پرسی كورد توركیا دەخاتە بەردەم ئاگری هەڕەشەكان

sharpress.net

5167 جار خوێندراوه‌ته‌وه

06/01/2019‌

شارپرێس/ وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
بە درێژایی ساڵی رابردوو توركیا پەیڕەوی سیاسەتێكی ناڕوونی لەسەر ئاستی دەرەوە كردووە، بەو هۆیەشەوە كەوتووەتە ناو گێژاوەوە، كە ئەوە ئەو وڵاتەی گەیاندووەتە ئەوپەڕی كێشەی ناوخۆیی.

توركیا لە هەموو وڵاتێكی تر زیاتر ناكۆكە لەگەڵ خودی خۆیدا، كە ئێستا لەدەوڵەتێكی شێواوی پەشێو دەچێت، هەموو پێوەرەكانیشی ناڕێكخراو و بێسەرەوبەرەن، كە ئەو وێنەو دیمەنە تێروتەواوە بووە هۆی ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەنقەرە تووشی هەڵەو چەوتی ببێت‌و ڕەنگدانەوەی بۆ ئاڵۆزی و پشێوی ناوخۆییەكانیش هەبێت.

سوپای توركیا ئێستا ڕووبەڕووی هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆی جیهادییەكان لەسوریا بووەتەوە، ئەو وڵاتەی هەموو لایەنەكان خۆیان لەبەرەنگاربوونەوە دەپارێزن، كە سیاسەتی "لەخۆگرتن‌و لەئامێزگرتنی جیهادییەكان" درێژەی هەیەو توركیا بەرهەمهێنەرییەتی، ئەمەش لە دوای واژووەكردنی ڕێككەوتننامەی ئیدلب لەشاری سوچی ڕوسی لەدیسەمبەری 2018 .

لەسوچی هەردوولا (مۆسكۆ و ئەنقەرە) لەسەر ناوچەیەكی داماڵدراو لەچەك ڕێككەوتن، كە كاری دوژمنكارانەی تێدا قەدەغە‌بێت‌و ئەویش شاری‌ ئیدلبی سوریایە، كە بە گوێرەی مەرجەكانی ڕێككەوتننامەكە گروپە چەكدارە بەرهەڵستكارەكان لەئیدلب لەناوچەكانی خۆیان دەمێننەوە، ڕوسیا و توركیاش تیمی سەربازی گەڕۆكی هاوبەشیان دەبێت لەناوچەكە بۆ ڕێگرتن لەهەڵگیرسانەوەی شەڕ، كە تا ئێستا ئەمە گرنگترین خاڵە لەپەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان ڕوسیا و توركیادا.

لەلایەكی ترەوە پرسی كوردیش لە ناوچەكە توركیای خستووەتە بەردەم ئاگری هەڕەشەكانەوە،‌ ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی سوریاوە، كە بەرەو گەرموگوڕی دەچن، كە ڕوسیا گڵۆپی‌ سەوزەی بۆ  توركیا هەڵكردووە، ئەمەش‌ بەهۆی سوودوەرگرتن و گەمەكردنی ئەنقەرە لەسەر پەتی ناكۆكییەكانی واشنتۆن و مۆسكۆ.

پێشتریش لە عفرین و لە ساڵی 2018 ئەنقەرە كردەیەكی سەربازی ئەنجامدا، كەچی نەیتوانی پارتی یەكێتی دیموكرات و باڵە سەربازییەكەی، كە یەكینەكانی پاراستنی گەلن لەناوبەرێت، توركیا بە "تیرۆرست"یان دەزانێت.

لە 19 ی دیسەمبەری 2018 كۆشكی سپی ڕایگەیاند، لە دوای سەركەوتن بەسەر داعشدا، واشنتۆن هێزە سەربازییەكانی لەباكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەكشێنێتەوە، كە دوای بڕیارەكە‌ی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بەكشانەوەی هێزە سەربازییەكانی لە سوریا، توركیا بە‌ پاساو و لەژێر دروشمی لەناوبردنی داعش مكوڕە لەسەر ئەنجامدانی كردەی سەربازی تازە لەمەنبەج و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات، كە لەڕاستیشدا نیازی پشت ئەو كردە سەربازییە هێرشكردنە سەر پارتی یەكێتی دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد لەسوریا.

شاراوە و نهێنیش نییە، كە پارتی یەكێتی دیموكراتی و باڵە سەربازییەكەی پەیوەندی پتەویان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە هەیە، كە چەندەها دەیەیە لە دژی توركیا دەجەنگن، ئەوەش‌ ڕوونە ئەو پەیوەندییە ئاسایشی نەتەوەیی توركیا دەخاتە مەترسییەوە. 

لەگەڵ ئەوەشدا، هەرگیز بە فەرامۆشكردنی كێشەی كورد لە توركیا و دەوڵەتانی دەوروبەر ، یاخود بە فەرامۆشكردنی پەیوەندی نێوان پرسی كورد و دواكەوتوویی و پاشكەووتوویی دیموكراسییەت و یاسا و دامەزراوەكانی مافەكانی مرۆڤ لە هەموو ناوچەكە بە گشتی، كێشەی كورد چارەسەر ناكرێت. 

ناكرێت بە گرتنەبەری كردەی سەربازی و پشتگوێخستنی داواكاری مافە بنەڕەتییەكانی پەیوەست بە ناسنامە و ڕۆشنبیری ئەم پرسە چارەسەر بكرێت. بەردەوامیدان بەو كردە سەربازییانە وەك چارەسەرێك تەنیا و تەنیا هەر واتای ئەوە ناگەیەنێت، كە خۆت هەڵدەخەڵەتێنی و بەس، بەڵكو‌ واتای ئەوەشە ناوچكە دەخەیتە بەردەم ‌ داڕمان و هەر‌سهێنانێكی سەهۆڵبەندانی شاراوە.

لە ڕاستیدا "سیاسەتی هاوسەنگی"، كە توركیا لە هەوڵدایە لە نێوان مۆسكۆ و واشنتۆندا پیادە بكات سوودێكی نابێت، مەگەر ئەنقەرە ئامادەی ئەوە بێت داشكاندن بكات و ئەمەش لە سیاسەتی دەرەوەی توركیادا ڕەنگبداتەوە، چونكە هەموو بژاردەیەك تێچوون و نرخی خۆی هەیە.

پرسی قەشە ئەمریكییەكە (ئەندرۆ بڕانسۆن) ‌ نموونەیەكی ڕوون و ئاشكرایە لە وەرچەرخانی توركیا بەرەو سیاسەتی "هەنگاوێك بۆ پێشەوە و دوو هەنگاویش بۆ دواوە" لەو كاتانەی زەبوون و دەستەوەستانە. لە دیدی ڕوسیاوە مۆڵەتپێدانی خۆڕایی  ئەنقەرە بۆ پڕۆژەی لولەبۆری "توركستریم" كە ڕوسیا خەرجی بنیاتنانی دەكێشێت و بارگرانییە داراییەكانی دیكەشی لە ئەستۆی ئەنقەرەیە، بەڵێندانی توركیا بە پابەندبوونی دارایی  پڕۆژەی "ئەكۆكیكۆ"  ی ووزەی ئەتۆمی، هێشتنەوەی جیهادییەكان كە لە ناوچەكانی غوتەی ڕۆژهەڵات و سویەدا و قونەیتڕە و حومسەوە گوازراونەوە بۆ ئیدلب، هەموو ئەمانە هەندێك داشكاندنی ئەنقەرەن  بۆ كرملین.

بڕیاری كشانەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی شەرعیەت بە بەر رژێمەكەی بەشار ئەسەددا دەكات، جا چ ئەوەی‌ واشنتۆن بە تەواوی وڵاتەكە جێبێلیت یان تەنها هێزەكانی كەمبكاتەوه، بەڵام هێشتاش كاریگەر‌ی سیاسی و سەربازی لە ناوچەكە جێدێڵێت. 

لەوانەشە مۆسكۆ لاری نەبێت لە چوونەناوەوەی سوپای توركیا بۆ ڕۆژهەڵاتی فوڕات، ئەگەر ئەنقەرە بەڵین بدات كە ئەو هاتنەناوەوە نەگاتە قوڵای ناوچەكە و لە سەر هێڵی سنوری لەنگەر دەگرێت. بێگومان ڕەنگە ئەوە ڕووبدات، بەڵام بەو مەرجەی ئەگەر كاتی خۆی هات توركیا لە سوریا بكشێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەسڵی پرسەكە ئەوەیە: تا چ ڕادەیەك مۆسكۆ بەرگەی ڕێككەوتنی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە دەگرێت. ئەگەر ئەمریكا شوێنه سەربازییە‌كانی خۆی لە سوریا ڕادەستی سوپای توركیا بكات، ئەو كات لەوانەیە مۆسكۆش هاریكاری پارتی یەكیەتی دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل بێت، ئەمەش وەك ئامرازێك بۆ فشارخستنسە‌ر توركیا. گریمانەی ئەوە هەیە كرملین ناڕەزایی خۆی دەرببڕێت لەوەی واشنتۆن و ئەنقەرە "كێكە سورییەكه"‌ بەیەكەوە بەش بكەن كە مۆسكۆ و ئەنقەر و تاران لە ئەستانە ئامادەیان كردووه. 

ئەگەر ئاراستەی ڕووداوەكانیش پێچەوانە بوونەوە، ئەوا هەڕەشەی جیهادییەكان بۆ سەر ئاسایشی توركیا لە ئیدلب لەوانەیە وەك دۆخی "ئاتای" لێبێت كە ناوچەیەكی باشوری توركیایە و هاوسنوری سوریاشه، ئەمەش بەوەی بە پشتیوانی و فرمانی تاران و مۆسكۆ ڕژێمی سوریا هێرش بكات. بێگومان دەبێت ئەوەشمان بیر نەچێت كە بەشار ئەسەد چاوی تۆڵەكردنەوەی هەیە دژ بە‌ توركیا.

بۆیە پێویستە لەسەر ئەنقەرە لە كردە سەربازییە چاوەڕوانكراوەی منبج و ڕۆژهەلاتی فوڕاتدا، لەگەڵ واشنتۆن ڕێكبكەوێت و هەماهەنگیش لەگەڵ مۆسكۆدا بكات، دەبێت بشتوانی لە ئان و سات و دوای كردە سەربازییەكانیدا سەما لە نێوان واشنتۆن و مۆسكۆدا بكات. بەڵام ئەم پلانە‌ لە مەودایەكی مامناوەنددا، خەریكە وەك مەحاڵی لێدێت،

هەرچی "ڕەزا زیڕاب" یشە كە بازرگانێكی ئێرانی – توركییە و بە هاوكاری ئەنقەرە و بە تۆمەتی خۆدزینەوە لەو سزایانەی ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندوون تۆمەتباركراوە ، دانی بەوەشدا ناوە كە گوناهبارە بە 7 تۆمەت لە ووڵاته یەكگرتووەكانی ئەمریكا. 

وادیارە كە دانپێدانانەكەی زیڕاب بە تاوانەكانی ئەوە دووپات دەكاتەوە كە توركیا بە دەستی ئەنقەست كاری بۆ ئاوەژووكردنەوەی سزا ئەمریكییەكانی سەر ئێران كردووە و یارمەتیدەری بەرنامە ئەتۆمییەكەی تارانیش بووە‌، ئەمەش گرژی و ئاڵۆزی نێوان ئەو دوو هاوپەیمانەی لێكەوتەوە كە ئەندامی ناتۆن، هەروەها مایكل فلین كە ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بووه، دڵەڕاوكێیەكی دیكەی تووشی توركیا كردووە، چونكە بۆ لێكۆڵینەوە دەچێتە بەردەم ‌نوێنەرانی داواكاری گشتی ئەمریكا بەهۆی ئەوەی بە پشتیوانی "ئیكیم ئەلبتكین" پیاوی كاری توركی و گرێدراوی سەرۆكی توركیا ، بۆ بەرژەوەندی توركیا نایاساییانە پیادەی فشاری كردووە. سەرباری ئەمەش لیستی ئەو ئەركانەی كە پێستە توركیا ئەنجامیان بدات بڕیاردانە لە پرسی ئیدلب پێش ئەوەی هەموو دەرگاكانی لێدابخرێن، هەروەها دەبێت دەستەبەری ئەوەش بكات كە ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشت لە پارتی یەكیەتی دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد بكات و سنورێكیش بۆ پەیوەندی ئەو پارتە لەگەڵ‌ ڕوسیادا‌ دابنێت ‌، خۆشی لە هەر هەڵوێستێك بپارێزێت كە بوونی سوپای توركیا لە سووریا جێگەی گومان بێت، ڕێگریش لەهەر گفتوگۆیەك بكات سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی لە نێوان دیمەشق و كوردەكاندا. 

لە كۆتایشدا، پرسیارە هەنوكەیە گرنگەكە ئەوەیە كە لە بری ئەوەی ئەنقەرە ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ سوریا بكات، كەچی بە پاساوی لەناوبردنی پارتی یەكیەتی دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل. سوپاكەی دەنێرێتە هێڵەكانی پێشەوه. 




ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved