موقتەدا سەدر دژی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق دەوەستێتەوە

عیراق

06/01/2019‌ 387 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەمەدڵڵا ركابی وتەبێژی فراكسیۆنی سائروون ناڕازایی فراكسیۆنەكەی لەبارەی دەورییەی سەربازی هێزەكانی ئەمریكا لەبەغدا راگەیاند.

حەمەدڵڵا ركابی، كە فراكسیۆنەكەی موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات، لەمیانی بەیاننامەیەك رایگەیاندووە، ژمارەیەك لەھێزەكانی ئەمریكا لەشەقامی موتەنەبی بەغدا سووڕاونەتەوە، كە ئێمە بەوە ناڕازین ‌و لەدژی دەوەستینەوە.

ئەو وتەبێژی ئەوەشی راگەیاندووە، بوونی ھێزەكانی ئەمریكا لەبەغدا پێشێلی سەروەری عێراقەو هەڵسوكەوتێكی خراپە.

ركابی هەروەها داوای لە حكومەتی عێراق كردووە، كە روونكردنەوەیەك لەو بارەوە بدەن‌و بۆ رای گشتی روونبكەنەوە، كە هۆكاری هێزەكانی ئەمریكا لەناو شاری بەغدا چییە.

رۆژی شەممە دەورییەكی سوپای ئەمریكا لەبەغدا لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ئەنجامدراوە، ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

هـ ـ ح