پێشبینییە چاوەڕوانكراوەكانی سیاسەتی ئەمریكا لەساڵی 2019

جیهان

07/01/2019‌ 3268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر
لەتۆمەتەكانی لیژنەی مۆلەرەوە بۆ ڕاگەیاندنە بەپەلەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بەكشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەسوریا، ساڵی 2018 پڕ بوون لە ڕووداوی لەناكاو لەو وڵاتە.

واش چاوەڕواندەكرێت لەئەمریكا ساڵی 2019 جیاوازتر نەبێت، بەتایبەتیش كە دیموكراتەكانی زاڵن بەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران و كۆنگریسداو بەڵێنیشیان داواوە لێپێچینەوە‌ لەمحەمەد بن سەلمان دێنشینی سعودییە بكەن بە هۆی تێوەگلانییەوە لە دۆسیەی كوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی، لەگەڵ چەند پێشبینییەكی تر لەسیاسەتی ئەمریكا هەر لەم ساڵدا.


دیموكراتەكان بەڕێوەن
كۆمارییەكان لە یەنایەری 2019 كۆنتڕۆڵیان بەسەر كۆنگرسەوە نامێنێت كاتێك كۆمەڵێكی تازەی سیاسییەكان سوێندی دەستووری دەخۆن، زۆریش لەوان سەرسامنین بە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، زۆربوونی ڕێژەی دەنگدەرانی دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنەكانی نیوە نوێكردنەوەی كۆنگرس بووە هۆی لادان‌و دوورخستنەوەی زۆرێك لە ئەندامانی كۆمارییەكان.

لە ئەنجامی ئەمەشەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا گۆرانی بەسەردا دێت، واش چاوەڕوان دەكرێت نانسی بیلوسی پۆستی سەرۆكی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنە تازەكەی نوێنەران بگرێتەدەست، ئەویش بەڵێنی جەنگانی داوە لە دژی تڕەمپ سەبارەت بە كاروباری چاودێری تەندروستی و كۆچ و ئەو ڕێككەوتننە تازەی سەبارەت بە بازرگانی واژۆكراوە.

لەوساوەش پارتی زۆرینە جڵەوی لیژنەكانی گرتۆتەدەست، زۆرێك لە دیموكراتەكان بەڵێنی گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتری پشكنینیان داوە لەو پەیوەندییە گۆماناویانەی دەگوترێت بەرپرسانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی تڕەمپ لەگەڵ حكومەتی ڕوسیادا هەیانبووە، هەروەها پەیوەندییە بازرگانییەكانیش، یەكێك لەو كۆنگرێسمانانە "ئادەم شیف" ە كە چاوەڕوان دەكرێت سەرۆكایەتی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەران بگرێتەدەست.

چاوەڕوانی ئەوەش دەكرێت گردبوونەوەیەكی تازەی بوێرانەی پێشكەوتوو لەناو ڕێزەكانی پارتی دیموكراتەكان ببینین، هەردوو ژنە كۆنگرێسمان "ئەلكساندریا ئۆكاسیۆ كورتیز" و "ڕشیدە تەیب" بەرپرسیاریەتی دوو لیژنەی ئەنجومەنی نوێنەران دەگرنە دەست كە دووەمیان سەركردایەتی لیژنەی گەشتی یاسادانەرانی ئەمریكی دەكات بۆ زەوییە داگیركراوەكانی فەڵەستین.

بەردەوامیدان بە داخستنی حكومەت
دوای ڕەتكردنەوەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ پاشەكشەكردن لە دواكەی بە خەرجكردنی 5 ملیار دۆلار بۆ پارەداركردنی بنیاتنانی دیوارێك لەسەر سنوری باشووری ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە 22 ی دیسەمبەر بەشێكی سەرەكی حكومەتی ئەمریكا كارەكانی پەكیكەوت، دیموكراتەكانیش بە توندی دژ بەو نیازی سەرۆك تڕەمپن.
تڕەمپ هیچ ئاماژەی نیشان نەداوە كە پاشەكشە لەو داواكارییەی دەكات، بۆیە تڕەمپ و شاندێكی كۆنگرێس لە كۆبۆنەوەیەكی داخراودا نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، واش چاوەڕوان دەكرێت لەو بارەوە  كۆشكی سپی ڕۆژی هەینی دەست بە گفتوگۆكانی بكاتەوە، ئەمەش‌ ئاماژەیە كە داخستنی ئەو بەشانەی حكومەتی ئەمریكا درێژ بخایەنێت.

دیموكراتەكان كە تا ئاستێك لەگەڵ پارەداركردنی ئەو داوایەی تڕەمپن بۆ پاراستنی ئاسایشی سنور، بەڵام كۆكنین لەوەی دیوارەكەی سەر سنوری باشوور‌ بنیاتبنێن، بەڵینی دەركردنی یاسایەكیان داوە ئەو داخستنەی بەشەكانی حكومەت كۆتایی پێبێنن هەر كات لە ئەنجومەنی نوێنەراندا باڵادەست بوون، بەڵام هیشتاش پێویستیان بە پشتوانی كۆمارییەكان هەیە كە زاڵن بەسەر ئەنجومەنی پیراندا.

پیشبڕكێی سەرۆكایەتی 2020
پرسیارەكە ئەوە كە ئاخۆ ترامپ خۆیڕادەگرێت لە بەرامبەر هەڵبژارنەكەی ساڵی 2020 ؟ هەر لە سەرەتای سەرۆكایەتییەكەیەوە ئەم پرسیارە لە ئارادابوو، بەڵام ساڵی 2019  و لەگەڵ بوونی پاڵێوراوەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی و لابردنی تڕەمپ، دۆخە گۆرانی بەسەرداهاتووە، واش چاوەڕواندەكرێت دیموكراتەكان بە توندی بچنە كێبڕكێكەوە. بیتو ئۆڕاك كە پێشتر كورسی وویلایەتی تكساسی بۆ ئەنجومەنی پیران لەبەرامبەر پاڵێوراوی كۆمارییە‌كان دۆڕاند، پاڵێوراوێكی بەهێزی كێبڕكێی سەرۆكایەتی ئایندەیە. جۆلیان كاسترۆ و پاڵێوراوی دیكەش ئارەزووی ئەو پۆستە دەكەن.

هەڵمەتەكەی دژ بە سعودیە
لەوەتەی خاشقچی ڕۆژنامەنووسەكەی واشنتۆن پۆست لە 2 ی ئۆكتۆبەری 2018 لە كونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەمبوڵ تیرۆركراوە، سعودیە ڕوبەڕووی ڕەخنە ‌و كاردانەوەی زۆری نێودەوڵەتی بۆتەوە، بەچاوپۆشین لەوەی كە محەمەد بن سەلمان لەو پڕۆسەیەوە گلاوە یان نا، تڕمپ پشتیوانی ئەو خێزانە شاهانەی كردووە‌. 

یاسادانەرە ئەمریكییەكان بە هەردوو باڵەكەی كۆنگرێسەوە بەڵێنی ئەوەیانداوە لە ساڵی 2019 سزای سعودیە بدەن، لە دیسەمبەری 2018 ئەنجومەنی پیران بە كۆی دەنگ بڕیارێكیان پەسەند كرد و تیایدا لۆمە و گازندەیان ئاراستەی  محەمەدی كوڕی سەلمان كرد لە دۆسیەی كۆشتنی خاشقچیدا، بڕیاری ئەوەشیاندا پشتیوانی لەو جەنگە نەكەن كە سعویە دژ بە یەمەن سەركردایەتی دەكات.

دیموكراتەكان كە زاڵن بەسەر ئەنجومەنی نوێنەراندا دوودڵن و تاوتوێی پلانێك دەكەن بۆ سنوردانان بۆ فرۆشتنی چەك بە سعودییەكان، ئادەم شیفی سەرۆكی تازەی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەران كە لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەركەكەی دەگرێتەدەست، بەڵێنی ئەوەیداوە دۆسییەیەك بكاتەوە بۆ مامەڵە داراییەكانی سەرۆك تڕەمپ و خێزانەكەی لەگەڵ سعودیەدا، بۆ دڵنیابوون لەوەی كە ئاخۆ ئەم مامەڵانە هیچ كاریگەرییەكیان هەبووە لەسەر تیرۆركردنی خاشقچی یان نا.

تڕەمپ و كیم دووبارە كۆدەبنەوە
یەكەم چەوپێگەوتنی هەردووسەرۆك ترەمپ و كیم لە مانگە یۆنیۆی 2018  بەڕێوەچوو، لە هیچ سات و كاتێكیشدا سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ هاوتا كۆریە باكورییەكەی لە كۆشكی سپی كۆنەبۆتەوە، بە گوێرەی قسەكانی "جۆن بۆڵتۆن"ی ڕاویژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، سەرۆك تڕەمپ لە سەرەتای ساڵی 2019 دووبارە لەگەڵی هاوتا كۆرییەكەی كۆدەبێتەوە.

هەر لە دانیشتنی یەكەمیشیانەوە تڕەمپ ڕایگەیاند كە بەرنامە ئەتۆمییەكەی كۆریای باكور كۆتایی پێهاتووە، ئەمەش یەكەم ئامانجی دانیشتنی تڕەمپ بوو لەگەڵ كیم، بەڵام دوایین ڕاپۆرتەكان پێچەوانەی ئەمە نیشاندەدەن.

بە گوێرەی سەنتەری لێكۆڵینەوەكانی ستراتیژی و نێودەوڵەتیش، كۆریای باكور 13 بنكەی سەربازی جێگیركردنی ڕۆكیتە بالستییه كەرتەبرەكانی دامەزراندووە كە توانستی هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمیان هەیەو دەشتوانن بگەنە ئەمریكا.

ئایا پۆتین دێتە واشنتۆن
لە مانگی یۆلیۆ كۆشكی سپی ڕایگەیاند كە نانگهێشتێكی كراوەیان ئاراستەی ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیا كردووە بۆ سەردانیكردنی واشنتۆن، دوای ماوەیەكی كەم كۆشكی سپی سەردانەكەی بۆ 2019 دواخست، بەڵام لەگەڵ گرژبوونی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و مۆسكۆ لەم دوادوایانەدا، سەردانەكە گۆمانی ئەوەی لێدەكرێت ئەنجام نەدرێت.

لە كانگی نۆڤەمبەر و لە لوتكەی سەرۆكەكانی بیستینە لە ئەرژەنتین، تڕەمپ لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی لوتكەی ناوبراودا پاشگەزبۆوە لە گرێدانی گفتوگۆی دوولایەنە لەگەڵ پۆتیندا، پێكدادانی ڕوسیای لەگەڵ كەشتییە ئۆكڕانییەكان  لە نزیك نیمچە دوورگەی قەڕمی كردە بیانووی پاساوەكەی.  

تڕەمپ ڕووبەڕوی پرسیاری دیكەش بۆوە سەبارەت بە مامەڵەیەك كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2016  كاری لەسەر كرد بوو كە پەیوەست بوو بە پلانی بونیادنانی قولەی موسكۆ ، ئەمەش‌ لە لێكۆڵینەوەكانی نووسینگەی فیدراڵی "ئێف بی ئای" دەركەوت لە پەیوەندی هەڵمەتی هەڵبژاردنی تڕەمپ بە پۆتینەوە، ئەمەش هۆكارێكی دیكە بوو بۆ خۆبەدوورگرتنی تڕەمپ لە پۆتین.


لە سەرەتای دیسەمبەردا ووتەبێژێك بەناوی كرملینەوە گووتی كە سەردانەكەی پۆتن بۆ واشنتۆن لە ئێستادا جێگەی قسەوباس نییە، ئاماژەی بەوەشدا كە باشترین بژاردە كۆبوونەوەی دوو سەرۆكەكەیە لە پەراوێزی كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتیدا.

"مامەڵەی سەده"  لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لەوساوەی لە مانگی مایۆوە باڵوێزخانەی ئەمریكا لە ئیسڕائیل گوازراوەتەوە بۆ قودس، جیهان چاوەڕێی پلانەكەی تڕەمپن بۆ ئاشتەوایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە جۆرێك لە چارەسەر بۆ  ململانێ لە فەڵەستین لەخۆی دەگرێت، لە هەمان كاتیشدا ئەم مامەڵەیە بە "مامەلەی سەدە" هەژمار دەكرێت بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی فەڵەستین. 

لە سێبتێمبەری 2018 و لەو كاتەی تڕەمپ بە تەنیشت سەرۆك وەزیری ئیسڕائیل "بنیامین نەتەنیاهۆ" وە دانیشتبوو لە نیویۆرك، تڕەمپ گووتی لێكجیاكردنەوەی فەڵەستینی و ئیسڕائیلییەكانی پێباشە و بەمەش فەڵەستین دەبێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی، چەندەها جاریش بەڵێنی ئاشكراكردنی ووردەكاری ئەو پلانەی داوە لە كاتیكی نزیكدا، بەڵام وادیارە بەلایەنی كەمەوە ئەمە تا ساڵی 2019  ڕوونادات.

نیكی هالی باڵوێزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان كە لەم دوایانە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش كرد گووتی ئەو پلانە جیاوازتر دەبێت لە پێشنیارەكانی پێشووی ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ووردەكاری حساببۆكراویش لەخۆدە‌گرێت، دانی دانۆنی باڵوێزی  ئیسڕائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان ووتی كە حكومەتەكەی دواوی كردووە بە زووترین كات پەردە لەسەر ئەو پلانە هەڵماڵدرێت. 

جەنگی داواكاری گشتی
لە دیسەمبەری 2018 تڕەمپ بە فەرمی پاڵێوراوه تازەكەی خۆی ڕایگەیاند كە جێگەی "جیف سیسیز" داواكاری گشتی پێشووی گرتەوە كە لە نۆڤەمبەری 2018 وازی لە پۆستەكەی هێنا، پاڵێوراوەكەش "ولیام بار" بوو كە لە سەردەمی بۆشی باوكدا داوكاری گشتی بوو، تڕەمپ پێی هەڵاگوت و بەوە وسەفی كرد كە "یەكێكە لە ڕیزدارترین دادوەرەكانی ووڵات" ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕێی ئەوە ناكرێت دانیشتنەكانی گوێگرتنی كۆنگرێس لە ولیام بار لە ساڵی 2019 بە ئارامی تێپەڕێت.

تڕەمپ زۆر نیگەران بوو لە دانیشتنەكان ، چونكە كۆمارییەكی وویلایەتی ئەلەباما خۆی لەوە بەدوورگرت سەرپەرشتی وەزارەتی داد بكات بۆ لێكۆڵنەوە لە هەڵمەتە گۆماناویە سەرۆكایەتییەكەی هەلبژاردنی تڕەمپ كە ئاخۆ لەگەڵ ڕوسیا تێوەگلاوە یاخود نا.

تڕەمپ دەیەوێت ئەم لێكۆڵینەوە كۆتایی پێ بێت كە یەخەی زۆرێك لە تیمی هەڵمەتەكەی تڕەمپی گرتووە، ئەمە جگە لەوە "مایكل كۆهین" ی پارێزەرە تایبەتەكەی پێشووشی تێوەگلاوە.

ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەی مۆلەر
لە ساڵی 2019  ووردەكاری زیاتری ئەو لێكۆڵینەوانه ‌ئاشكرادەین كە ترەمپی پێ تۆمەتبار كراوە ، لێكۆڵینەوەكەی مۆلەریش بووە هۆی دەستگیركردنی چەند ڕاوێژكارێكی پێشووی نزیك لە تڕەمپەوە كە مایكل فیلین و پۆل مەنەفۆڕت و مایكل كۆهینی پارێزەری یەكێك لەوان بوون.

تا ئێستا ووردەكارییەكانی تێوەگلانی ئەو تۆمەتبارانە زۆر كەمن، لە ساڵی 2019 هەر یەك لە فیلین و مەنەفۆڕت دێنەوە بەردەم دادگا چاوەرێی بڕیاری ئەو دەزگایە دەكەن لەبارە‌ی تۆمەتەكانیانەوە، هەردووكیان هاریكاری لێكۆڵەرەوەكان بوون، بەڵام ئەوە نازاندرێت كە ئاخۆ تەواو هاوكار بوون یان نا. 

لە دیسەمبەری 2018 كۆهین دانی بە تۆمەتەكاندانا لەوەی پێشێلكاری لە هەڵمەتی هەلبژاردنی سەرۆكایەتی 2016 دا ڕوویداوە و لە مانگی ئازاریشدا حوكمەكەی خۆی بەسەردەبات، بەڵام ئەوەشی گووتووە كە زۆر زیاتری پێیە بە لێكۆڵەرەوه فیدڕاڵییە‌كانی بڵێت لە بارە‌ی هەڵمەتی هەڵبژاردنی تڕەمپەوە.

جەنگی "ئۆباما كەیر"
چاككردنی بواری چاودێری تەندروستی لە ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستكەوتێكی سەرۆك ئۆبامابوو ، تڕمپ بە هەموو هێز و تینی خۆیەوە هاتوو وێرانی كرد، واش چاوەڕوان دەكرێت لە 2019 دەمەتەقێ و مشتومڕ سەبارەت بە كاروباری یاسایی چاكسازی سیستەمی چاودێری كۆمەڵایەتی بێتەئاراوە كە بە "ئۆباما كەیر" ناسراوه.

لەو ماوەیەی دوایدا دادوەرێكی ئیتحادی لە وویلایەتی تێكساس بڕیاری ئەوەی دەركرد كە "ئۆباما كەیر" نادەستورییە، ئەم بڕیارەش لە دوای چەند ساڵێك لە داوا دادوەرییەكان هاتەئاراوە كە كۆنەپارێزە  كۆمارییەكان و هەوادارانیان لە هەوڵی لێكهەڵوەشاندنی "ئۆباما كەیر" دابوون كە ئەمریكییەكانی ناچار بە چاودیری تەندروستی كرد بەوانەشەوە كە پێشتر نەخۆشی درێژخایەنیان هەبوو، ئەگەرنا دەبێت سزای سەرپێچی بدەن. 

كۆمارییەكان لەبەر ئەو هۆكارەی سەروە لەو یاسایە ناڕازین ، لەولاشەوە دیموكراتەكان پێیان وایە ئەو یاسایە چاودێری تەندروستی بۆ بۆ خەڵكانێكی زیاتر مەیسەر دەكات. 

هەندێك ووبلایەتی ئەمریكیش هەن بە نیوجێرسی و كالیفۆڕنیاشەوە ئێستا پلان بۆ ئەوە دادەڕێژن كە تانە لە بڕیارەكەی دادەورەكەی ویلایەتی تێكساس بدەن، هەندێك لە شڕۆڤەكارە یاساییەكانیش پێیان وایە دوورنییە ئەم پرسە بخرێتە بەردەم دادگای باڵای ووڵات.