئاگاداردەكەینەوە لەسوریا دەربارەی پێویستی دور كەوتنەوە لەهەر هەڵسوكەوت و گوتارێكی نارێك كە ببێتە مایەی ئالۆزكردنی دۆخەكە".

لە كرتاییدا ئەوە دەمێنێتەوە، كێ دەبێتە خاوەنی شارەكە لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەركیا، ئەگەر بیت و هێزە سوریەكان بچنە ناو شارەكە لەدوای داواكردنی كوردەكان، مانای وایە هەمان هەنگاو لەرۆژهەڵاتی فورات دەنرێت و پاشان دیمەشق دەست بەسەر سەرجەم ناوچەكان دەگرێتەوە.

بەڵام ئەگەر بێت و توركیا بەتەنیا پرۆسەی سەربازی ئەنجام بدات لە مەنبەج و دەستی بەسەردا بگرێت هەروەك ئەوەی لە جەرابلس و باب و عەفرین كردی، ئەمەش مانای بەردەوام بونی هەبونی سەربازی توركیایە لە سوریا بەناوی راوەدونانی كوردەكانەوە.