ئەمریكا بنكەی سەربازی "كەی وەن" لەكەركوك فراوان دەكات

عیراق

07/01/2019‌ 2764 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمریكا جموجۆڵی هێزەكانی لە عێراق زیاد كردووە و لە دوو رۆژی رابردووش سەربازگەی كەی وەن لەكەركوك بۆ جێگیركردنی هێزەكانیان فراوانتر كردووە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ لەزاری شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویكردووەتەوە، ماوەیەكە ئەمریكا جموجۆڵی هێزەكانی لە سەرتاسەری عێراق زیادكردووە و جگە لەسەربازەكانیان دەیان كەلوپەلی دیكەی سەربازییان لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی عێراق و ناوچە كێشە لەسەرەكان جێگیركردووە.

شاخەوان عەبدوڵڵا راشیگەیاند، لە دوو رۆژی رابردووەوە هێزەكانی ئەمریكا، هێزە عێراقییەكانیان لەسەربازگەی كەی وەن ئاگاداركردووەتەوە، كە هێزەكانی ئەمریكا پێویستییان بە شوێنی زیاترە بۆ مانەوەیان لە سەربازگەكە، بۆ ئەو مەبەستەیش ئەمریكا سەربازگەی كەی وەن-ی لەپارێزگای كەركوك فراوانتركردووە و هێزی زیاتری رەوانەی ناوچەكە كردووە.

ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریش بوو ئەوەشی راگەیاند "جموجۆڵی هێزەكانی ئەمریكا بەتەنیا لە سنووری پارێزگای كەركوك نییە، بەڵكو ئەمریكا هێزەكانی خۆی لەبنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار زیادكردووە و لە چەند ناوچەیەكی شاری تكریت و ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سوریاش جموجۆڵی هێزەكانیان زیادتر بووە".

ئەمە لەكاتێكدایە 19ی مانگی رابردوو دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەسوریا راگەیاند، كە چوار ساڵە لەو وڵاتە شەڕی داعش دەكەن‌و بڕیارە هێزەكانیش لەسوریاوە بۆ عێراق بكشێنەوە.

هاوكات محەمەد كەماڵ سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوە ژیان لەئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، وتی: "ئێمە دەزانین ئەمریكا هێزی خۆی رەوانەی كەركوك كردووە و لە سەربازگەی كەی وەن جێگیری كردوون، بەڵام تا ئێستا نەمانزانیوە ئامانج لە هاتنیان چییە".

محەمەد كەمال وتیشی : "پێمان باشە هێزەكانی ئەمریكا دەگەڕێتەوە كەركوك، چونكە ماوەیەكە جموجۆڵی داعش لەسنوورەكە زیادیكردووە، ئەو هێزە عێراقییانەی لەسنووری كەركوك-ن ناتوانن جموجۆڵەكانی تیرۆریستانی داعش لەناوچەكە كۆنتڕۆڵ بكەن".

هـ ـ ح