چی لەعێراق روودەدات؟ زانیاری نهێنی دوای سەردانەكەی ترامپ

عیراق

05/01/2019‌ 16842 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان سەریان سوڕما لەو شێوە سەردانیكردنەی سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترامپ بۆ عێراق لە شەوی سەری ساڵی 2018دا، تا ئێستاش بەلای زۆر كەسەوە سەردانیكردنەكە ناڕوونی تێدایەو نهێنێ و پەیامی زۆری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.

ئەم نوسینە كورتە چەند شیكاركردن‌و پێشبینیەك  لەخۆ دەگرێت سەبارەت بەوەی چی لەعێراقدا روو دەدات لە داهاتوودا.
 
دیارە پێش ئەوە كاتە ترەمپ نیازی هەبوە سەردانی عێراق بكات، بەڵام داوای كردبوو كاتەكەی‌ ئاشكرا نەكرێت، بەهۆی ئەوەی زانیاری لەسەر سەردانیكردنەكە دزەی كرد، ترامپ بریاریدا هەڵی بوەشێنیتەوەو چۆن خۆی دەیەوێت ئاوا ئەنجامی بدات، لەبەرئەوەی حكومەتی عێراق نهێنی ناپارێزێت، ئەمەش خرایە قاڵبی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكاوە.

دیارترین پەیامەكانی سەردانەكە
-سەرۆكی ئەمەریكا مافی ئەوەی هەیە بچێتە هەر خاكێك كە سەربازەكانی وڵاتەكەی لێیە بەبێ ئەوەی مۆڵەت لەكەس وەربگرێت و چاوی بەسەركردەكانی ئەو وڵاتە بكەوێت.

-سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاریدا چاوی بە سەركردەكانی عێراق نەكەوێت بۆ ئەوەی شەرعیەتی ئەمەریكییان پێ نەبەخشێ، چونكە ئەوان بەرهەمی سیاسەتەكانی پێشوی ئەمەریكان و لە هەلمەتی هەڵبژاردندا رەخنەی لێگرتون، ئەم خاڵەش زۆر گرنگەو پەیوەندی هەیە بە پێشبینیەكانەوە كە پاشتر باسی دەكەین.

-سەرۆكی ئەمەریكا دەیزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران عادل عبد المهدی نایەت بۆ بنكەی –عین ئەسەد- و ویستی دوو پەیامەكەی پێشوو بگەیەنێت و بەتەنیا لەگەڵ سەربازەكانیدا كۆببێتەوە بۆ پێدانی فەرمانی نهێنی و ئەمەش پەیوەندی بە پێشبینیەكانەوە هەیە.

پێشبینیەكان
ئەوەی سەرۆكی ئەمەریكا پێشكەشی كرد، روون دەبێتەوە كە ترامپ بریاری كۆتایی داوە بە دووبارە رێكخستنەوەی كارتەكانی عێراق بەگوێرەی ئەوەی سیاسەتی نوێی ئەمەریكا چی دەوێ نەك بەرەنجامی سیاسەتەكانی پێش خۆی، لەبەرئەوە ئێمە لە بەرانبەر سیاسەتی دەرەوەی نوێی ئەمەریكاداین بەسەركردایەتی ترامپ. 

جێگای وەبیرهێنانەوەشە سەرۆكی ئەمەریكا پەیڕەوی سیاسەتی پێشبینی نەكراو دەكات – لە جێبەجێكردنی سیاسەتی دەرەوەیدا بەمەش دەكەوینە بەردەم ئەم پێشبینیانە: 

-پێویستە ئەوە روونبكریتەوە كردنەوەی ناوچەی سەوز لەو كاتەدا لە خۆوە نەبو بەڵكو لەلایەن ترامپەوە شەن و كەو كرابوو، هەروەها بە گوێرەی زانیاریەكان ئەمەریكا فەرمانی بەكردنەوەی ناوچەكەداوە نەوەك بڕیارێكی عێراقی بێت، واتە بڕیارەكە ئەمەریكیەو مەبەستی خۆشی هەیە.

-ترامپ چوار ڕاستی لە عێراق دەزانێت، یەكەمیان : زۆربەی گەلی عێراق لە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان توڕەن بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاری و ژیانێكی گونجاو. دووەم: زۆربەی گەلی عێراق لە حیزبەكان توڕەن بەهۆی دیاردەی بەش بەشێنەو خزم خزمێنە. سێیەم: زۆربەی گەلانی عێراق لە گەندەلەكان توڕەن و چاوەڕوانی چركە ساتێك دەكەن رایانماڵن. چوارەم: بوونی رۆحی تۆڵە كردنەوە لەنێوان حیزبەكاندا و هەر حیزبێك چاوەڕوانی ئەوە دەكات بەسەر ئەوی تردا زاڵ بێت.

-كردنەوەی ناوچەی سەوز لەبەرانبەر گەلدا مانای هەڵكردنی چرای سەوزە بۆ ئەم گەلە توڕەیە بۆ ئەوەی هەر كاتێك ترەمپ بیەوێ  نائارامی رو بدات ، ئەمەش لە پێناو جێبەجێكردنی دووبارە رێكخستنەوەی كارتەكانی عێراقە لەناو سیاسەتی نوێی دەرەوەدا، ترەمپ بڕیاریداوە دوو بارە كارتەكانی عێراق رێك بخاتەوە و لەماوەیەكی كورتدا دەست پیدەكات و لێدوانەكانی تایبەت بەم وڵاتە دەخاتە گەڕ وەك سەرەتایەك بۆ ئەم بڕیارە.

-چاوپێنەكەوتنی ترامپ بە سەركردە عێراقییەكان، پەیامێكی روون و ئاشكرا و یەكلاكەرەوە بو بەوەی بەردەوام نابن و كۆتاییان پێهاتووە.

-ترامپ لە چاوپیكەوتنیدا بە هێزەكان، فەرمانی نهێنی و راستەخۆی پێكردون: لە حاڵەتی چونە ناوەوەی خەڵك بۆ ناوچەی سەوز كاری ئێوە بریتی دەبێت لە دەست بەسەراگرتنی شوێنەكە لە ماوەی 48 كاژێردا و ئەو دوو رۆژە جێی بهێلن بۆ تاڵانكردن، تا جیهان بزانێت گەلی عێراق چەندێ لە دەسەڵاتەكەی توڕەیە و لایەنگیری هیزە ئەمەریكیەكانن لەناوچەی سەوز، پاشان دووبارە ناوچەكە دابخەنەوە.

-ترەمپ لە بنكەی عەین ئەسەد فەرمانی بەهێزەكانی داوە بەهیچ شێوەیەك دەست نەخەنە ئەو روداوانەی لەسەر شەقامەكان روو دەدەن لە نیوان حزبەكاندا، چونكە هەندێكیان دەكوژرێن و ئەوانەی تریش رادەكەن و هەندێكیشیان بە دەستی خەڵك دەكوژرێن و بەشەقامەكاندا رایاندەكێشن، منیش ئەوەم دەوێ رووبدات، چونكە عێراقێكی نوێم دەوێ و لە ئەمەریكا زیاتر دەستی كەسی تری تێدا نەبێت، ناوچەی سەوز بپارێزن لەگەڵ هەبونی هیزێكی ئاسمانی سەربازی ئەمەریكی بۆ ئەوەی كەس لەناوچەی سەوز نزیك نەبێتەوە.

-هەرێمی كوردستان ئەم تێكچونە دەقۆزێتەوەو كەركوك دەگەڕێنێتەوە و سنور لەگەڵ عێراق دادەخات و دەبێتە هەڵێكی زێڕین بۆ ئەوەی لە عێراق جیا بێتەوە هەتا ئەگەر لە روی سیاسیەوەش بێت وەك قۆناغی یەكەم پاشان دەبێتە ناوچەیەكی دابڕاو ئارام بەلای هێزە ئەمەریكیەكانەوە و خاكەكەیان دەكات بە بنكەیەكی بنەڕەتی بۆ ئەوەی ئاسایشی سەرجەم عێراق بپارێزێ.

-پاش ئەوەی عێراق دەچێتە شەڕی چەكداریەوەو دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەردا نامێنێ و دیمەنی تالانكردن دەگەڕێتەوە و هێرش بۆ سەر بارەگاكان دەست پێدەكات، ئەوجا رۆڵی حاكمی ئەمەریكی دێتەوەو داوا دەكات چەكەكان فڕێ بدەن و بە زەبری هێز ئاسایش دەگەڕێنێتەوە.

-ئەمەریكا دژایەتی هەر حزبێك دەكات چەكی بەدەستەوە بێت و هەڵدەستێت بە دووبارە هەڵوەشانەوەی عیراق بە شێوەیەكی تەواوەتی و ئەمەش یەكەمجار نییە كە عێراق توشی ئەو وێرانكاریە ببێتەوە، پاشان گروپی چەكدار دروست دەبن بۆ روبەروبونەوەی ئەمەریكا لەسەر خاكی عێراق و یەكەم روبەروبونەوەی ئەمەریكا دەبێت لەگەڵ ئێران پاش ئەوەی كاریگەری ئێرانی بۆ دەركەوتوە لەسەر عێراق بە تەواوەتی.. ترەمپ بریاری كۆتایی داوە دەبێ عێراق بە تەواوەتی خاڵی بێت لە كارگەریی ئێرانی بۆ ئەوەی ببێتە دەستپێكی خاڵێكی راست – بەبۆچونی ئەو- لە روبەروبونەوەی ئاڵینگارەكانی ناوچەكە، سەرەتا لە حزب الله و پاشان ئێران و دواتر گۆڕینی رژێم لە سوریا.

-لە پێناو زاڵ بونی تەواوەتیدا بەسەر عێراق و فەوزاكەیدا، ئەمەریكا هەڵدەستێت بە دابەشكردنی لە سەر شێوەی ناوچە وەك سەرەتایەك بۆ دابەشكردنی لە داهاتودا هەتا ئەگەر دابەشبونێكی ئیداریش بێت وەك قۆناغی یەكەم، ئەمەش بە پاساوی سەپاندنی ئاسایش لەناوچەكەدا.

-بابەتێكی گرنگ دەمێنێتەوە بەلای ئەمەریكاوە ئەویش حساب كردنە بۆ كارتی مەرجیەتی ئایینی لە عێراق و رۆلیان لە روداوەكاندا و رەنگە بە فەتوایەك ئەژمارەكان بەسەر ئەمەریكادا پێچەوانە بكەنەوە، بۆیە ئەمەریكا بیر لە دۆخێكی ئالۆزدەكاتەوە بۆ ئەوەی مەرجەعیەتی ئایینی داوای روبەروبونەوە نەكەن، چونكە پێكدادان بە مانای رژانی خوێنی گەل و زیاتر یونی فەوزا دەگەیەنێت، لەبەئەوە ئەمەریكا دەیەوێت دۆخێكی كارەساتبارو روگیر لە عێراقدا بخولقێنێ بە شێوەیەك مەرجەعیەت فەتوای روبەروبونەوە نەدات، هەروەك لە ساڵی 2003 دا و لەكاتی روخانی رژێمی سەدام فەتوا دژی هێزەكانیان نەدرا.

-ئەمەریكا سوپای عیراق هەڵدەوەشێنێتەوەو جارێكی تر هێزێكی نوێ لە ژێر سەرپەرشتی خۆیدا دروست دەكاتەوە.

-ئەمەریكا هەلدەستێت بە هەڵوەشانەوەی سەرجەم ئەو حزبە سیاسیانەی لە دوای 2003 ەوە بەشداری پرۆسەی سیاسیان كردوە تاكو ئەمساڵ، پاشان داوا دەكات حزبی تر دروست بكرێت و هەڵدەستێت بە دوورخستنەوەی سەرجەم ئەو دەماو چاوانەی فەرمانڕەوایی عێراقیان كردوە و رۆڵ دەداتە سەركردە گەنجەكان.

-پاشان بە راوێژ لە گەڵ پسپۆرە عێراقیەكاندا دەستورێكی نوێ بۆ عێراق دادەنێت.

-ئەمەریكا داوای هەڵبژاردن دەكات لە ژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان و رۆل بە نەتەوە یەكگرتوەكان دەدات رۆڵی شەرعیەتی خۆی بگێڕێ، بۆ ئەوەی بە ترەمپ نەگوترێ ئەنجومەنی ئاسایشی پەراوێز خستوە، هەر ئەنجومەنی ئاسایشیش ئەمەریكا سەرپشك دەكات لە عێراق بۆ گەڕانەوەی ئەمن و ئاسایش.

ئەم رووداوانە پێویستیان بە ساڵێك تا دوو ساڵ هەیە لەژێر فەرمانڕەوایەتی ترەمپدا بۆ ئەوەی لە كۆتا ساڵی حوكمرانیەكەیدا بە جیهان بلێت: تەماشای عێراق بكەن كاتی خۆی چۆن بو ئێستاش چۆنە؟ ئەمەش سەرەتایەك دەبێت بۆ گرەنتی هەڵبژاردنەوەی لە خولێكی تری سەرۆكایەتیدا.