كشانەوەی ئەمریكا لەسوریا مەرجدارە بەهێرشنەكرد نەسەر كورد لەلایەن توركیاوە

کوردستان

07/01/2019‌ 2249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
پێدەچێت توركیا تووشی شڵەژان بوو بێت، بەهۆی تەمومژاوی هەڵوێستەكانی ئەمریكاوە سەبارەت بەكشانەوەی هێزەكانی لەسوریا. 

دوا هەڵوێستی ئەمریكا جۆن بۆڵتۆن ڕاویژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە بوو، رایگەیاند، پێش كشانەوەیان لە سوریا پێویستە لەسەر ئەنقەرە گەرەنتی هێرشنەكردنە سەر كوردەكان بدات.

كوردەكان هێڵی سوورن
ئەمریكا مەرجی ئەوەی بۆ توركیا داناوە، كە پێش كشانەوەیان لە سوریا دەبێت ئەنقەرە گەرەنتی ئەو بدات هێرش ناكاتە سەر كوردە هاوپەیمانەكانی واشنتۆن، ئەمەش دوای ئەوەی  توركیا ماوەكە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەكات، كە ئەو ناوچانە بەدەست هێزە كوردییەكانەوە.

ڕاگەیاندنی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا لە مانگی پێشوو بە كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا ترسی لای كوردەكان دروستكردووە، كە ئەنقەرە هێرش بكاتەسەر ناوچەكانیان، كە كوردەكان بە هاوپەیمانێكی گرنگی واشنتۆن دادەنرێن لەسوریاو ڕۆڵی باڵایان هەبوو لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا لە تێكشكاندنی داعش لەناوچەیەكی فراوانی سوریا، كە ئێستا ئەو ڕێكخراوە لە چەند شوێنێكی بچووكدا نەبێت بوونیان نەماوە.


جۆن بۆڵتۆن ڕۆژی یەكشەممە دووپاتی ئەوەی كردەوە كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا پەیوەست نییە بەخشتەیەكی كاتی دیاریكراو، پەیوەستیشە بە چەند هۆكارێكەوە، كە گرنگترینیان گەرەنتی پاراستنی كوردەكانە لەهێرشی سوپای توركیا.

بۆڵتۆن راشیگەیاند، لەگفتوگۆكانی لەگەڵ بەرپرسە توركەكان‌و لەوانیش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە، ئەو پرسە تاوتوێ دەكات و پێویستی پاراستن‌و سەلامەتی كوردەكانیشی پێرادەگەیەنێت.

بۆڵتۆن، كە لە دوای گفتوگۆكانی لەگەڵ "بنیامین نەتەنیاهۆ" ی سەرۆك وەزیری ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە دەچێتە توركیا، راشیگەیاند "ئەمریكا گفتوگۆ لەگەڵ توركیا دەكات سەبارەت بە زانینی ئامانج و نیاز و توانستە‌كانی لەسوریا".

ئەوەشی راگەیاند "هەڵوێستی ترامپ ئەوەیە، كە نابێت توركیا هێرش بكاتەسەر كوردەكان، ئەمریكاش لە سوریا ناكشێتەوە تا بە‌ رێككەوتنێك گەرەنتی دەستەبەركردنی ئەو پرسە نەكات".

بڕیارە لەناكاوەكەی ترامپ بەكشانەوە لە سوریا ئەنقەرەی تەواو دڵخۆشكرد، كە هەمیشە واشنتۆنی بەوە تۆمەتبار كردووە، كە سوپایەكی كوردی لەسەر سنورەكانی دادەمەزرێنێت‌و بەرپرسە توركەكانیش ئەم ڕووداوەیان كردە پرسێكی خۆگیڤكردنەوەی میدیایی و بەدەستكەوتێكی دبلۆماسییان بۆ ئەردۆغان لە قەڵەمدا بەوەی لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا واشنتۆن ڕازیكردووە دەستبەردرای  پشتیوانی كوردەكان بێت و توركیاش ئەركی لەناوبردنی داعش بگرێتەئەستۆ.

شڕۆڤەكاران پێیان وایە یەكێك لە هەڵە دووبارەكانی سیاسەتی دەرەوەی توركیا هەڵەشەیی و نەخوێندنەوەی دۆخەكە بە ئارامی و فراوانی، ئەمەش بە‌ پێچەوانەی ڕوسیایە، كە زۆر وریا بوو لە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕاگەیاندنەكەی سەرۆكی ئەمریكادا.

ئەنقەرە دواتر لە ڕێگەی وتەبێژە فەرمییەكەیەوە ڕەخنەی لە لێدوانەكانی بۆڵتۆن گرت‌و  ئیبراهیم كاڵنی وتەێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ووتی: بانگەشەكردن بۆ ئەوەی، كە توركیا كوردەكان بەئامانج دەگرێت نالۆژیكییە.

كاڵن وتیشی: ئەنقەرە تەنیا داعش و یەكینەكانی پاراستنی گەل و پارتی كرێكارانی كوردستان بە ئامانج دەگرێت.

تا ئێستا توركیا دوو هەڵمەتی دژ بە یەكینەكانی پاراستنی گەل ئەنجامداوە لە سوریا، یەكەمیان لە 2016 بوو لەژێر دروشمی قەلغانی فوڕات، كە دەستی بەسەر شارەكانی باب و ئەعزاز و جەڕابلوسدا گرت، دووەمیشیان ساڵی پاربوو ،كە هێرشی كردەسەر عفرین.

دوای داگیركردنی عفرین لە لایەن توركیا لایەنە پاشكۆكانی، كردەیەكی پاكتاوی ڕێكخراوی كوردەكانی ئەو شارەیان دەستپێكرد، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، كە ئەو ئەقڵیەتەی فەرمانڕەوایی ئەنقەرە دەكات ئەوەیە، كوردەكان جێگەی مەترسین و پێویستە ڕیشەكێش بكرێن.

لە سۆنگەی ئەو باوەڕەی توركیا دژ بە كوردەكان، بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بۆ كوردە مەدەنییەكان ‌كارەساتبار بوو، ئەوان لە چارەنووسی نادیاری خۆیان دەترسن ئەگەر سەرۆكی توركیا بڕیارەكەی جێبەجێبكات.

لێدوانەكانی بۆڵتۆن و دڵنەوایەكەی ترامپیش بەوەی ئەو كشانەوەیە خێرا نابێت و پێیدەچێت، ئاهێكی بەبەر كوردەكاندا هێنایەوە، هەرچەندە ئەم ڕووداوە متمانەی كوردەكانی بەئەمریكا لەرزۆك كردووە، بۆیە واچاوەڕوان دەكرێت بەدوای بژاردەی دیكەدا بگەڕێن و هەر بە فعلیش لەڕێگەی پەیوەندیكردن بە ڕوسیا و هێزی عەرەبی دیكەی وەك میسر ئەو كارەیان كرد تاوەكو لەگەڵ دیمەشق بگەنە داڕشتەیەكی قبوڵكراوی هەردوولا.

ئەو بڕیارەی ترامپ هەر كاریگەری بۆسەر كوردەكان نەبوو ، بەڵكو هاوپەیمانانی ئەمریكای لە ئەوروپییەكان و عەرەبەكانیشی گرتەوە، كە بەگوێرەی گۆڕانكارییە تازەكان ‌ئارەزووی دووبارە ڕێكخستنەوەی كاروباری سوریا دەكەن.

چاودێرانیش دەڵێن، كە گەڕی سەردانەكانی بۆڵتۆن و گەڕی ئایندەی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ناوچەكە ئامانجیان كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەو بڕیارەیە كشانەوەی هێزەكانیانە لەسوریا.

واچاوەڕوان دەكرێت مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە 8 بۆ 15 ی یەنایەر گەڕێكی سەردانەكانی بۆ هەریەك لەئوردن و میسر و سعودیە و ئیمارات و سەڵتەنەتی عومان و كوێت و بەحرەین دەست پێبكات ، ئامانجەكەش كۆمەڵێك خاڵن و لەوانەش گەیاندنی ئەو پەیامەیە، كە كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا هەرگیز واتای ئەوە نییە، واشنتۆن دەستبەرداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕۆبێر بلادینی ئەوەی ڕوونكردەوە، كە گەڕی سەردانەكان گەیاندنی پەیامی مانەوەی واشنتۆنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئەوەی دەشوترێت لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا هەڵەن.