دەستبەرداری دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم نابێت
پێكهێنانی حكومەتی هەرێم مەسعود بارزانی نیگەران كردووە

کوردستان

03/01/2019‌ 9893 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات بەهۆی پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەران بووەو پێیوایە پارتەكەی، كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە بەئاسانی پێكهێنانی حكومەتی بۆ یەكلانابێتەوە.

پارتی لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردوو 45 كورسی بەدەستهێناو بووە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە، كە وەك هێزی یەكەم پێكهێنانی حكومەتی لەئەستۆیە، بەڵام بێ‌ یەكێتی نیشتمانی دووەمی هەڵبژاردن بە 21 كورسی پێكهێنانی حكومەتی بۆ یەكلانابێتەوە، كە ئەوەش سەرچاوەی نیگەرانییەكانی مەسعود بارزانییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات لەكۆتاییەكانی ساڵی 2018 سەعدی ئەحمەد پیرەی ئەندام‌و وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بینیوە، لەبارەی رێگرییەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم پرسیاری كردووەو ئەویش لەوەڵامدا وتوویەتی:وەك یەكێتی پێكهێنانی حكومەت‌و پرسی بەغداو كەركوك‌و سەرۆكایەتی هەرێم هەمووی پێكەوە بەپاكێجێك دەبینین و دەمانەویت لەسەر هەموویان ریككەوتن بكەین.

هەر بەپێی زانیارییەكان، پرسیارەكەی مەسعود بارزانی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە پێی وایە، ئەم قۆناغە بۆ حیزبەكەی هەستیارەو ئەئاسانی تێناپەرێت، چونكە سەرباری ئەوەی هێزی یەكەم‌و بەژمارەی كوسی پەرلەمان زۆر لەپێش لایەنەكانی ترەوەیە بەتایبەت یەكێتی، بەڵام ناتوانن بێ‌ ئەو لایەنە حكومەت پێكبهێنن، بۆیە ئەوە قۆناغێكی سەخت دەبێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە لەو یەكتر بینینەی مەسعود بارزانی‌و سەعدی پیرە، وتەبێژی یەكێتی ئەوەی وتووە: "ئێمە بەهاوبەشی ئەم دۆخەی ئێستامان دروستكردووەو خۆمان بەشەریكی راستەقینەی پارتی دەزانین، كە پێكەوە شەڕی داعشمان كردووەو لە بەرەو رووبوونەوەی لایەنەكانی ئۆپۆزیسۆن-یش پیكَەوە بووین، لەبڕیارەكان  پیكەوە بووین و شەریكی قەیرانی ئابووری بوین و وەك هێزەكانی تر شەریكی نیوە ریگە نەبووین، بۆیە ئیستاش سەرباری ئەوەی ئیوە زۆرتر دەنگتان هێناوە، بەڵام ناكرێت چاوەڕی ئەوە بكەن، ئیدارەی كوردستان بەگوێرەی دەنگەكان بچێت بەریوە.    

بارزانی لەچی نیگەرانە؟  
بەپێچەوانەی سەری ساڵەكانی تر ئەم جارە ماڵباتەكانی دەسەڵات لەسەری ساڵ زۆرینەیان لەكوردستان مانەوەو بنەماڵەی بارزانی لەناوچەی بارزان یادی سەری ساڵیان كردووەتەوە، ئەوەش بەپێی زانیاری سەرچاوەكانی شارپرێس.

هەندێك زانیاری باسی ئەوە دەكەن، ماڵباتی بارزانی لەوێ كۆبوونەوەی خیزانی-یان هەبووە سەبارەت بەدۆخی نوێی هەرێم گفتوگۆیان كردووە، بەتایبەتی بڕیارە پۆستی سەرۆكی هەرێم رادەستی نێچیرڤان بارزانی بكرێت‌و مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكی حكومەت‌و كوڕێكی تری بارزانی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی لابێت. 

ئەمە لەگەڵ دانانی بارەگایەكی تایبەت بۆ مەسعود بارزانی، كە لەدوو رووە ئەوە دەردەخەن بارزانی ئامادەنییە هەموو دەسەڵاتەكانی خۆی رادەستی نیچیرڤان بارزانی بكات، بەتایبەتی بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم كراوە بەبارەگای تایبەتی بارزانی‌و كەوتوونەتە پەیوەندیكردن بەناوی (سەرۆك بارزانییەوە) بەمەبەسەتی دابینیكردنی بارەگایەكی تر بۆ سەرۆكایەتی هەرێم وابڕیارە لەناو هەولێر بینایەك ئامادە بكرێت بۆ ئەو مەبەستە. 

دەستپێكردنی یارییەكی هەڵە لەلایەن پارتی-یەوە
بەقسەی هەندێك لە شارەزایانی ناو پارتی، هەڵەیان كردووە لەكاندیدكردنی فوئاد حسێن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق‌و دواتریش بۆ پۆستیكی سیادی لەبەغدا، كە پێشتر سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم بوو ئێستاش پۆستی وەزارەتی دارایی لایە.

جگە لەوەش لەناو پارتی باسی ئەوە كراوە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هەرێم لەبەرانبەر یەكتردا بوون، بەڵام پارتی جگە لەوەی كاندیدیشی بۆ ئەو پۆستە هەبووەو شكستیهێناوە لەوەرگرتنی ئێستا داوای پشتیوانی یەكێتی دەكات بۆ چالاككردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و دەیەوێت یەكێتی-یش پشتیوانی بكات، ئەوان لایان وایە پارتی لەسەرتاوە یارییەكەی بەهەڵەكردو ئێستا نازانن چۆن چارەسەری بكەن.

بەوتەی ئەوانەی، كە پێشتر لەنێو گفتوگۆكانی نێوان یەكێت‌و پارتی لەبەغدا ئامادەبوون، ئەوكاتەی فوئاد حسین یەكێتی بووە بارزانی رازینەبووە پۆستی جێگری وەزارەتی پەروەردەی پێبدرێت، بۆیە ئیستا ئەوانە سەیریان لێدێت، كە بارزانی فوئاد حسێنی بۆ بەرزترین پۆستی پارتی لەبەغدا كاندكردووە.

یەكێتی ئێستا بەهۆی ئەوەی پارتی كاندیدی هەبووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، بیانووی ئەوە لەو حیزبە دەگرێت، كە مادەم ململانێكە لەناو پەرلەمان یەكلابووەتەوە، بۆیە چیتر پۆستی سەرۆك كۆمار بەرانبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم نابینین‌و لەبەرانبەر یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستە بۆ كاندیدی پارتی، داوای یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كاندیدی حیزبەكەیان دەكەن.

"زەواجی كاسۆلۆكی"
هەندێك لەشارەزایان لایان وایە پارتی و یەكێتی پێكەوە ئەم دۆخەیان باش‌و خراپەوە دروست كردووەو ئەوان بەرپرسیارن لەهەر گۆڕانكارییەك، وەك دەوترێت ئەوان "زەواجی كاسۆلۆكی"یان كردووەو ناتوانن پێكەوە نەبن، خۆ ئەگەر هەركاتێكیش ویستیان دەستیان لەیەكرتی ببێتەوە ئەوا شتیك نامینیتەوە ناوی هەرێمی كوردستان ، چونكە دابەشكاری هەرێمایەتی و ناوچەكە زیاتر ئەوەی بەسەردا سەپاندون، كە هەردووكیان سەرباری بارودۆخی باش و خراپی حیزبی-یان، بەڵام هەر پێكەوە ئەم هەرێمە بەرێوەبەرن، بەتایبەت هەردوولایان ناوچە نفوزی تایبەت بەخۆیان هەیەو هێزی چەكدارو ئیدارەی تایبەت بەخۆیان هەیە.

ئەمە وایكردووە، كە پارتی لەم قۆناغەدا نابێت بیر لەوە بكاتەوە، بەبێ‌ یەكێتی هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدات لەكاتێكدا، دەتوانێت بەرێككەوتن لەگەڵ لایەنێكی وەك بزووتنەوەی گۆڕان، كە هێزی سێیەمەو 12 كورسی هەیە، دەتوانێت پرسی پێكهێنانی حكومەت یەكلابكاتەوە.