شارپرێس: جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی هەمیشە لەدەركەوتنەكانی باسی رۆڵی ژنانی لەناو حیزبەكەیو هەرێمی كوردستانو عێراق-یش دەكرد، كە بەو باسكردنانە دەیویست ژنان لەسیاسەتو ئیدارەدانی وڵات بێنە پێشەوە. جەلال تاڵەبانی هەر بەقسە باسی رۆڵی ژنانی نەدەكرد، بەڵكو بەكردەوە گرنگی بەچەند ژنێك دەدا، بۆ ئەوەی لەناو یەكێتی بێنە پێشەوە، بۆ ئەوەش لەكۆنگرەی سێی حیزبەكەی هاوكاری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری كرد، بێتە پێشەوەو دوای دەرچوونی لەكۆنگرە بۆ ئەندامییەتی سەركردایەتی كردی بەئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی. هەر لەدوای كۆنگرە جەلال تاڵەبانی رۆڵی تریشدا بەهێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بەوەی كردی بەلێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانیو لەو رێگەیەشەوە رێگەی زیاتر خۆشبوو بۆ هاوسەرەكەی دەسەڵاتو رۆڵی لەناو یەكێتی زیاد بكات، تەنانەت جەلال تاڵەبانی جارە جارە باسی ئەوەشی دەكرد، رەنگە لەداهاتوو ژنێك ببێتە سكرتێری گشتی حیزبەكەی. جگە لەهاوكارییەكانی تاڵەبانی بۆ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، نەخۆشكەوتنو دواتر كۆچی دوایی-شی هۆكارێكی تر بوون، بۆ ئەوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ماوەی چەند ساڵێك وەك كەسی یەكەمی یەكێتی رۆڵ بگێڕێتو سەرجەم بڕیارەكانی حیزبەكە لەلایەن ئەوەوە دەربچێت. هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەدوای رۆڵگێڕانی بۆ ماوەیەك وەك كەسی یەكەمی یەكێتی، ئێستا بەجۆرێك لەجۆڕەكان وەك جاران دەرناكەوێت، بەتایبەتی لەم دوایانە رۆڵەكانی دابەش بووە بەسەر چەند كەسایەتییەكی ناو بنەماڵەكەی، یەكێك لەو كەسانە شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكییەتی. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ساڵانێكی زۆر لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان بوو، كە لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی رێكخستنەكانی یەكێتی بوو، چەند ساڵێكیشە گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و لەئێستادا وردە وردە دەیەوێت دەربكەوێتو رۆڵی زیاتر لەناو حیزبەكەی بگێڕێت. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەرێگەی ئەو پێگەیەی لەناو خانەوادەی تاڵەبانی هەیەتیو بەهاوكاری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكی، دەیەوێت رۆڵەكانی لەناو یەكێتی زیادبكات، بۆ ئەوەی لەكۆنگرەی داهاتوو وەك كەسایەتییەكی كاریگەر دەربكەوێتو پێگەیەكی بەهێز لەداهاتووی یەكێتی دەست بخات. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەدوای خوشكەكەی زیاتر لەناو ماڵباتەكەی رۆڵی سیاسی خۆی دەگێڕێت، كە زۆركات بەهۆی نەبوونی پێشینەی خەباتی چەكداری لەشاخ رەخنەی لێدەگیرێت، بەڵام لەچەندین بۆنە وەڵامی ئەو رەخنانەی داوەتەوەو لەو بارەوە دەڵێت: لەو ماوەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بووە، لەسەر رۆشنایی رێنماییەكانی ئیبراهیم ئەحمەدو جەلال تاڵەبانی سەرقاڵی كاری حیزابایەتی و بڵاوكردنەوەی پەیامی حزب بووە بەدنیای دەرەوە. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەناو یەكێتی بەوە ناسراوە رەخنەی توند دەگرێتو هەمیشە بەڕاشكاوی لەرێگەی نووسینەكانی هەڵوێستەكانی رادەگەیەنێتو رەخنەی توند لەو سیاسییانەی ناو یەكێتی-یش دەگرێت، هەڵوێستەكانیانی بەدڵ نییە. ئەو زۆر بەكەمی لەمیدیاكامدا دەردەكەوێت، بەڵام وەك كەسە نزیكەكانی باسی دەكەن توانایەكی باشی لەبواری وتارداندا هەیە، ئەمە جگە لەوەی لەبواری ئەدەبیو رەخنەی سیاسی شارەزایی باشی هەیە، كە زۆرجار بەهۆی رەخنەكانی تووشی كاردانەوەی توند دەبێتو چەندین جاریش هەوڵی سڕكردنی دراوە. لەچەند ساڵی رابردوو چەند هەوڵێكی جدی هەبوون بۆ دوورخستنەوەی، بەڵام هیچكام لەهەوڵەكان نەیانتوانی ئەو لەپۆستەكەی دووربخەنەوە، تەنانەت دەستبەرداری ئەو شێوە رەخنەش نەبوو پێی ناسراوە، كە رەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت، كە ئەندامێكی خانەوادەی تاڵەبانییە، دوورخستنەوەی ئاسان نەبێت. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، هەرچەندە ئەندامی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی نییە، بەڵام زۆرجار لەبۆنە حیزبییەكان لەپێشەوەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی دەركەوێتو بەم دوایانەش جوڵەو دەركەوتنەكانی زیاتربوون، بەتایبەتی لەدوای دابەشبوونی رۆڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە. جوڵە سیاسییەكانی ئەم دوایانەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، كە دەیەوێت لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ سەركردەكانی حیزبەكەی هەڵبداتەوە، بەتایبەتی ئەو سەركردانەی لەماوەی رابردوو كێشەی لەگەڵیان هەبووە، كە ئەوەش پەیوەندی بەو هەوڵانەوە هەیە بۆ بەهێزكردنی پێگە سیاسییەكەی لەناو حیزبەكەی دەیدات. كاركردنی ئێستای شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ ئەوەیە، كە یەكێتی بەزوویی كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت، كە ئەوە بەدەرفەتێكی باش دەزانێت، بۆ ئەوەی وەك ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێرێتو دواتر لەو رێگەیەوە خۆی بگەیەنێتە مەكتەبی سیاسی، كە ئەوە دەستپێكێك دەبێت بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی لەناو یەكێتی زیاتر بكات.